ئێران: هیچ بەزەییەکمان بەرامبەر ئاژاوەگێڕان نابێت
2 ڕۆژ لەمەوپێش
موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند، ئەمجارە هیچ بەزەییەکیان بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕان نابێت و دەسەڵاتی دادیی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هاوکار دەبێت بۆ دەسنیشانکردن و بە سزا گەیاندنی ئاژاوەگیڕان.
موحسینی ئێژەیی، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دادگای پارێزگاکانی وڵاتەکە ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل پاڵپشتی خۆیان بۆ ئاژاوەگێڕان ڕاگەیاندووە، کەواتە دیارە کێ لە پشت پەردە و هۆکاری دروستبوونی دۆخەکەیە و بۆیە ئەوانەی ئاسایش و ئارامی ئێران تێکدەدەن، ڕەحمیان پێناکرێت.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی، کەسانێک هەن ڕەنگە لەسەر شەقامەکان نەبن، بەڵام لە پشت پەردەوە پاڵپشتی ئاژاوەگێڕان دەکەن ئەوانەش دەدۆزینەوە. موحسینی ئێژەیی داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، ئەگەر گومانیان لە هەر کەسێک هەبوو کە بە نیازی ئاژاوەگێڕیی بوو، دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە.
قسەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان، هێزە ئەمنییەکان لە زۆربەی شارەکان بڵاوەیان پێکراوە سەدان کەس دەستگیرکراون.
