لە داواکردنی ئازادییەوە بۆ داواکردنی نان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار خەڵکی ئێران دژی حکومەت هەستان

ئامادەکردنی هاوڵاتی 

قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن.

خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە.
سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی.

نرخی تمەن لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستی بە دابەزینی گەورە کردووە، بەڵام ئەم دابەزینەی مانگی 12 داڕمانێکی مێژووی نرخی تمەن بوو، بە خۆرێک لە ساڵی 2018 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر یەک ملیۆن 500 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 13 هێندەی ئەو کاتەیە و گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلار.

تەنانەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی تمەن بەرامبەر 100 دۆلار نزیکەی هەشت ملیۆن بوو، بەڵام ئێستا شەش ملیۆنی دیکەش لەبەرامبەر بەهای دۆلار دابەزیوە.
سەرەتا خۆپیشاندەران نیوەڕی یەکشەممە گەیشتنە گۆڕەپانەکان و پۆلیسی ئێرانیش لەوێ ئامادەبوون، خۆپیشاندەران دروشمی "دۆلار بەرزبووتەوە، حکومەت لە کوێ خەوتووە"ـیان دەگوتەوە، بەڵام بە گوێرەی هەواڵیکی پێگەی بی بی سی فارسی، ئەو دورشمانە زۆری نەخایاند، پۆلیس و یەکەی تایبەت بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی  خۆپیشاندەران بوونەوە.

بەڵام ئاژانسەکانی ئیرنا و فارس کە سەر بە حکومەتی ئێرانن بە "ئاژەوەگێر" ناویان دەبەن و دەڵێن، ئەو کەسانە ویستویانە ئاسایشی بازاڕەکە تێکبدەن، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ رێگرییکردن لە ئاژەوە دەستوەردانیان کردووە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەم دەستوەردانەی پۆلیس  زۆری نەخایەند و هەمان شەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە کۆڵان و شەقامەکانی تارانەوە سەری هەڵدایەوە و ئەمجارە ژن و گەنجانیش بەشدارییان کرد.

خۆپیشاندانەکان بۆ رۆژی دواتر فروانتر بوو، بە جۆرێک شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، هەمەدانیشی و کرماشانیشی گرتەوە، حکومەتی ئێرانیش  هەنگاوێکی بەپەلەی نا و سەرۆکی بانکی ناوەندی محەمەد فەرزینی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و عەبدولناسر هیمەتی خستە شوێنی.

ئێوارەی هەمان رۆژ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکی ئێکس دا رایگەیاند، داوام لە وەزیری ناوخۆ کردووە گوێ لە داواکاری خۆپیشاندارەن بگرێت ، بۆ ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین.

سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت و سەرۆککۆمار خۆپشاندانەکان بەردەوامن و خوێندکارانی زانکۆ هاتوونەتە نێو خۆپیشاندەران وهێزە ئەمنییەکانێش چوونە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی میدیای ئیلنا، خۆپیشاندان لە 10 زانکۆی وڵاتەکە دەستیپێکردووە.

هەرچەندە بەهۆی پچرانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە زانیارییەکان وەک خۆیان ناگەنە میدیا جیهانییەکان، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوی هەنگاو، هیچ حاڵەتێکی کوشتن تۆمارنەکراوە، بەڵام دەیان کەس بەهۆی دار و گازی فرمێسکڕێژەوە بریندار بوون و سەدان کەسیش دەستگیرکراون.

ئەمە یەکەمجارە لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، خەڵکی وڵاتەکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دوای ئەوەی لەو کاتەدا کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروستبوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئیسرائیل. خۆپیشاندانەکان لەکاتێکدایە کە مەترسی ئەنجامدانەوەی هێرش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران هەیە، چونکە چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری بە تاران داوە و دەڵێت: ئەگەر بەنیازی بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بن ئەوا دووبارە لێیان دەدەین.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئێران بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی بە خۆپیشاندەران داوە، بەڵام هێشتا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، داواکارییەکانیان لە رۆژی یەکەمدا تەنها داواکاری ئابووری بوو، بەڵام ئێستا لە هووتافەکانیاندا دەسەڵاتی ئێران و عەلی خامنەییان بەئامانج گرتووە، بەشێکیشیان داوای گۆڕینی رژێم و گەڕانەوەی دەسەڵاتی شا دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار