تولای حاتەم ئۆغوللاری: کاتی هەنگاونانی کۆنکرێتییە
دوێنێ
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری ڕایگەیاند، هیچ هەنگاوێک بۆ پێشوازیکردن لە چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکانی ئاشتی نەنراوە، ڕوو لە دەسەڵات گوتی: "پرۆسەکە بە ناڕوونی بەڕێوەدەچێت. ئاشتی پێویستی بە ڕاشکاوی و بوێری هەیە."
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لە پەرلەمان قسەی کرد و باسی پێشهاتەکانی کرد.
تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هیوادارن ساڵی ٢٠٢٦ بۆ گەلان ببێتە ساڵی ئاشتی، ئارامی، یەکسانی و ئازادی. تولای حاتەم ئۆغوللاری مامۆستای ڕاگەیاندنی ئازاد و نووسەر و ڕۆژنامەوان حوسێن ئایکۆلی بەبیرهێنایەوە و گوتی کە مامۆستا حوسێن تەنها لەنێوان تەڤگەری ئازادیی کورد و تەڤگەری شۆڕشگێڕانی تورکیادا پردێک نەبوو، لە هەمان کاتدا دارچناری ڕاگەیاندنی ئازاد بوو.
تولای حاتەم ئۆغوللاری بە بۆنەی ساڵیادی ١٠ـهەمین ساڵەوە پاکیزە نایر، سێڤێ دەمیر و فاتمە ئویاری بەبیرهێنایەوە، کە لە ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ـدا لە قەدەغەی هاتووچۆی سلۆپیدا شەهید کران. تولای حاتەم ئۆغوللاری ڕایگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵێکی پڕ لە ڕووداو بوو. بە بۆنەی ساڵی نوێوە تولای حاتەم ئۆغوللاری ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سری سورەیا ئۆندەری بەبیرهێنایەوە کە ساڵی ٢٠٢٥ گیانی لەدەستدا.
تولای حاتەم ئۆغوللاری تیشکی خستە سەر بوومەلەرزەکەی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٣ و گوتی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ، برینی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ساڕێژ نەکراوە و بانگەوازی لە بەرپرسان کرد کە کێشەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە چارەسەر بکەن. هەروەها داوا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانییانی دۆسیەی کۆبانێ و زیندانیانی سیاسی.
هەلومەرجی ڕەخساندنی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ
تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسە هەنگاوی سەرەکی مەرجی بەدیهێنایی هەلومەرجی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە و گوتی: "ئێستا هەموو پارتەکان ڕاپۆرتەکانی خۆیان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە. لێرە بەداوە دەبێت ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئامادە بکرێت. ڕاپۆرتێکی هاوبەش کە دەبێت خزمەت بە چارەسەریی بکات. هەروەها بەرپرسیارێتی کۆمیسیۆن ئەوەیە پرسی کورد لە زەمینەی شەڕوپێکدادن دووربخاتەوە و بۆ ئەوەش زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی ئامادە بکات. هەربۆیە دەبێت یاسای تایبەت بۆ ئەندامانی پەکەکە دابنرێت. دەبێت سیستەمی قەیومەکان کۆتایی بێت. یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەبێت جێبەجێ بکرێن."
'بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئیمرایالیزم تەڤگەرێکی ڕێکخستنی ئەنتەرناسیۆناڵ پێویستە'
وتیشی: "کاتێک لە پێشهاتەکانی جیهان دەڕوانین، دەبینین ئاشتی ناوخۆیی چەندە گرنگە. ئەمریکا یاسایی نێونەتەوەیی پێشێل کرد و هەڵیکوتایە سەر ڤەنزوێلا. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات لە داهاتوودا ئیمپرایالیزم دەگاتە چ ئاستێک. دەستگیرکردنی مادورۆ ئەوەی نیشان دا، هیچ دەوڵەت و سیاسەتمەدارێک سەلامەت نین. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئیمپرایالیزم تەڤگەرێکی ڕێکخستنی ئەنتەرناسیۆناڵ پێویستە".
'هێرشی سەر عەلەوییەکان قبوڵ ناکەین'
سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ سەر عەلەوییەکان تولای حاتەم ئۆغوللاری گوتی: "کۆمەڵکوژییەکان لە دژی عەلەوییەکان قبوڵ ناکەین. سەرەڕای ئەم کارانەی حکومەتی دیمەشق هەڕەشە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو حکومەتی ڕاگوزەریی دیمەشقەوە. بە ئیدارەی خۆبەڕێوەیی دەڵێن ڕادەست بن. ئەمە نە خوشک-برایەتییە و نە هۆشیارییەکی یەکسانییە. پەیامی سەری ساڵی بەڕێز ئۆجالان زۆر گرنگ بوو. دوای چەند کاتژمێرێک لە پەیامەکە وەزیری بەرگری هەڕەشەی لە ڕۆژئاوا کرد. ئەم پڕۆسەیە بە هەڕەشەکردن بەڕێوەناچێت."
'با باخچەلی بزانێت، زمانی هەڕەشە، ئاشتی هەرێمی لێ ناکەوێتەوە'
تولای حاتەم ئۆغوللاری وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە لە دژی قەسەدە کردبووی و گوتی: "بە مەهەپەش دەڵێین؛ زمانی هەڕەشە ئاشتی هەرێمی لەگەڵ خۆییدا ناهێنێت. کۆتایی هاتنی کێشەکانی سووریا بە دیموکراسییەوە پەیوەستە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حکومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. هیوای ئێمە ئەوەیە کە لەم کۆبوونەوانە چارەسەرێک سەرهەڵبدات. هەر وەک بەڕێز ئۆجالان وتی، دەبێت تورکیاش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت."
