گروپەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس هێرش دەکەنەسەر هەسەدە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هەسەدە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، لەئێستادا دوو گروپی سەر بە دیمەشق هێرشدەکەنە سەر شارۆچکەی دێر حافر لە حەلەب و بەدەستی ئەنقەست ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل بەئامانج دەگرن.
هەسەدە دەشڵێت، بە مافی خۆمانی دەزانین بەرگریی لە شەرڤانان و خەڵکی سڤیل بکەین دژی ئەم هێرشە ناڕەوایە، تا ئێستاش هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لەنێو هێزەکانماندا نەبووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەەسەدە) رایدەگەیێنێت، شاری دێر حافر رووبەڕووی بۆردوومانی هەڕەمەکی بووەتەوە و ماڵی هاووڵاتییان دەکرێنە ئامانج. دەشڵێت: "مافی رەوای خۆمانە بەرگری لە شەڕڤانان و گەلەکەمان بکەین."
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، ئێستا بۆردوومانێکی هەڕەمەکی بۆ سەر شاری (دێر حافر) هەیە لەلایەن گرووپەکانی "عەمشات" و "حەمزات"ـەوە.
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا ئەو دوو گرووپەی بە "سەر بە حکومەتی دیمەشق" ناوبردووە کە لە "لیستی سزاکانی نێودەوڵەتیدان" و دەڵێت: "بۆردوومانەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ماڵی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج و ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە "مافی تەواو و رەوای خۆی" دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە شەڕڤانان و گەلەکەی لە سایەی ئەو بۆردوومانانەدا.
سەبارەت بە زیانەکانیش رایگەیاندووە: "بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە ریزەکانی هێزەکانمان لێنەکەوتووەتەوە."
هەسەدە لایەنە هێرشبەرەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لەو "تاوان و پێشێلکارییانە" و هەر لێکەوتەیەک کە بەهۆیەوە دروست دەبێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە هەسەدە هەواڵێکی وەزارەتی بەرگریی سووریای رەتکردەوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر خاڵێکی پۆلیسی سەربازی لە دەوروبەری حەلەب تۆمەتبار کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی "پەرەسەندنە بەردەوامەکان" بۆ سەر خاڵەکانی سوپا، هێزەکانی هەسەدە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی سەربازییان لە نزیک شارۆچکەی (دێر حافر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دیمەشق، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سێ سەرباز بریندار بوون و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی سەربازیش تێکشکاون.
بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی هەڵبەستراو و گوماناوین."
هەسەدە دەڵێت، ئەمڕۆ هیچ جۆرە چالاکی، جووڵە، یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەو ناوچەیە نەبووە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە "دروستکردنی پاساوە بۆ هێرشکردن".
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوان پابەندن بە پرەنسیپی دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیارێتیی هەر دەرەنجامێک دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی بەیاننامەکەی دژیان بڵاوکردووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان رۆژی یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سووریا کۆبووەوە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکگرتنی سەربازی بوو.
رۆژی 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆکرد. دواتر لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکە پێکهێنا.
