عەلی شەمخانی: بە توندی وەڵامی هەر دوژمنكارییەك دەدەینەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلی شەمخانی، راوێژكاری رابەری باڵای ئێران، دەڵسَت: هەر دوژمنكارییەك روبەڕوی وەڵامێكی توند دەبێتەوە، توانا موشەکی و بەرگرییەكانی ئێران لەناونابرێن و پێویستمان به مۆڵەت و رێگه پێدانیش نییە.
ئەو لێدوانەی شەمخانی داوای ئەوەهات، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: بیستومە ئێران هەوڵی بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكانی دەدات، ئەگەر ئەوەبكەن جارێكی تر لەناوی دەبەینەوە.
هاوكات وتیشی: ئەمریکا کراوەیە بۆ دانوستان بەتایبەت دوای لەناوبردنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.
پێشتریش ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند: وڵاتەکەی چاودێری جموجۆڵەکانی ئیسرائیل دەکات و ئامادەیی خۆی بەهێزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: هەر سەركێشەیەكی نوێ روبەڕوی وەڵامێکی زۆر توندتر لە جەنگی دوانزە رۆژە دەبێتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ئسیرائیلیەكان پێشبینی دەكەن ناتانیاهۆ هەوڵی رازیکردنی ترەمپ بدات هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەن بە مەبەستی لەناوبردنی بەرنامە موشەکییەكەی.
