ڕێبەر ئۆجەلان: با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی نەوەک شەڕ

2 كاتژمێر لەمەوپێش



پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەیامی ڕێبەر ئاپۆی بەبۆنەی سەری ساڵەوە بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا تیشک دەخرێتە سەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا.

پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەری ساڵ بەم جۆرەیە:

"با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی، نەوەک ساڵی شەڕ

پێ دەنێینە نێو ساڵێکی نوێوە، دیسانەوە ناچارین بەبیری خۆمانی بهێنینەوە، چۆن لە سەدەی ڕابردوودا، هێرشە ئیمپریالیستییەکان و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم، پێکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان خستە نێو شەڕ و ئاژاوەی دژوارەوە. ئەم شەڕە ڕێگەی بۆ وێرانکاریی و داڕمانی کۆمەڵایەتی خۆشکرد. ئەو تایفەگەریی و ناسیۆنالیزمە نەژادییەی ئەمڕۆ هەرێمەکەی داگرتووەتەوە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مێژووە نزیک و پڕ ئازارە. بەداخەوە، ستراتیژی "پەرتکە و زاڵبە"ـی سیستەمی هەژموونخواز هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.

ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە پێشنیارمان کردووە، تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکوو ناچارییەکی مێژووییە. گەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی باش بۆ ئەم دیدگایە هەبێت، ئیتر ڕێ لە شەڕ و پێکدادان دەگیرێت و هەموو نەتەوەکان دەتوانن بەشێوەیەکی یەکسان و ئازاد پێکەوە بژین. سەرهەڵدانی یەکێتیی گەلان، دەبێتە دژەژەهری شەڕ و پێکدادانەکان. لەم سەردەمەدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی کەوتووەتە ئەستۆمان: پێویستە ڕێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و ئاکامە کارەساتبارەکانی بگرین.

قووڵبوونەوەی قەیران و ناکۆکییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامێکی حەتمییە بۆ گەیشتن بە بنبەستی شارستانییەتی دەوڵەتی زۆردار و دەسەڵاتخواز کە هەزاران ساڵە درێژەی بە خۆی داوە.  

پرسی کورد چەقی ئەم قەیرانانەیە. چارەسەری ئەم پرسەش تەنها بە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنێکی دیموکراتیک دێتەدی. پرسەکە بە شەڕ و پێکدادان و ڕێبازی سەربازیی و ئەمنی چارە نابێ، بەڵکوو لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک چارەسەر دەبێت کە ئیرادەی هەموو گەلان بەبنەما بگرێت، ڕوانینی لەم شێوەیە بۆ پرسەکە، گرنگییەکی ژیانیی هەیە.

لەبیرمان نەچێت، تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، هەرگیز ڕێی تێ ناچێت. تا کێشەی زیهنیەتی پیاوسالاری چارەسەر نەکرێت، کەلتووری شەڕ کۆتایی نایەت و ئاشتی درێژە ناکێشێت. هەر بۆیە ئازادیی ژنان،  وەک بنیاتنەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگر دەبینم.

ڕەوشێکی پڕ لە ئاژاوە سووریای گرتووەتەوە. ئەم ڕەوشە بە ڕوون و ڕەوان پێویستی بە چارەسەری دیموکراتیکە. ئەو زیهنیەتی حکومڕانییەی کە ساڵانێک لەسەر بنەمای پاوانخوازیی و فشار و نکۆڵیکردن لە ناسنامەکان بەردەوام بوو، چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت؛ ئەمەش خواستی یەکسانی و ئازادیی کورد و عەرەب و عەلەوی و هەموو گەلانی بەهێزتر کردووە. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکرا، ئەو داواکارییانەی لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا خراونەتەڕوو، گوزارشتە لە مۆدێلێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ خۆبەڕێوەبردنی هەموو گەل و نەتەوەکان. هەروەها ئەم نزیکایەتییە دەبێتە بنەمایەک بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی دەربارەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێخۆشکەرە بۆ خێراکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە.

زۆر گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا کارئاسانی و ڕێخۆشکەریی بکات بۆ بەرەوپێشچوونی دیالۆگ. ئەمە بۆ ئاشتیی هەرێمەکە و پتەوکردنی ئاشتیی ناوخۆییش چارەنووسسازە.  

مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزۆریی مێژووی "شۆڕشی نێگەتیڤ"ـە. مێژووی شەڕ و زۆرداری و نکۆڵی و وێرانکاریی... لە بەرانبەر ئەمەدا، ئێمە "شۆڕشی پۆزەتیڤ" پێشنیاردەکەین. واتە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئەخلاقی. ئەو ئاشتییەی پێداگریی لەسەر دەکەین، دەرئەنجام نییە، بەڵکوو دەسپێکێکی نوێیە. تێکۆشانی ماف و دادپەروەریی و دیموکراسی لەنێو کەشوهەوای ئاشتییانەدا، دەبێتە مایەی سڕینەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی و تووڕەیی، دەرگای ژیانێکی نوێ بەڕووی هەموواندا دەکاتەوە.

بەم تێگەیشتنەوە، بەهیوام ساڵی نوێ لەبری شەڕ و وێرانکاری و دابەشبوون، ببێتە ساڵی لێکتێگەیشتنێکی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئیرادەی بنیاتنانی ئاییندەیەکی هاوبەش بۆ هەموو گەلان.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی و ئاییندەیەکی دیموکراتیک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. سەری ساڵ لە گەلانی تێکۆشەر و هەموو دۆستان پیرۆزدەکەم.

بەهیوام ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەند بۆ تەواوی گەلەکەمان بهێنێت، سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم.

ئەم سەردەمە بە ئازادیی ژنان بەهێزتر دەبێت، گەلان لەنێو ئاشتییدا و بەشێوەیەکی دیموکراتیک یەکدەگرن.

٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥

عەبدوڵا ئۆجالان

ئیمراڵی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار