دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرایەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، هەنگاوەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى نوێ دەستیان پێکرد. هەیبەت حەلبووسى سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ ماوەى سێ ڕۆژ دەرگاى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار کردەوە.

حەلبووسى ڕاشیگەیاند، فراکسیۆنى چوارچێوەى هەماهەنگى یاداشتى خۆى وەک گەورەترین فراکسیۆن لە ئەنجوومەنى نوێنەران پێشکەشکردووە و دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت.

لەو بارەیەوە هەیبەت حەلبووسى- سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى نوێنەران گوتی" یەکەم وادەى دەستوورى بریتییە لە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و جێگرەکانى، بەگوێرەى دەستوور و دەسەڵاتەکان و بەپشتبەستن بە ماددەى دوو و سێ لە یاساى ژمارە هەشتى ساڵى 2012 و حوکمەکانى بەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، کردنەوەى دەرگاى خۆبەربژێرکردن ڕادەگەیەنین بۆ پۆستى سەرۆککۆمار بۆ ماوەى سێ ڕۆژ، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنى نوێنەران پێکهێنراوە بۆ وەرگرتنى داواکارییەکانى خۆ بەربژێرکردن بۆ ئەم پۆستە گرنگە".

بەگوێرەى ماددەى 72 بڕگەى دووەم لە دەستووریی هەمیشەیی عێراق دەبێت لە ڕێکەوتى یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەران و دواى هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و لە ماوەى 30 ڕۆژدا دەبێت هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆمارى نوێ بکرێت.

هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار:
ماددەى 72/2:

لە یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە بۆ ماوەى 30 ڕۆژ هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆمار دەکرێت

هەروەها بەگوێرەى ماددەى 76 بڕگەى یەکەم لە دەستوور، لە ڕۆژى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى نوێ، لەماوەى 15 ڕۆژدا سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت.

ڕاسپاردنى سەرۆکوەزیران:
ماددەى 76/1:

لە ڕۆژى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و لەماوەى 15 ڕۆژدا سەرۆکوەزیران ڕادەسپێردرێت

سەرۆکوەزیرانیش بەگوێرەى ماددەى 76 بڕگەى دووەم لە دەستوور، ماوەى 30 ڕۆژى لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنى کابینەى نوێى حکومەت بە ئەنجوومەنى نوێنەران و متمانەپێدانى.

پیکهێنانى کابینەى نوێ

ماددەى 76/2

سەرۆکوەزیران لەماوەى 30 ڕۆژدا کابینەى حکومەت پێشکەش دەکات
ئەگەر وادە دەستوورییەکانى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و پێکهێنانى حکومەتى نوێ لەکاتى خۆیاندا جێبەجێبکرێن، تاوەکو 75 ڕۆژى دیکە واتە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا هەنگاوە دەستوورییەکان تەواو دەکرێن و عێراق دەبێتە خاوەنى حکومەتى نوێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار