ئیسرائیل و سوریا لەسەر چی رێککەوتوون و کامیان بەدەستی پڕەوە رۆشتەوە؟

دوێنێ



لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی

لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە. 

لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت.

شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو.

ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. 

پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە. 

لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران.

چۆن باسی هەسەدە کراوە؟

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور. 

سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار