سەرچاوەیەک: مالیکی سازش بۆ سوودانی ناکات 

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکناکەون. گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی عەبادی دەڵێ، نووری مالیکی سازش بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناکات و سوودانیش بە رێگەچارەی دیکە رازی نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2025، بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتوو لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو بەربژێری سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران هەن، کە محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکیین.

بەها ئەعرەجی گوتی: "سوودانی و مالیکی خاوەنی گەورەترین هێزی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بۆیە گونجاو نییە کە هیچکام لەو دووانە نەبنە بەربژێر و کەسێکی دیکە دیاری بکرێ."

لەبارەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران، ئەعرەجی گوتی: "دیاریکردنی بەربژێر لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەبێت، ئینجا بە سازان و رێککەوتن بێت یان دەنگدان."

بە‌ها ئەعرەجی گوتی: "ئێستا چاوەڕێی برا کوردەکانمانین بۆئەوەی پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە، بۆئەوەی ئێمەش دوای ئەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر سەرۆکوەزیران بدەین."

هاوکات عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت: "دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رێککەوتن و سازان دەبێت، نەوەک دەنگدان."

فەتلاویش زانیارییەکەی بەها ئەعرەجی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "دیارترین دوو بەربژێر بەڕێز نووری مالیکی و بەرێز سوودانیین. ئەوان چانسی زیاتریان هەیە بۆ بوونە سەرۆکوەزیران."

سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات بە رووداوی راگەیاند، حەیدەر عەبادیش بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. زوبێدی گوتی: "مالیکی و سوودانی خۆیان لەلایەن حیزبەکانیانەوە بەربژێر کراون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەڕێز عەبادی وەک رێگەچارەی ناوەند لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێشنیاز کراوە."

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر گوتی: "نە مالیکی ئامادەیە سازش بکات و رازی بێت کە سوودانی ببێتە سەرۆکوەزیران، نە سوودانیش بەو رێگەچارە ناوەندییە رازییە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازی کردووە، بۆیە ئەگەر هاوکێشەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، رەنگە جگە لەوان کەسێکی دیکە هەڵبژێردرێ کە بەهێزترینیان حەمید شەترییە." حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقە. 

دوێنێ سێشەممە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە و بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 15 رۆژدا پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێ، دوای ئەوەش سەرۆککۆمار فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ رادەسپێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار