بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار شەش مەرج دیاریکرا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانى عێراق شەش مەرجى بۆ کاندیدى سەرۆک کۆمار دیاریکرد، ئەوەش دواى کردنەوەى دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکە کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیەنراوێکى پەرلەمان بە پشتبەستن بە ماددەکانى (2 و 3)، لە یاساى ژمارە هەشتى ساڵ 2012 تایبەت بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، دەرگاى خۆکاندیدکردن دەکرێتەوە بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر کەسێک دەیەوێت داواکارى پێشکەش بکات، دەتوانێت لە رۆژانى چوارشەممە و یەکشەممە و دووشەممەى داهاتوو، داواکارى پێشکەش بکات، مەرجەکانیش بریتین لە:
1-لەدایکبووى عێراق بێت لەدایک و باوکێکى عێراقى
2-شایستەبێت و 40 ساڵى تەواوکردبێت
3-دەستپاک و دادپەروەر و دڵسۆز بێت بۆ نیشتیمان
4-لانى کەم خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت
5-بەتاوانى شەرەف سزا نەدرابێت
6-رێوشوێنەکانى لێپرسینەوە و دادوەرى نەیگرێتەوە
هەیبەت حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى سێشەممە دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، پێکهێنانى لیژنەیەکى بۆ وەرگرتنى داواکارى بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار راگەیاند.
کردنەوەى دەرگا بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دابەشبوونى گەورە لەنێوان هێزە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى دروستبوو، بەو هۆیەشەوە شاخەوان عەبدوڵا کاندیدى پارتى لەدوو خولى هەڵبژاردن شکستیهێنا بەرانبەر رێبوار کەریم کاندیدى رەوتى هەڵوێست، تا لە خولى سێیەمدا و دواى گۆڕینى شاخەوان عەبدوڵا بە فەرهاد ئەتروشى، پارتى پۆستەکەى بەدەستهێنایەوە.
بەنگین رێکانى ئەندامى شاندى پارتى دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، ئەو پڕۆسەیە کاریگەرى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دەبێت، "کاتێک جەوێکى ئیجابى دروستدەبێت لەنێوان لایەنەکان".
بەوتەى رێکانى، بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى پێش بەڕێوەچوونى خولى سێیەمى دەنگدان پەرلەمانتارانى حیزبەکەى ئاڕاستەکردووە کە دەنگ بە کاندیدى پارتى بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەنگین رێکانى وتى پڕۆسەى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆک کۆمار هێشتا ماوە و لەئاستى سەرکردایەتى پارتى باس دەکرێت.
