سبەی لە ۲٥ پارێزگای ئێران کرایە پشوو
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکان دژی کێشەی ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بۆ سێیەم ڕۆژ بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە لە تاران و شیراز بازاڕەکان داخران و سبەی لە ٢٥ پارێزگا کرایە پشوو.
ئەمڕۆ ڕژێمی ئێران بڕیاریدا لە ۲٥ پارێزگادا پشووی فەرمی ڕابگەیەنێت، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان حکومەت خەریکی دۆزینەوەی ڕێکارە بۆ ئارامکردنەوەی خەڵک.
بەرپرسانی ڕژێمی ئێران هۆکاری ئەم پشووە گشتییەیان بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما و دابینکردنی وزە گەڕاندەوە، بەپێی بڕیارەکە هەموو فەرمانگەکان، دامەزراوە حکومییەکان، خوێندنگەکان، زانکۆکان و بانکەکان لە پارێزگای تاران داخران، تەنها ناوەندە تەندروستییەکان و فریاگوزارییەکان لەم بڕیارە بەدەرکراون.
کارگرووپی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە لە تاران وتی: ئەم بڕیارە بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی پەستانی گاز و بڕانی کارەبا دراوە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بەکارهێنانی وزە کەم بکەنەوە، لە هەمان کاتدا زانکۆکان ڕایانگەیاند کە تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێن و پشووەکە نایانگرێتەوە.
ئەم هەنگاوانەی ڕژێم لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەهۆی خراپی باری دارایی زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە، تادێت بازاڕ و شوێنە گشتییەکان زیاتر دەخرێنە ناو مانگرتنەکانەوە.
