نزیكەی (5) هەزار هاوڵاتی عێراقی چوونەتە ریزەكانی سوپای روسیا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



حسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەغداد بە وردی چاودێری وەرگرتنی عێراقییەکان دەکات لە ناو سوپای روسیا.

عەلاوی، لە لێدوانێكدا بە كەناڵی "الحدث"ی راگەیاند: كەمتر لە (5) هەزار عێراقی چوونە ناو ریزەكانی سوپای روسیاوە. 

وتیشی: ناتوانرێت ژمارەی وردی عێراقییەکان لە سوپای روسیادا دەستنیشان بكرێت و بەغداد سەبارەت بەم بابەتە داتا لەگەڵ روسیا ئاڵوگۆڕ دەکات.

ئاشکراشی کرد، عێراق لەگەڵ مۆسکۆ ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە پەیوەندیكردنی عێراقییەکان بە ریزەكانی سوپای روسیاوە.

پێشتر فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند: یاسای عێراق سزای زیندانیکردن دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێک  بەبێ مۆڵەتی فەرمی حکومەت بچێتە ناو هێزی  چەکداری وڵاتێکی ترەوە.

حكومەتی روسیا لەڕێی كۆمەڵێك كۆمپانیای تایبەتەوە هەوڵی راكێشانی گەنجان دەدات بۆ ریزەكانی سوپاو رەوانەكردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ لە ئۆكرانیا، لەڕێی فریودانیان بە پارەی زۆرو پێدانی رەگەزنامەی وڵاتەكەی، بە تایبەت لەو ناوچانەی كە بێكاریان تیادا بڵاوە، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجەكانی بە تایبەت لە ناوەڕاست و باشور، لەڕێی ئەو كۆمپانیایانەوە چوونەتە ناو ریزەكانی سوپای روسیا، كە تەنانەت هەندێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی دۆزینەوەی هەلی كارەوە گەنجانی عێراقیان بردووە بۆ روسیاو دواتر رەوانەی بەرەكانی جەنگ كراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار