دەم پارتی: با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی و دیموکراسی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بە پەیامێک سەری ساڵی نوێیان پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند، با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتیی و دیموکراسی و یەکسانیی بۆ هەمووان، هیوامان گەورەیە و ئیرادەمان هەیە، ڕۆژانی خۆش نزیکن، ئێمە پێکەوە ئەو ڕۆژانە بوونیاد دەنێین.
هەریەکە لە تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی بە بۆنەی سەری ساڵی زایەنییەوە پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هیوای ئاشتی، خوشک و برایەتییان بۆ هەموو گەلان خواست.
پەیامەکەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی بۆ ساڵی نوێ بەم شێوەیەیە:
“بە ئومێدێکی بەهێزەوە پێکەوە دەچینە ناو ساڵی نوێ، ئەو ساڵەی کە بەجێمان هێشت سەخت بوو؛ شەڕ و نادادپەروەرییەکانی ناوچەکەمان زۆر ماندووی کردین، بەڵام وانەکانیشی زۆر بوون: ئێمە هێزمان لە یەکتر وەرگرت، بەهای پێکەوەبوون و گرنگی باوەڕبوون بە ئاشتیمان جارێکی دیکە بینی، ئێستا سەیری پێشخۆمان دەکەین، ساڵێکی نوێ، سەرەتایەکی نوێ، دەمانەوێت هەم لە تورکیا و هەمیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووان لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، ئەمە تەنها تەمەنێک نییە، لە هەمان کاتدا ئەمە بەڵێنی کارەکانی ئێمە و پێکهێنانییەتی.
ئێمە پێمان وایە هیچ کێشەیەک نییە کە بە قسەکردن، گوێگرتن و لەیەکتێگەیشتن چارەسەری نەکەین، لە کێشەی کوردەوە تا کێشەکانی گۆڕەپانی ڕەنج، لە مافی ئازادیی ژنانەوە تا ئایندەی گەنجان، بۆ هەر کێشەیەک پێکەوە گەڕانە بەدوای چارسەردا، وەکو دەم پارتی بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین بۆ سیاسەت و چارەسەرێک، کە کەس لە دەرەوە نەهێڵێتەوە و هەموو کەسێک لە باوەش بگرێت، ئێمە هەمیشە لەلایەنی ڕەنجدەری، یەکسانی و دادپەروەریدا دەمێنینەوە، چونکە دەزانین ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە وڵاتێکدا بەدی دێت، کە هەمووان یەکسان و ئازاد بن.
با ئەم ساڵە نوێیە ببێتە ساڵی ئاشتی و دیموکراسی و یەکسانیی بۆ هەمووان، هیوامان گەورەیە و ئیرادەمان هەیە، لە دڵ و گیانەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە سەرجەم گەلانمان دەکەین، ڕۆژانی خۆش نزیکن، ئێمە پێکەوە ئەو ڕۆژانە بونیاد دەنێین.”
