حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: بڕیارماندا پشتگیری خۆپیشاندانەکان بکەین و هەنگاوی کرداری بنێین
دوێنێ
هاوڵاتی
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کاری "هاوبەش و بەرهەمدار" ئەنجامبدەن بۆ بەهێزکردنی خۆپیشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێن، پێداگری لەسەر یەکهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنەکان دەکەنەوە.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی بڵاوکردەوە و تێیدا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێداگریان لەسەر "پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران" کردووەتەوە و سوورن لەسەر "هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی."
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی حزبی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوون.
دەقی راگەیاندراوەکە:
راگەیەندراوی میدیایی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەندکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕياری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیرئەوەڵی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کاک حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ سەرۆکایەتیی هەیئەتی حیزبەکەیان کردبوو.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران
١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦)
