راوێژکاری خامنەیی بۆ ترەمپ: ئاسایشی ئێران هێڵی سوورە بۆ یاریکردن نابێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە پێنچ رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران، شەش خۆپیشاندەر کوژران، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانس یمیهری ئێرانی، 12 ئەندامی بەسیج و سوپای پاسدارن بریندار بوون.
بەڵام خۆپیشاندەران بە هەنگاویان راگەیاندووە، ژمارەی کوژرا و بریندار وز ۆر لە ژمارانە زیاترە.
هەر ئەمرۆ لە بەخاكسپاردنی "ئەمیر حوسامی خودادیاری" ئەو گەنجەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی كوردستان، کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، هێرشکرایە سەر هێزە ئەمنییەكان.
عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی لە وەڵامی پەیامەکەی ترەمپ: خەڵکی ئێران لە قسەی تۆ تێدەگات، کە باسی رزگاری کردن دەکەیت، نمونەی عێراق و ئەفغانستان، غەزەمان بینیوە.
وتیشى: هەر دەستوەردانێک لە ئاسایشی ئێران بکرێت، زۆر بە توندی وەڵام دەدەینەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران: ئەگەر ئێران خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی وڵاتەکەی بکوژێت، ئەمریکا ئامادەیە بۆ رزگارکردنیان. ئێمە خۆمان پڕچەک کردووە و ئامادەین.
قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن.
خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە.
سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی.
نرخی تمەن لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستی بە دابەزینی گەورە کردووە، بەڵام ئەم دابەزینەی مانگی 12 داڕمانێکی مێژووی نرخی تمەن بوو، بە خۆرێک لە ساڵی 2018 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر یەک ملیۆن 500 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 13 هێندەی ئەو کاتەیە و گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلار.
