تورکیا: دەبێت هەسەدە و یەپەگە لە سوریا چەکەکانیان دابنێن
دوێنێ
ئەنقەرە ئاراستەی گوشارەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا توندتر دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی تورکیا هۆشداری دەدات کە دەبێت هەسەدە و یەپەگە خۆیان هەڵبوەشێننەوە و بێ مەرج چەک دابنێن، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لە نێوانیاندا.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە میانەی ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا پەیامێکی ئاراستەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و ڕایگەیاند، دەبێت ئەو هێزانە بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیای کرد و ڕایگەیاند: ئێمە بە دڵسۆزییەوە دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە ڕوو بدات، پێویستە پەکەکە و سەرجەم گرووپە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لەنێویاندا ئەوانەی لەنێو خاکی سووریان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدەن.
گولەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەرجی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەپەگە دانا و گوتی: دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
هەروەها جەختی کردەوە جارێکی دیکە وەبیرتان دەهێنمەوە کە ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادەین لە ناوچەکەدا ڕەگ دابکوتن، بەتایبەتی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە.
هاوکات لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی لە پاریس کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دیدارێکی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام داوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
