دەمیرتاش بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان ساڵێک زیندانی دەکرێ

دوێنێ



میدیای تورکیا دەڵێت، لە دادگای تاوانی مێرسین سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی ئەوەی لە چەند وتارێکیدا لە ئامەد و مێرسین "سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا" کردووە.

بە تۆمەتی ئەوەی سوكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە، دادگای تاوانی مێرسین سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ و 15 رۆژ زیندانی بەسەر (سەلاحەدین دەمیرتاش)، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان دا سەپاند. 

دادگاكە لەسەر بنەمای چەند وتارێك سزاكەی سەپاندووە كە دەمیرتاش پێشترو لە ماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2016 لە ئامەدو مێرسین لە باكوری كوردستان پێشكەشیكردوون. 

دەمیرتاش لەكاتێكدا ئەم سزایەی بەسەردا سەپێندراوە، كە خۆی بە چەندین تۆمەتی جیاواز لە ساڵی 2016ـەوە لە زینداندایەو  بڕیاربوو لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد لەگەڵ هەزاران دەستگیركراوی سیاسی تردا ئازاد بكرێت. 

پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی حوكمی دادگای مێرسین بڵاوكردەوەو رایگەیاند" سزاكە دەستێوەردانێکی دادوەریی ڕوونە لە دژی ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتی دیموکراسی. سزادانی ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی پێکەوە ژیان و چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد دەکەن، بە ڕوونی پەسەندکردنی بێ یاسایی و نادادپەروەری نیشان دەدات".

"ئێمە بە تەواوەتی ئەو سزایە رەتدەکەینەوەو بە نایاسایی دەزانین.. هەر ڕێبازێک هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو کەسانە بدات کە بانگەشە بۆ ئاشتی دەکەن، بە ئاگادارییەوە ئاستەنگ لە ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی دادەنێت... جارێکی تر بە توندترین شێوە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ سەرجەم زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێن" راگەیەندراوەكەی (دەم پارتی) وا دەڵێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار