هەسەدە راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاوکردەوە
دوێنێ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، بەهۆی بۆردومانی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ژمارەی قوربانییان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بۆ 7 شەهید و 52 بریندار بەرزبووەوە.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆردومان بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە بەردەوامە و گەمارۆیەکی توندیان خرابێتە سەر، بەجۆرێک رێگە بە چوونەژوورەوەی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان نادرێت، ئەمەش دۆخی مرۆیی دژوار کردووە و ژیانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، جوڵەپێکردنی هێز لە دەوروبەری گەڕەکەکان بەردەوامە و زیاتر لە 80 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی قورس جێگیرکراون، کە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری هێرشێکی بەرفراوان و فراوانبوونی بازنەی شەڕەکە لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
