بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
دوێنێ
بانکی ناوەندیی عێراق لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا، دڵنیایی دەدات کە نرخی فەرمی دەستکاری نەکراوە و هۆکاری گرانییەکەش بۆ بڕیارێکی نوێی گومرگی دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، دوای ئەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکبووەوە لە 147 هەزار دینار، بانکی ناوەندی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی فەرمی دۆلاردا نەکراوە بەهای هە دۆلارێک بە 1320 دینار جێگیرە.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بەرزبوونەوەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری فەرمی گومرگیی پێشوەختە دەگەڕێتەوە، کە ئەم بڕیارە وایکردووە بازرگانان بۆ خۆدزینەوە لە ڕێکارەکان، ڕوو لە بازاڕی ڕەش بکەن، ئەمەش خواستی لەسەر دۆلاری کاش زیاد کردووە و نرخەکەی بەرزکردووەتەوە.
بانکی ناوەندی عێراق جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی بازاڕ و هەر ڕێکارێک پێویست بێت دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەهای دینار و سەقامگیریی بازاڕ.
