دەم پارتى: دیمەشق دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرێت
دوێنێ
ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیەندراوێکی توندی لەبارەی هێرشەکانی سەر حەلەب بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەوەی روودەدات "ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنە" و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانە.
لە راگەیەندراوەکەدا دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، لە شەوی رابردووەوە حکومەتی دیمەشق بە تانک، تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و گەڕەکی بەنی زەید کە سریانی تێدا نیشتەجێن. بەپێی ئامارەکان 7 هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و 46ـی دیکەش بریندارن. لەم هێرشانەدا گروپەکانی "هەمزات، ئەمجات، سوڵتان موراد و نورەدین زەنگی" کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، بەشدارن.
دەم پارتی دەڵێت: "ئەم هێرشانەی حکومەتی دیمەشق هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر یەکپارچەیی سوریا، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنی 10ی ئازار و 1ـی نیسانی 2025، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چەکی قورسیان کشاندەوە و ئەمنییەتی گەڕەکەکانیان رادەستی ئاسایشی ناوخۆ کرد، بەڵام دیمەشق رێککەوتنەکە پێشێل دەکات و ژیانی 200 هەزار هاووڵاتی خستووەتە مەترسییەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە حەلەب دژی کورد دەکرێت، قورسترە لەو کۆمەڵکوژییەی دژی دروزەکان لە سوەیدا پیلانی بۆ دانرابوو".
دەم پارتی داوا لەو وڵاتانە دەکات کە نێوەندگیری دەکەن لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵات و حکومەتی دیمەشق، بەرپرسیارێتی "گەرەنتیکار" جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ رێگری لەم هێرشانە بکەن کە مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە تەواوی سوریا دروست دەکات.
لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە، تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، دیالۆگ و دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوبەشە لەسەر بنەمای مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا.
