زێلێنسکی: ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، زێلێنسکی ڕایگەیاند، "ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت".

شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش رۆیشتنی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، دوایین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەریدەخات کە ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.

زێلێنسکی دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی ڕووسیا کە بە هۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژرا، گوتی،"ئەوان هەوڵدەدەن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئازاری زیاتر بە ئۆکرانیا بگەێنن و فشارەکانیان لەسەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان زیاد بکەن".

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕووسیا لە شەوێکدا بە نزیکەی 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و کەرتی وزە و ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا کراوەتە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکرانیا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەگەر ڕووسیا تەنانەت ماوەی کریسمس و سەری ساڵیشی کردبێتە سەردەمی وێرانبوونی خانوو و شوقە سووتاو و وێستگە داڕماوەکانی کارەبا، ئەوا پێویستە بە ڕێوشوێنی بەهێزی ڕاستەقینە ڕووبەڕووی ببینەوە، هاوکات داوای لە ئەمریکا و ئەوروپا کردووە فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا لە بارەی ڕاگرتنی هێرشەکانەوە زیاتر بکەن.

ئەم قسانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە وابڕیارە یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، کۆبوونەوەیەک لە بارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا ئەنجام بدەن.

لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ" سەبارەت بە لووتکەی ڕۆژی یەکشەممەی مار ئالاگۆ گوتی: " سەرۆکی ئۆکرانیا هیچی نییە بۆ ئەوەی من پەسەندی بکەم، بۆیە دەبینن چی دەبێت". 

ترەمپ جەختی کردەوە ئەو "بڕیاردەری کۆتاییە" لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و ئاماژەی بەوەش کرد هەر دەستپێشخەرییەک بەبێ ڕەزامەندی ئەو "بێ بەهایە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی "ڕۆیتەرز" و "فرانس پرێس"، کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پرسە خاکییەکان کە گەورەترین بەربەستن لەبەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ.

پلانە پێشنیازکراوەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت:

ڕاگرتنی جەنگ لەو شوێنەی ئێستا هێزەکانی تێدایە. هەروەها فشارخستنە سەر ئۆکرانیا بۆ کشانەوە لە بەشەکانی دیکەی ناوچەی دۆنێتسک کە نزیکەی %20ـی خاکەکەی پێکدەهێنێت، بەگوێرەی داواکارییەکانی ڕووسیا. لەگەڵ پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان (ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا) بۆ گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە زێلێنسکی پێشتر پلانە نوێکراوەکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە.

 لە بەرامبەردا ڕووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی کیێڤ گرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار