ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە: بە تانک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکەمان

دوێنێ



هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب رایگەیاند، ئەو گەڕەکانە رووبەڕووی هێرشی تووند و گەمارۆیەکی سەخت بوونەتەوە، بەهۆی تۆپبارانەکانەوە چەندین سڤیل، لەنێویاندا ژن و منداڵ، بوونەتە قوربانی، ناوچەکە 5 مانگە لە سووتەمەنی بێبەشکراوە و دەروازەکان داخراون. جەختی لە بەرگریی خەڵک و پێویستیی پاراستنی سڤیلەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئەوان خوازیاری دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەن.

هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 06-01-2026 بەشداریی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لەبارەی دۆخی ئاسایشی دوو گەڕەکە کوردنشینەکە گوتی، "ئەمڕۆ کاژێر 11:30ی پێش نیوەڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی کرد. لەو هێرشەدا 4 کەس بەرکەوتن کە یەکێکیان شەهید بوو و سێیەکەی دیکەش بریندارن و برینەکانیان سەختە. هێرش بەردەوامن و شەڕی تووند هەیە. بە چەک و تانک هێرش دەکرێتە سەر ئەو گەڕەکانەی خەڵکی سڤیلیان لێیە. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە 17 کەس بریندار بوون کە لە نێویاندا منداڵی بچووکی دوو ساڵی و سێ ساڵی هەن. هەروەها ژنێکیش گیانی لەدەستداوە و تاوەکو دێ ژمارەی برینداران زیاتر دەبێت."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رایگەیاند، چەکدارانی گرووپەکانی عەمشات و حەمزات لە شامەوە چەکیان بۆ دەوروبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفییە گواستووەتەوە و گوتی، "چوار مانگە دەیانەوێ ئەم ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و کورد کۆمەڵکوژ بکەن. ئەوان دەیانەوێ جارێکی دی هاوشێوەی سەردەمی رژێمی بەعس وڵات بەڕێوەببەن. لە بەرامبەردا خەڵکی هەردوو گەڕەک پشتیوانییەکی باشی هێزەکان دەکەن. ئێمە جارێکی دی دەڵێین، ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە."

هێڤین سلێمان گوتی، هێرش و تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی هەردوو گەڕەک هەیە کە بە هەزاران سڤیل لێیان دەژین. هێڤین سلێمان رایگەیاند، هیچ کات نەیانویستووە ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام کاتێک هێرش دەکرێ، ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن.

هەر لەبارەی هێرشەکانەوە هێڤین سلێمان رایگەیاند، "ئەو هێرشانە دژی برایەتیی گەلان دەکرێنە سەر تەواوی ئەو پێکهاتانەی لە ناوچەکەدان دەژین. ژنیکی تەمەن 42 ساڵ بەناوی فاتیمە تۆپ بەر ماڵەکەی کەوتووە و شەهید بووە. نەوەک هەر کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەش کەوتوونەتە بەر هێرش و تۆپبارانەکە."

لەبارەی دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا هێڤین سلێمان گوتی، "دۆخەکە باش نییە، چونکە هەر 7 دەروازەی گەڕەکەکان داخراون. تەنیا یەک دەروازە کە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە حەلەب دەبەستێتەوە کراوەیە، ئەویش خەڵک تەنیا دەتوانن بە پیادەڕۆیی پێیدا بڕۆن. ئەوەش تەنیا بۆ پێویستیی رۆژانەی هاووڵاتیانە."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هەروەها رایگەیاند، ئەو گەمارۆدان و گوشارەی لەسەر دوو ئەو دوو گەڕەکە هەیە، هاوشێوەی گەمارۆی سەردەمی بەعسە. 

لەبارەی وێنەی دوو منداڵ کە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردنەوە، هێڤین سلێمان رایگەیاند، "ئەو دوو منداڵە لە گەڕەکی شێخ مەقسودن و لە ئەنجامی کەوتنی گوللەتۆپ بەسەر ماڵەکانیان بریندار بوون. تەمەنی یەکێکیان سێ ساڵ و ئەوەی دیکەش دوو ساڵە. لەو بۆردومانەدا دایکی یەکێک لەو منداڵانەش بریندار بوو کە برینەکەی قورسە."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە رایگەیاند، ئەو منداڵانە هیچ گوناهێکیان نییە و گوتی:"بەڕاستی هەمووان بەرامبەر رای گشتی بەرپرسیارن. لەکوێی جیهاندا هێرشی لەمجۆرە دەکرێتە سەر گەڕەکی سڤیلنشین؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی رێگە دەدات بە تۆپی قورس هێرش بکرێتە سەر شوێنێکی وەها؟ شتێکی وەها لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، هەربۆیە دەبێت هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. ئێمە دەڵێین سڤیل، منداڵ و ژن دەکوژرێن. خەڵکی سڤیل بەم زستانە سەختە بەهۆی گەمارۆوە ناتوانن پێویستیی خۆیان جێبەجێ بکەن".

هاوکات رایگەیاند، "ماوەی 5 مانگە سووتەمەنی ناگاتە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لەکاتێکدا 50 هەزار خێزان لەوێ دەژین."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە گوتی، "بێگومان لە بەردەوامبوونی هێرشەکاندا ئێمەش دەست و مستمان نەبەستراوە و بەرگری لە خۆمان دەکەین. لەبارەی دانوستاندنیش، ئێمە هەوڵدەدەین رێککەوتنی 1ی نیسان بهێنینە پێشەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو هێزە بێ سەروبەرەی گەمارۆی هەردوو گەڕەکەکەی داوە، دەست ناپارێزن. چەتەکانی عەمشات و حەمزات، ئەو هێزانەن کە لە عەفرین مافی خەڵک پێشێل دەکەن، ئێستا هەر ئەوان دەیانەوێ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هەمان شت دووبارە بکەنەوە."

هاوکات رایگەیاند، هەوڵی جیدی بۆ ئەوە هەیە کە خەڵکی ئەو گەڕەکانە ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن، بەڵام خەڵکەکە پشتیوانیی هێزەکانی ئاسایش دەکات و خاکی خۆی جێناهیڵێت. هاوکات هەمیشە چاویان لە رێگەچارەی ئاشتیانە و دیالۆگە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار