سوریاو ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا لە پاریس دانوستان دەكەن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت) لەزاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلییەوە ئاشكرایكرد، وەفدێكی باڵای ئیسرائیل لە پاریس لەگەڵ حكومەتی سوریا دانوستان دەكات.
ئەم رۆژنامە ئیسرائیلییە ئاشكرایكردووە، وەفدی ئیسرائیل سەرۆكی نییەو، ئەندامەكانی بریتین لە:
رۆمان گۆڤمان- سكرتێری سەربازی سەرۆك وەزیران و كاندیدی پۆستی سەرۆكی (مۆساد)؛ وەكو لایەنی ئەمنی لەناو وەفدەكەدا دانراوە
یحیئیل لیتر- باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن؛ وەكو پەیوەندیكاری ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریكا لەناو وەفدەكە دانراوە
گیل رایخ – كاربەڕێكەری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی؛ بۆ هەماهەنگیی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەناو وەفدەكەدا دانراوە
هاوكات سایتی (ئەكسیۆس)ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلی و سەرچاوە ئاگادارەكانی ترەوە پشتڕاستیكردەوە، وەفدی ئیسرائیل و سوریا لەسەر ئاستی باڵا رۆژی دوو شەممە لە پاریس كۆدەبنەوە.
وا باسدەكرێت وەفدی سوریا لەلایەن (ئەسعەد شیبانی) وەزیری دەرەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و، (تۆماس باراك) نێردەی ئەمریكاش بۆ سوریا ئەركی نێوەندگیری دەبێت لە دانوستانەكەدا.
ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە هیچ یەكێك لە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لە هیچ میدیایەكەوە دەركەنەوتوون و ئەمەش مشتومڕی سەبارەت بە سەلامەتییان دروستكردووە.
