ترەمپ: دەبوو ئەمریكا نەوتی عێراق لە دەستی خۆیدا بهێشتایەتەوە
دوێنێ
سەرەڕای شەرمەزاركردنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێك لە وڵاتانی جیهانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە کاراکاس ئەنجامدرا.
ترەمپ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (MSNBC)، جارێكی تر شانازیی بەو بڕیارەوە كرد كە دەریكردووە.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانی ڤەنزوێلا ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا دەگرێت.
راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٦دا وتوویەتی: دەبوو ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لەو کاتەدا دروستکرد، بەڵام دەبوو نەوتی عێراقمان لە دەستی خۆماندا بهێشتایەتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: جیاوازی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیداو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدەدات ئەوەیە، ئەمجارە ئەمریکا نەوتی ڤەنزوێلا لە دەستی خۆیدا دەهێلێتەوە.
