رژێمەکەی تاران شەوی تار بەڕێدەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

رژێمەکەی کۆماری سێدارە دوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی بەسەختی تێپەڕاند.
 
سەختییەکە لە ٢٨ی دیسەمبەر، بە کۆبونەوەی نزیکەی ١٠٠ دوکاندار، یان وەک خۆیان دەڵێن “بازاڕی”  دەستی پێکرد.

هەر زوو بازاڕیەکانی ناوەندە بازرگانیەکانی دیکەی تاران بەو ناڕەزایەتیەوە پەیوەست بوون، کۆبوونەوەکە بووە خۆپیشاندانێکی فراوانی هەزاران کەسی.

رۆژی دواتر خوێندکاری زانکۆکانی تاران و دواتریش هەشت زانکۆی شارەکانی دیکە بە بازاڕیەکانەوە پەیوەست بوون.

لە دەسپێکدا ناڕەزایەتی بازاڕیەکان رەهەندێکی ئابووری هەبوو و دژی داڕمانی بەهای تومەن و هەڵاوسانی ئابوری و سەختی ژیان و ناسەقامگیری بازاڕ بوو.

بە پەیوەست بوونی خوێندکارانی زانکۆ، خۆ پیشاندانەکان لە خواستی هەندێک چاکسازی ئابووری و جێگیرکردنی نرخی تومەن گۆڕا بۆ خواستی سیاسی.

هەر زوو مەرگ بۆ دیکتاتۆر، بووە هوتافی خۆپیشانەکان و کۆبوونەوەی بازاڕیەکان لە نارەزایەتیەکی سەرپێی بووە خۆ پیشاندانی فراوان و گەییشتە شارە گەورەکانی دیکەی کیانە داگیرکەرەکە.

چوار شەوە تاران بێدارە. بانگی مەرگ بۆ دیکتاتۆر لەهەموو کون و قوژبنێکی ئەم پایتەختەی داگیرکاری و دیکتاتۆریەدا دەبیسرێت.

تاران لەم بێدارییەدا بەتەنیا نییە…
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان گەیشتۆتە دە شاری دیکە، کە زۆربەیان  فارس نشینن، لەوانەش شیراز و مەشهەد و زنجان.

جگە لە کرماشان، باقی شارەکانی کوردستان تا ئێستا تەماشا کەرن. باشتر وایە لەم قۆناغەدا هەروا بمێننەوە، چاوەڕوان بکەن خۆ پیشاندانی فارسە داگیرکەرەکان بەکوێ دەگات.

جارێ دیار نییە، خۆپیشاندانەکان بە کوێ دەگەن. ئەوەی دیارە بێتوانایی کۆماری ئیسلامیە لە کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندانەکان.

ئەم بێتواناییە زیاتر لەوەدایە، خوێنڕشتن و کوشتار باشترین ئامرازی دەسەڵاتدارانی کیانە فاشیستەکەیە بۆ کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان.

بەڵام ئەم کوشتار و خوێنڕێژییە تایبەتە بە کورد و بەلوج و گیلاکی و عاڕەب و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەیە و کەمتر نەتەوەی سەردەست، فارسەکان، دەگرێتەوە.

لەم چوار رۆژەی خۆپیشاندانە هەزاران کەسییەکەی هەموو شارە فارسنشینەکاندا، تا ئێستا هیچ کوشتن  یان بریندار بوونێکی وای خۆپیشاندەران تۆمار نەکراوە. 

پەنا نەبردنی دەسەڵاتدارانی کیانە فاشیەکە بۆ زەبر و زەنگ و کوشتار وادەکات کە بەردەوامبوون و نەبوونی خۆپیشاندانەکان  بکەوێتە سەر میزاجی خەڵکی ناڕازی ئەم شارانە.

بەڵام بەگشتی، نەتەوەی سەردەستی فارس بێ ئومێدە لە توانای رژێمەکەیان لە ئەنجامدانی هەرجۆرە چاکسازییەکی ئابوری و باشتر کردنی دۆخی ژیانیان.

ئەم بێ ئومێدییەی عەجەمەکان بەگشتی و تارانی و مەشهەدیەکان بەتایبەتی، جۆرێک ئومێدی بە چاودێران بەخشیوە، کە ئەم ناڕەزایەتیانە درزێکی گەورەتر بخاتە نێوان فارسەکان و رژێمەکەیان.
 
هەندێک چاودێر ئومێدیان لەسەر خاڵێکی گرنگ هەڵچنیوە: ئەمجارە بازاڕییەکانن خۆپیشاندان دەکەن.

هۆکاری ئەم ئومێدەش ئەوەیە، بازاڕییەکان بەگشتی و ئەوانەی تاران بەتایبەتی، پایەی سەرەکی مانەوەی رژێمە داگیرکەرەکەی تارانن.

بازاڕییەکان بە دوو شێواز هۆکاری مانەوەی ئەو رژێمە بوون. 

یەکەم، پشتیوانی بەردەوامی دارایی و ئەمنی ئەو رژێمە بوون هەر لەیەکەم رۆژی هاتنە سەرکاریەوە لە ١٩٧٩، تا ئەمڕۆ.

تەنانەت زۆر چاودێر پێیان وایە کە ئەوە بازاڕیەکان بوون کە رۆڵیان هەبوو لە هاتنە سەر کاری رژێمی ئاخوندەکان لە دوای روخانی رژێمەکەی شا.

دووەم،
بازاڕییەکان هەمیشە وەک “بەفە زۆن” یان ناوچەی لێکدابڕاندنی رژێم و چینە هەژارەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بوون. 

ئەوان بەردەوام ناڕەزایەتیەکانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگایان دژی دەسەڵات هەڵمژیوە و رێگربوونە لە بەرییەککەوتنی دەسەڵات و ئەو چینە کەمدەرامەتانە.

ئێستا بازاڕییەکانی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر خۆیان دژی هەمان دەسەڵات هاتوونەتە مەیدان کە ٤٦ ساڵە هەم یەکتری دەپارێزن و هەم مانەوە و بەرژەوەندی یەکتریش.

کورت و کرمانج، شەڕ کەوتۆتە ناو ماڵی داگیرکەر، ناو نوخبەی بازاڕی و باندەکانی دەسەڵات. 

ئەگەر ئەم ناڕەزەیانە لەشوێنێکیشدا بوەستن، هێشتا هەر گورزێکن و لە بەدەنەی کۆماری داگیرکەری ئێران و کاریگەریەکانی لەدرێژماوەدا دەردەکەون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار