سوریاش لەگەڵ ئیسڕائیل رێککەوت: ئەدی کورد…؟
23 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام رەفعەت
دوێنێ کیانەکەی سوریا رێککەوتننامەیەکی سەرەتایی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد و بووە ١٢مین وڵاتی عاڕەبی بۆ چوونە ناو کەژاوەی ئاشتی لەگەڵ نەوەکانی یەعقوبدا.
رێککەوتنامەکە، یەکێکە لەروداوە هەرە ناوازەکانی مێژوو. شایستەی ئەوەیە بچێتە کتێبی گینس و بخرێتە بەرنامەکانی خوێندنی وڵاتانەوە.
لەبەر ئەوەنا، کە رژێمەکەی جۆلانی لەهەناوی داعش و ئیخوان و بەعس و عەڕوبەدا هاتۆتە دەر…
لەبەر ئەوەش نا زۆرینەی سەرکردە و بنکردەی باندەکەی جۆلانی بە درۆی سڕینەوەی ئیسڕائیل لە نەخشەی جیهان فرچکیان گرتووە.
لەبەر ئەوەی، جاران ئیسرائیل سیاسەتی خاک بەرامبەر ئاشتی لەگەڵ وڵاتە عاڕەبییەکان پەیڕەو دەکرد .
بەڵام ئەمجارە پێچەوانە بۆتەوە…
جاران ئیسڕائیل خاکی دەدایە عاڕەبەکان بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێن و رێککەوتننانەی ئاشتی لەگەڵ واژۆ بکەن.
لە ١٩٧٩، بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئاشتی، ئیسڕائیل ٦٠ هەزار
کیلۆمەتر دوجا، رووبەرێک بەقەد وڵاتی کرواتیا یان گورجستانی، دایەوە بە میسر.
لە رێکەوتنی ١٩٩٤ لەگەڵ عەڕەفات، کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوای دایەوە فەلەستینیەکان.
لە ١٩٩٤ لەگەڵ ئوردندا بە هەمان شێوە.
بەڵام لە رێککەوتنەکەی ٦ی ژانیوەری لەگەڵ جۆلانیدا، ئەوە ئیسڕائیلە خاک لە کیانەکەی سوریا وەردەگرێت وەک بەرتیلێک تا رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ باندەکەی جۆلانیدا واژۆ بکات.
لە پێناو رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی جووەکاندا، کیانە دەسکردەکەی سوریا دەسبەرداری جۆلان و ئەو ٦٠٠ کیلۆمەتر دوجایەش بووە کە لەپارەوە ئیسڕائیل داگیری کردووە لەگەڵ سەروەری ئاسمانیش بەسەر پارێزگاکانی قونەیترە و دەرعا و گوندەواری دیمەشق.
لەم خاک بەخشینە بە ئیسڕائیل هەمووان عەڕڕاب و دەڵاڵ بوون، هەر لە بن سەلمانی سەعودیە و بنزایدی ئیمارات و بن عەبدوڵای ئوردن و بن حەمەدی قەتەر تا دەگاتە سوڵتانە دەغەڵەکەی ئەنقەرە.
تەنانەت سوڵتان داوای لە ترەمپ کردبوو رێگە بە تورکەکان بدرێت، بەشداری رێککەوتنەکە بن.
هەرچەند ئیسرائیل و ئەمریکییەکان رێگریان لەبەشداری تورکەکان کرد، هاکان فیدان خۆی گەیاندە پاریس ببووە سێبەری ئەلشەیبانی.
تورکەکان نیگەرانی ئەوە بوون ئیسڕائیل بەو ئۆفەرەی سوریەکان، خاک بەرامبەر ئاشتی رازی نەبن.
نیگەرانی گورگە بۆرەکانیش دیارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.
لای تورکەکان و پرۆکسە عاڕەبەکانیان لە باندەکانی جۆلانی ئەو قەناعەتە درووست بووە کە مانەوەی کورد و بەرێوەبەری خۆسەری رۆژاڤا پەیوەستە بە ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل.
ئەوان وایدەبینن ئەگەر ناتانیاهۆ بەهەر نرخێک بێت رازی بکەن لەگەڵ باندەکانی جۆلانی رێكکەوێت، ئەوا ترەمپ مسۆگەرە بۆ دەسبەرداربوونی ئیدارەی رۆژاڤا و شەڕڤانان.
لەراستیدا کۆبۆنوونەوەکەی دوێنێ فرۆشتنی لایەکی سوریا بوو بە ئیسرائیل لە پێناو کڕینی رۆژاڤا.
تا چەند سەردەگرێت، دیار نییە... بەڵام لەوە نادیارتر ئەوەیە کورد بۆ هەمان هەنگاو هەڵناهێنێت و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا نابەستێت ...؟
لە ٢٢ وڵاتی عاڕەبی ١٢وڵاتیان بەئاشکرا پەیوەندی و هاوپەیمانی و رێككەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.
میسر، ئوردن، مۆریتانیا، فەلەستین (دەسەڵاتی کەناری رۆژاڤا) ريککەوتنی ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە.
پەیوەندیەکانی ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سۆدان لەگەڵ ئیسڕائیل تا رادەی رێککەوتننامەی ئیبڕاهیمی، واتە تا رادەی هاودینی بەرەوپێش چووە.
سەعودیە، عومان و قەتەریش هەر لەبنەڕەتدا کێشەیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە تا ئاشت ببنەوە و وەک ئەمری واقیع و بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوپەیمان و هاوکار و دۆستی ئیسڕائیلن.
جگە لەو دەرزەنە وڵاتەی سەرەوە، هەریەک لە لوبنان رێککەوتنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆ کردووە و جەزائیریش ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە.
ئەوەی کەماوەتەوە هەندێک لەتە دەوڵەتی وەک یەمەن و عێڕاق تونس و لیبیایە.
تەنانەت لیبیاش لە ٢٠٢٣ هەوڵی دا لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بێتەوە سوڵتانی گورگەبۆرەکان لەبەرژەوەندیدا نەبوو و تێکیدا.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە لەناو ئەو گەلە گورگەدا کورد چاوەڕوانی چی دەکات...؟
هیچ کام لەو ١٢ وڵاتە مەترسی وجودیان لەسەر نییە.. کەچی ئەوان بەرژەوەندی وڵات و رژێمەکانیان خستۆتە سەرووی بەرژەوەندی هاوماڵ و هاوخوێن و هاوزمان و هاودینە فەلەستینییەکانیان...
ئەی کورد مەحەلی چییە لەو ئیعڕابەی عاڕەبەکاندا... لەکاتێکدا مەترسی وجودی و مان و نەمانی لەسەرە...؟
هەر بەڕاست چ ڕێگرییەک لەبەردەم کوردایە و چاوەڕوانی چی دەکات...؟
کەی بۆ یەکجاریش بێت کورد مانەوەی خۆی و بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خۆی دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی ئەو گەلە گورگانەی خەون بە ئیبادەکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی دەبینن...؟
