ڕووسیا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئۆکرانیا دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند سەرجەم ئەو 91 درۆنەی ئۆکرانیایان تێک شکاندوون کە بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی پووتین ڕەوانە کرابوون. لای خۆیەوە ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕووسیا بە دوای پاساودا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ.
ئەم ڕووداوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ. هەڕەشە ڕاستەوخۆکەی لاڤرۆڤ بۆ تۆڵەسەندنەوە، نیشانەی ئەوەیە ڕەنگە ڕووسیا هێرشێکی فراوانتر ئەنجام بدات. لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا و تۆمەتبارکردنی ڕووسیا، ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی لاوازتر دەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کردەوەی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، بێوەڵام نامێنێتەوە و دەڵێت: ئەمە 'تیرۆری دەوڵەتی'یە و ئامانجەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە دیاری کردووە.
لاڤرۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا لە گفتوگۆکان ناکشێتەوە، بەڵام دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی مۆسکۆ دەکەنەوە.
لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: مۆسکۆ بەم قسانە پاساو دەهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ.
ڕووداوەکە لە ڕۆژانی 28-29ی کانوونی یەکەمدا بووە و ئامانج لێی کۆشکی سەرۆکایەتی بووە لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد. تا ئێستا ڕوون نییە کە لە کاتی هێرشەکەدا پووتین لە کۆشکەکەدا بووە یان نا.
