خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژئاوای ئێران دەڵێن: ناڕەزایەتیەکان لە سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە و بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون.
سەعید پووراڵی، جێگری پارێزگاری لوڕستان سەبارەت بە ئاڵۆزى و خۆپیشاندانەکانى شارەکەیان و کوژراو برینداربوونى چەند کارمەندێکیان، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى دەدوێت.
سەعید پووراڵی ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانى سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە، بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی بژێوی ژیان هێڵی سوورە بۆ حکومەت، بەرپرسانیش چەندین جار جەختیان لەسەر نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە کردووەتەوە، حکومەت دەنگی هاوڵاتیانی بیستووە و ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.
باسی لەوەشکرد، بەشێک لە قەیرانی ئابووری ئێستا بۆ ئەو فشاری دوژمنان لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ناڕەوا درووست بووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، گرووپی ئەبو فەزڵ لە لوڕستان لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کوژرانى ئەمیر حسام خودایاری فەرد ئەندامی بەسیجیان بڵاوکردەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان لە چەند شاری ئێران پەرەى سەندندووە و بە هۆی خراپی دۆخى ئابووری هاوڵاتیان و بەرزبوونەى بەهاى دۆلار و بێکارییەوە.
جێگاى ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکانى ئێران بە گولە ڕووبەڕوى خۆپیشاندەران دەبنەوە و دەستگیریان دەکەن، لە بەشێکى ئەو شارانەى خۆپیشاندانى تێدایە، دووکان و بازاڕەکانیان پێ داخراوە و هێزە ئەمنییەکان هەرکەس لە دەرەوە ببینن دەستگیرى دەکەن.
