لەبارەى مووچهی مانگەکانی 11 و 12 پێشنیازێک دەدرێتە یەکێتی و پارتی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە چیتر دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچە فەوتاوەکانی ساڵی ڕابردووی نییە و چارەنووسی ئەو پارەیە پەیوەستە بە مەرجی لایەنە کوردییەکان لە حکومەتی نوێدا.
حیساباتی بودجەی ساڵی 2025 بە تەواوی داخراوە. سوودانی بە ڕاشکاوی بە شاندی یەکگرتووی ڕاگەیاندووە کە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوو لە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستادا نییە، چونکە تەخسیساتی دارایی نەماوە. تاکە دەرچە بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە، جێگیرکردنیەتی لە یاسای بودجەی 2026 و مەرجکردنیەتی لەسەر سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی شاندی یەکگرتوو لە بەغدا بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سوودانی پێی وتین چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەم حکومەتە ناکرێت و دەبێت لە بودجەی 2026 حەل بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موسەننا ئەمین گوتی: سوودانی پێشنیاری کرد پارتی و یەکێتی لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ناردنی ئەو دوو مووچەیە بیکەنە مەرج لەسەر سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ ئەگەر نەیانکردە مەرج، ئەوا خۆیان بەرپرسیارن."
سوودانی کە خۆی یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی یەکگرتوو یاداشتی فەرمییان لەسەر کێشەی کۆچبەرانی لیبیا و گەنمی جووتیاران پێشکەش کردووە و بەڵێنی داوە فڕۆکەی تایبەت بۆ کۆچبەرەکان تەرخان بکات و ڕێکارە داراییەکانی گەنمیش خێرا بکات. بەڵام لە دۆسیەی مووچەدا، هەموو شتێکی بەستەوە بە "بودجەی 2026" و "ئیرادەی پارتی و یەکێتی".
