لەچەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار دەستپێدەکات
3 كاتژمێر لەمەوپێش
یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق ئاشكرایدەكات: بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار دەستپێبکات، دەشڵێت: لایەنی ئەمریكی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات لەسەر داوای ئەحمەد شەرع.
سلێمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سوریا راگەیاند: پابەندین بە سەروەری دەوڵەتی سوریاو چالاککردنی دامەزراوە سەروەرییەکان لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
وتیشی: سوریا تەنیا بەرگەی یەک سوپایە دەگرێت كە پێکهاتەی هەمەچەشنی هەبێت، رەنگە ئەفسەری زۆر لە وەزارەتی بەرگری سوریا ببینین ئەوەش بەپێی ئەو لێكگەیشتنانەی پێی گەیشتووین.
سەبارەت بە پرسی سامانە سروشتییەکانیش، لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات، وتى: بۆ هەموو سورییەكان بەردەست دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە، بەشێک لە داهاتەكانیشی بۆ ئەو ناوچانە تەرخان دەکرێت کە لێی دەردەهێنرێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکی زۆر لەگەڵ تورکیا هەیە، جەختی لەسەر خواستی خۆیان كردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە لە رێگەی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی سوریاوە.
