ئەو ژنەی جارێکی دیکە بووەوە شانازی بۆ کورد

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لەیلا زانا، سیمبولی ژنی کوردی ئازا و ماندوونەناس

ئامادەکردنی هاوڵاتی 

مێژووی لەیلا زانا پڕیەتی لە شکۆ، ئازایەتی و خۆبەدەستەوەنەدان. ئەو ژنە کوردەی لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگێکی دلێرەوە بە کوردی قسەی کرد و کۆتایی سوێندخواردنەکەی وەک پەرلەمانتار بە کوردی بوو، لە سەردەمێکدا کە قسەکردن بە کوردی لە کوچە و کۆڵان و ماڵەکانیش قەدەغەبوو. مێژووە پرشنگدارەکەی لەیلا زانا دوورودرێژە و ناچینە نێو رووداوەکانی رابردوو، بەڵکو باسی دواین هێرش دەکەین کە کرایەسەری.

رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە یاریی نێوان بورسا سپۆر و سۆما سپۆر لە هەفتەی 16ـی خولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا لە شاری مانیسا، هاندەرانی بۆرسا سپۆر دەستیانکردند بە قسەی ناشرین، سوکایەتی و جنێودان بە لەیلا زانا، کە بەشێکی زۆری هووتافەکانیان هوتافی رەگەزپەرستانە بوو. 

هەر ئەوەش نا، بەڵکو وێنەی ئۆتۆمبێلێکی سپییان بەرزکردەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلە لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەکان نیشانەی فڕاندن و کوشتنی هاوڵاتیانی کورد بوو لە باکووری کوردستان.

کاردانەوەکان چی بوون؟
هەر زوو بڵاوبوونەوەی ئەو دروشمانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە، یەکەم کاردانەوەش لەلایەن دەمپارتییەوە بوو کاتێک سەرهەت ئرێن، پەرلەمانتاری پارتەکە گوتی، ئەم جۆرە دروشم و قسانە وڵات زیاتر بەرەو دابەشبوون دەبات. دوای ئەویش پەروین بوڵدان، لە هەمان پارت و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی گوتی، لەیلا زانیا شەرەفی ئێمەیە و تەواو.

پارتە تورکییەکانیش هەڵوێستیان هەبوو
ئینان ئەڵپ، پەرلەمانتاری ناسراوی جەهەپە، دروشمەکانی بە رەگەزپەرستانە وەسفکرد و داوای لێپێچینەوەی کرد.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی جوڵانەوەی پارتی نەتەوەیی (مەهەپە)ش کاردانەوەی هەبوو، کە بۆ بەشێک لە شەقامی تورکیا جێی سەرسامی بوو کاتێک گوتی: ئەم جۆرە زمانی قسەکردنە خزمەتی یەکڕیزی تورکیا ناکات.

پاش هەفتەیەک لە رووداوەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاند، دروشمەکانی یارییەکە خراپ و ناشرین بوون. فیدراسیۆنەکە بە بڕی 16 هەزار لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی  372دۆلاری ئەمریکی سزای یانەی بۆرسا سپۆری دا، بەڵام هەر دوای بڕیارەکە دەمپارتی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کەمە و دەبێت دروشمەکان بە رەگەزپەرستانە بناسێنرێن نەک بە "خراپ و ناشرین."

ئەوەی لایەنگرانی لەیلا زانای نیگەران کرد، قسەیەکی محەممەد گوربان، پەرلەمانتاری ئیپارتی بوو، کە گوتی، ئێمە بۆرسا سپۆر لەو سزایە دەپارێزین، پێکەوە لەڕێی هەژمارێکی بانکییەوە کۆمەک بۆ یانەکە کۆدەکەینەوە.
بەڵام ئامەد سپۆر، کە یانەیەکی  کوردی باکووری کوردستانە، لە کاردانەوەی رووداوەکان بڕیاریدا یەکەم یارییان، کە دوێنێ ئەنجامدرا، هاتنە ژوورەی ژنان بێبەرامبەر بێت و لەیلا زاناش لە یارییەکە ئامادە بوو. هەر لەوێ لەیلا زانا پێشوازییەکی شاهانەیی لێکرا و هەمووان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ دەکرد، ئەمەش جارێکی دیکە ئازایەتی و کۆڵنەدانی ژنە دلێرەکەی باکووری کوردستانی سەلماند و هەر وەک خۆی دەڵێت: کورد وەک ئاگر وایە، ئەگەر بە میهرەبانییەوە لێی نزیک ببیتەوە گەرمت دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بە خراپی و دڵرەقی نزیک ببیتەوە دەتسووتێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار