ساڵەکان و کوردەکان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەلید عومەر

ڕەنگە بتوانین چەمکێک درووستبکەین بەناوى "دەروونناسیی نادیارى", کە گوزارشت لە دۆخى مرۆى کورد بکات وەک تاک و کۆیش. دەروونناسییەک کە هەم لە داهاتووى نادیارى تاک و کۆ بکۆڵێتەوە, هەم پەیوەندیی نێوان ئەو دووانەش. نادیارى و گومبوون لەناو ململانێى سرووشت و مێژوو, ساڵى ساردسارد لەدوامانەوە جێدەهێڵێت. ئێمە زوو زوو لە مێژوو خاڵى‌دەبینەوە. کۆتاییەکانى ساڵ, سەرەتاى ساڵێکى نادیارى تریشە. هەڵبەت ئەمە خۆى ناواخنى کارى گەورەترە کە لە نوسینێکى سەرەتایی ئاوادا جێى نابێتەوە. ئەوەى لێرەدا بەسەریدا دەڕۆین, هەندێک برووسکەى خێرایە کە لە کۆتایی ساڵێکى ترى زاینى دا هەستى پێ دەکەینەوە.

ساڵەکان, ژمارە بن یان نا؛ دێن و دەڕۆن. لە کۆتایی هەر ساڵێکەوە مرۆڤى ئێمە لە خۆی دەپرسن "من کێم؟", "ئێمە کێین؟". ئەم پرسیارە خۆى بەگشتى لە یەخەى مرۆڤ نابێتەوە, هەتا کۆتاییەکانیش هەر بەردەوام دەبێت, پرسەکە پرسى شوناسە. هەرکەى وتت من کێم, بزانە "قەیرانى شوناس" سەریهەڵداوەتەوە. قەیرانى شوناسیش, قەیرانى سەرتاپێى تەمەنە, ئیدى چ تاک و چ کۆمەڵگاش. مرۆڤەکان بە یەک جار وەڵامى کۆتایی ئەو پرسیارە وەرناگرنەوە, چونکە ژیان پرۆسەیە؛ ئەگەرى گۆڕانکارى هەیە, ئەوەى جێى دێڵیت دەبێتە "ئەزموون", ئەزموونیش شتێکە بەردەوام خۆراکى لێوە وەردەگریت (بەڵام مرۆڤەکان لە کۆتایی ساڵدا بە خەمێکەوە دەڵێن ساڵێکى تریش چووە سەر تەمەنمان, کە فشارى سرووشت و سایکۆلۆژیایەکى نادیارى بەکۆمەڵیش هۆکارە و تەواوکەرى یەکترن). 
ئەى تاک و کۆ کامیان سوود لە ئەزموون وەردەگرن؟

لە ئاستى تاکەکەسدا, لە پەروەردەى کۆنى حوجرەدا, بە مناڵى شتانێکیان فێردەکردیت بۆ ئەوەى بۆ ژیانى داهاتووت ببێتە ئەزموون. هەژار موکریانى لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: لە حەوت‌ساڵى، "بوستان" و "گوڵستان"ـى سەعدیی شیرازییان فێردەکردین و دەیانگوت "لە حەفتا ساڵى تێى دەگەن". واتە ئەوەى سەرەتا بە دەرسى تیۆرى دەیخوێنیت, ژیان بە ڕێگاى پراکتیک تێت دەگەیەنێت و بەرزونزمییەکانیت پیشاندەدات. هەر لە کۆندا ئەمە بۆ ئاستى کۆ و کۆمەڵیش وا بوو. 

دەبوو گەلان سوود لە جەنگ و وشکەساڵى و دۆستایەتى و دوژمنایەتیى میلەتانى تر وەربگرن. بەڵام لە دونیاى نوێدا, ڕەهەندێکى تر زیادیکردووە کە "نەفیى دووجا"ـى خوێندنەکەى حوجرەیە, بەڵام بۆ کۆى کۆمەڵگا: ئەویش بریتییە لە پلان و نەخشەى پێشوەخت بۆ ساڵانى داهاتوو. بۆ زلهێزان, ئەم پلانە دەشێت بۆ چەندین دەیە دابڕێژرێت و لەوەش پتر بڕوات. بۆ میلەتانى "پاشەڕۆژ-نادیار"ـى وەک کورد, ساڵەکان زیاتر لە ڕیزبەندییەکى سرووشتییەوە نزیکترن تا مێژوویی. شتەکان دەدرێنە دەستى سرووشت, دەستى نادیار. نوێبوونەوەش پتر لە نەورۆزدا دێتەوە کە پێشوەختە سووڕێکى سرووشتییە. باقیی چارەنووس, گەردوون خۆى دەیگێڕێت. ساڵى کوردییش بەرامبەر ساڵى زایینى, دیسان نۆستالیژیایە. بەهارەکەش, هەڵماندەماڵێت وەک لەوەى بمانشارێتەوە. لە کۆنیشەوە هەمان بونیاد وەک خۆى دووبارەبووەتەوە و کورد خۆى دەڵێت: بە ڕۆژە ڕۆژە, ساڵمان بردەسەر/ ئەوا بەهارە پشتمان کەوتەدەر. کاتى ڕاستەهێڵى یاخۆ نیمچەڕاستەهێڵى, و کاتى خولى دەکەونە بەرامبەرى یەکترەوە.

ئەم سووڕانەوە سرووشتییەى کورد بە دەورى خۆیدا, وایکردووە چارەنووسى تاکەکەشى جیا بێت لە چارەنووسى تاکى میلەتان. تاکى کورد, بەرهەمى تاکگەرایی نیە؛ لە مافەکانى تاکبوونیش سودمەند نیە, بەڵکو پتر تاکێکى دابڕاوى بێ‌مافە بێ هیچ پشتیوانییەکى یاسایی و حکومى و دەوڵەتى. بۆیە ئەم تاکە, نمونەیەکى پەتییە بۆ "دەروونناسیی نادیارى". بەڵام ڕەهەندى کۆ لە کورددا هێشتا بەهێزە. لە ڕووداوەکانى چەمچەماڵدا دەرکەوت کە کۆ لە تاک بەهێزترە, کە ئەمەش تەنیا پەیوەندیی بە سۆسیالیزمێکى ساکار یاخۆ هەرەوەزییەکى سەرەتاییەوە نیە؛ بەڵکو دوو مەترسیی سەرەکییشى هەیە: ١) تاک وەک بوونەوەرێکى پارێزراو بوونى نیە ٢) خەڵک بەشێوەیەکى هەڕەمەکى جێى حکومڕانییەکى دادپەروەر دەگرنەوە کە زۆرجار گەراى پشێوى و زەلیلکردن و کۆنەپارێزییشە. ڕووداوێکى سرووشتیی وەک لافاو, بیرخەرەوەى پێگە سرووشتییەکەى یاسایشە لە کۆمەڵى کوردەوارى دا کە پتر ڕێکەوت, ئاوارتە, چاوەڕواننەکراو, سرووشت‌ڕەفتار, و جاروبارەشە. کۆمەڵگاش لاسایی پشێویی سرووشت دەکاتەوە. شتى تاک, عادەتەن لە دیاردە سرووشتییەکانیشدا هیچ نرخێکى نیە.

ساڵەکان بەپێى "دەروونناسیی ناديارى", تاکەکەس وەکو باوانە دێرینەکانیان دەترسێنن؛ چونکە هێشتان چەمۆڵەى سرووشت زاڵە. تاک لە سرووشتەوە نزیکترە تاوەکو جڤاتێکى مێژوویی و مرۆیی و یاسایی. هاوکات گوتار, کە دیاردەیەکى ڕاگوزەرترە, جێى مێژوو دەگرێتەوە. "ساڵ" دەبێتە یەکەیەکى سەرەکی تێیدا. هەر ساڵێک دەشێت گوتارێک بێت و بڕوات. گوتار, لە دونیاى کورددا پتر لە "یاساى نەنوسراو"ـەوە نزیکترە. بگرە ڕیشەى ئەم گوتاربازییە بۆ کورد, لە ڕابردووى خۆیدا ڕاشکاوانە دەرکەوتووە. ڕیشەى گوتار بۆ کورد, زیاتر لە "وتى‌وتى"یەوە نزیکە. گوتار کە هەر لە وتن و وتارەوە هەڵکشاوە بۆ چەمکێکى فیکرى, بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ "وتى‌وتى". شتەکان تا ئاستى "وتى‌وتى" دەڕۆن و دەوەستن. تەمەنیان لەوە کورتترە سەربکێشن بۆ دەوڵەمەندییەکى مێژوویی. برەوى میدیاش لە کن ئێمە, هەر خۆراکى خۆى لەو "وتى‌وتى"یە خامەوە وەردەگرێت. کۆنتریش ئەم "وتى‌وتى"یە, ڕیشەیەکى جێندەریی درابوویە و دەوترا: "وت‌وت ژنان, کوشت کوشت پیاوان". ژن کرابووە بکەرى ژێرەوانێکى گوتارى توندوتیژى. کرابووە میدیایەکى سرووشتى و زارەکیی جڤاتى ساکارترى ئەودەم. پێدەچێت ئێستا پتر توندوتیژییەکان پارچەپارچەتر بووبن و هیچى تر. بە دەربڕینێکى تر بیڵێین: لە نادیارى دا, توندوتیژى خۆى نابینرێت, باجەکەى زیاتر دەبینرێت.

سەرەنجام, ساڵەکان هەر وەک پێوەر دەمێننەوە. بەڵام بەراورد بە دوو دەیەى پێشوو, بوونەتە پرۆسە, لێشاو, ڕووبارێکى کاتمەند. واتە ئاوەڵکارە کاتییەکانى وەک پار و پێرار و بەسر پێرار, گۆڕاون بۆ پەڕینەوەیەکى خشکەیی؛ یان پەشێوییەکى سرووشتی. بۆ دیوە سرووشتییە هەرسنەبووەکەى ئێمەش وەک کورد, دیسان دەچێتەوە پەیوەندى لەگەڵ دیاردە تەکنۆلۆژییە تازەکاندا؛ بەڵام ئەوەى لەژێرەوە هەر دەمێنێتەوە و کاردەکات, لە تەکنۆلۆژیا بەهێزترە: ئەوەى پەیوەندییە مرۆییەکانمان دادەڕێژێت, هەر پەیوەندیی بە مرۆڤەکانەوە هەیە؛ بەڵام چەندە خۆمان لە ئاژاوەى سرووشت پاککردووەتەوە. بگرە لە هەندێک شوێندا, دۆگم و دەمارگیری و کۆنەپەرستییەکان توندتر دەکاتەوە. لە شوێنى تردا, مەودا ناهێڵێت, بەڵام شتى تریش لێک نزیک دەکاتەوە. لە جێى تریشدا, مرۆڤ (یان ئەوەى لە دونیاى فیکردا پێى دەوترێت سوبێکت) تەواو پەرش دەبێتەوە, بەڵام هێشتاش هەر مرۆڤە و لە چاوتروکانێکدا دیوە سرووشتى و کەلتورییەکەى خۆى زەقدەکاتەوە. هەروەها پێموایە تادێت "ڕێژەى حزوور" گرنگى وەردەگرێت, ئەوە ڕێسا کۆنەکەى جیهانە, چەندە حزوورت بە شتێک ببەخشێت, ئەو شتەش هێندە حزوورى خۆیت پێ دەبەخشێت. ئەمە هەزاران ساڵ لەناو سرووشتدا وا بووە و دواتر کەلتور گرتوویەتیە خۆى. ساڵەکان, بڕى جیاجیاى حزوورى ئێمەشن لەم جیهانەدا, چ تاک بین یان کۆ, چ کورد بین یان نا. 

لەم هاتوچۆیەى سرووشت و تەکنیکدا, هەستمان بۆ کات و ڕابردوو هەر دەمێنێت. لە خەیاڵى زانستى دا "گەشتى-کات" هەیە, بەناو کاتدا گەشتدەکەیت بۆ ڕابردووى دوور. بەڵام ئێمە لەناو کەلتوریشدا, ئەم گەشتە لەڕێى کەسایەتییەکانەوە دەکەین. نەمانتوانیوە بۆ نمونە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستدا بژین, بەڵام دەتوانین بەر ئەو کەسە بکەوین کە ڕەنگوبۆى ئەو قۆناغەى هەڵگرتووە. ئەمە ڕێسا گشتییەکەیە و بۆ کۆى مرۆڤایەتى ڕاستە. بۆ کورد بڕێک جیاوازترە: ئێستاش ئێمە کە "قەڵاى دمدم" دەخوێنینەوە, ساڵەکانى نێوانمان دەبنە هەڵم و بە هەوادا دەچن. خێرا لەمسى کات و ڕابردووەکە دەکەین. پەیوەندییە ئۆرگانییەکە لەوە بەهێزترە کە وێناى دەکەین. وەک‌بڵێى پەیوەندى لەگەڵ مردووەکاندا ئاسانتر دەڕەخسێت تا زیندووەکان. هێشتا سفرکردنەوەى ئێستا خۆشترە لە خودى ئێستا. بەڵام سەرەنجام: بۆ ئەوەى سرووشت لەخۆماندا مێژووییتر و عەقڵانییتر بکەینەوە, پێویستمان بە ڕەخنەى ستراتیژییشە لە خۆ. پرۆژەى تیۆرییم دیوە ویستوویەتى خێرا و ڕاستەوخۆ ئەم سرووشتیبوونە کوردییە یەکسەر مێژوویی‌بکاتەوە, هەموو بۆشاییەکان پڕبکاتەوە؛ بەڵام سەیردەکەیت گەراى فاشیزمێکى تیۆریی داناوە- ئەویش بۆ خەڵکێک کە ئاسان فاشیست نابنەوە, دەرهەقى یەکتر نەبێت!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار