ئێران: بەتوندی ئیدانەی دوژمنكاری ئەمریكا دەكەین بۆسەر ڤەنزوێلا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوژمنكاری ئەمریکای بۆ سەر ڤەنزوێلا ئیدانە دەكات و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێسا بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتییە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە: مافی رەوای ڤەنزوێلایە بەرگری لەسەروەری نیشتمانی و سەلامەتی خاكەكەی بكات، بە بەرپرسیارێتی یاسایی سەرجەم حكومەت و رێكخراوە نێودەوڵەكانیشی زانیووە، بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ راگرتنی دەستبەجێی دوژمنكاری بۆ سەر ڤەنزوێلاو، گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەكان بۆ لێپرسینەوە لە پلاندانەران و ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە لەمیانی ئەو دوژمنكارییە سەربازییەدا.

رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ پەیامێکی لەبارەی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ڤەنزوێلا بڵاوکردەوە.

ترەمپ لەوبارەیەوە نووسی، "ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و تێیدا سەرکردەکەی، سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و برانە دەرەوەی وڵات."

وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە "بە پشتبەستن بە هێزی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە."

راگەیاندنەکەی ترەمپ دوای چەند کاژێرێکی پڕ لە گرژی و نادڵنیایی هات کە تێیدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی کاژێر 2:00 بە کاتی ناوخۆ واتە 09:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی سووڕاونەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتوواندا دروستکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند کە جگە لە کاراکاس، دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلاریش کراونەتە ئامانج. وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی "هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای رەتکردەوە و بە زۆر مەترسیدار" ناویبرد. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهانی، بەتایبەتی لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار