بەهۆی بۆردومانی گروپە چەكدارەكانی دیمەشق نەخۆشخانەی ئەشرەفییە بە تەواوی لە كاركەوت
دوێنێ
دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) بەرەو ئاڵۆزیی مەترسیدار دەچێت. شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا چڕ بوونەتەوە و بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە 50 کەس (7 کوژراو و 43 بریندار).
ئاژانسی هەواڵی "هاوارنیوز" بڵاویكردەوە: نەخۆشخانەی عوسمان لە گەڕەکی ئەشرەفیە بەهۆی بۆردومانی راستەوخۆی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی حکومەتی کاتی سوریاوە بە تەواوی لەكاركردووەو توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەماوە.
بەوتەی ئاژانسەكە، گروپە چەكدارەكان بە شێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە و بەنی زەید دەکەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكردووە: فیرقەی حەمزات و عەمشات، لیوای سوڵتان موراد و لیوای نورەدین زەنکی کە پشتیوانی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا وەردەگرن، بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گەرەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب بە هاوەن و تۆپخانە.
ئاخین نوجان، بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب وردەکاریی دەستپێکردنی شەڕەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی حکومەت دەستپێشخەریی شەڕەکە بوون. بە گوتەی ناوبراو، "لە ماوەی 24 کاتژمێردا 4 جار بە درۆنی خۆکوژ هێرشیان کردووەتە سەرمان".
نوجان ئاماژەی بەوە دا کە بۆردوومانەکان بەشێوەیەکی "کوێرانە" ئەنجام دەدرێن و بەبێ جیاوازیی نێوان خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکان، ناوچەکان بە ئامانج دەگیرێن. لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئاسایش فەرمانی "وەڵامدانەوەی توند"یان پێگەیشتووە و هێرشیان کردووەتە سەر دوو بارەگای گرووپە چەکدارەکان.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای خۆسەر و ئاسایشی ناوچەکە، ئاماری قوربانییەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەم شێوەیەیە:
کوژراوان: 6 کەس (لە ناویاندا ژن و منداڵ هەن).
برینداران: 44 کەس (29 پیاو، 3 ژن، 6 منداڵ و ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایش).
لەناو بریندارانی ئاسایشدا، ئەندامێک بەناوی "سەبری محەممەد عەبدولقادر" گیانی لەدەستداوە.
