وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گوتارێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرنگترین دۆسیە سیاسییەکانی جیهان و بە دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو، ڕایگەیاند، واشنتن هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە جیهان چڕ کردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد ئاگربەست لە غەززە جێگیرە و لەگەڵ چەند وڵاتێکیش لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری، هاوکات داوای چەکدانانی حزبوڵڵای لوبنانی کرد. هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی کەرتی غەززە جێگیرە و کاتی ئەوە هاتووە بەرەو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە هەنگاو بنرێت. گوتیشی: پەیوەندی و گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات دەستپێکردووە سەبارەت بە پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە، کارێکی زۆرمان لە پێشە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە. دەشڵێت: متمانەی تەواوم هەیە کە چەند وڵاتێک هەن کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانن و ئامادەییان نیشان داوە ببنە بەشێک لەو هێزی سەقامگیرییە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر حەماس لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت و لە داهاتوو ببێتە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، ئەوا ئاشتی هەرگیز بەدی ناهێت، بۆیە چەکدانانی حەماس هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت. سەبارەت بە بارودۆخی لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەمووان خوازیاری دەوڵەتێکی لوبنانی بەهێزن و پێویستە حزبوڵڵا چەک بکرێت. ڕوبیۆ جەختی کردەوە، کەس نایەوێت حزبوڵڵا بگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردنی ئێران لە ناوچەکەدا و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان. لەبارەی جەنگی ئۆکرانیاوە، ڕوبیۆ ئاشکرای کرد پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا ڕێگایەکی درێژ لەبەردەم گەیشتن بە ئاشتی ماوە. دووپاتیشی کردەوە، واشنتن نایەوێت هیچ ڕێککەوتنێک بەسەر هیچ لایەنێکدا بسەپێنێت. گوتیشی: ئێمە ئاشتی لەسەر هیچ لایەنێک ناسەپێنین، بەڵکوو بڕیاری کۆتایی لە دەست ئۆکرانیا و ڕووسیا دایە، بەڵام لە ڕێککەوتن بەخشی و وەرگرتن هەیە، بۆ ئەوەی دەستکەوتێک بەدەست بهێنیت، ئێمەش وەک ئەمەریکا پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ خواستی هەر دوو وڵات بکەین. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێرشی تووندی کردە سەر حکوومەتی ڤەنزوێلا و تۆمەتباری کرد بەوەی خاکی وڵاتەکەی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان تەرخان کردووە. گوتیشی ڤەنزوێلا هاوکاریی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان، حزبوڵڵا، ئێران و باندەکانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکات. مارکۆ ڕوبیۆ لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەستی بە چاکسازیی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەیدا کردووە، بە جۆرێک کە شایستەی گەورەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان" بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر برەو بە ئاشتی و سەقامگیری بدات لە هەموو جیهاندا.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ساڵانەکەی خۆی لە مۆسکۆ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند. پوتن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دانوستانانە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بن کە لە ساڵی 2024 پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوە کرابوون. سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە پێشڕەویدان و کۆنترۆڵی تەواوی بەرەکانی جەنگیان کردووە، بەپێی گوتەکانی پوتن، ئێستا زیاتر لە 3500 سەربازی ئۆکرانی لە نزیک ناوچەی کۆپیانسک گەمارۆ دراون، هاوکات سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، پوتن وگتیشی: هەرچەندە مۆسکۆ بۆ چارەسەر ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەییەکی هاوشێوە لە لایەنی بەرانبەرەوە نابینێت. لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین، ئاشکرای کرد، ڕووسیا خۆی بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە دەکات تاوەکو لە وردەکارییەکانی گۆڕانکاریی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگ تێبگات، پێسکۆڤ هەڵوێستی واشنتنی لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە بڕیاردەرانە و واقیعی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ لە پرسی چارەسەری ئۆکرانیادا زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەمەریکا نەوەک وڵاتانی ئەوروپا. بەرپرسانی ڕووسیا هۆشدارییان دا لەوەی، سەپاندنی هەر سزایەکی نوێی ئەمەریکا بەسەر مۆسکۆدا، زیان بەو هەوڵانە دەگەیەنێت کە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیان پێکردووە، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ کردووەتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت "مووشەکەکانی ئیسرائیل لە مووشەکە ئێرانییەکان بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بووە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان لەبارەی جەنگی 12 رۆژی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە هێزی خەڵک بوو کە توانی لەو شەڕی 12 رۆژەدا دووژمنەکانمان زەلیل بکات و بێهیوایان بکات." پزیشکیان گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] هاتبوون وڵاتەکەمان پارچە پارچە بکەن، ئەوە خەڵک بوون کە وەستانەوە، راستە مووشەکەکانی ئێمە هەبوون، بەڵام ئەوان مووشەکەکانیان لە ئێمە زیاتر، بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بوو، بەڵام ئەوە خەڵک بوون بێهیوایان کردن." لە 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات کە 12 رۆژ بەردەوام بووە. ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا بەشداربوو.
مارک ساڤایا و جۆی ویڵسن، پێکەوە ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە و رایدەگەیەنن: جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەنەوە. ماراک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، چاوی بە جۆی ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کەوتووە و کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە. ساڤایا نوسیویەتی: "کۆبونەوەیەکی زۆرباش بوو، جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە، جۆی ویڵسن لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووە بە میوانداریکردنی مارک ساڤایا نێردی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە نوسینگەکەم و کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەبارەی عێراقەوە ئەنجامداوە. ویڵسن، کە بە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەبارەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و رزگارکردنی لە ژێر کاریگەریی ئێران، وتووشیەتی: "هیچ کەسێک لەخۆی شایستەتر نییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات بۆ سەرۆک ترەمپ". جۆی ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نێردەی ترەمپ بڵاوکردەوە، هەردووکیان ئاڵای عێراقیان بەدەستەوەیە، ئاڵای ئەمەریکا و ئاڵای نوێی سوریاش لە پشتیانەوە دیارە. جۆی ویڵسن: دەبێت عێراق رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت رۆژی چوارشەممەی رابردوو (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، جۆی ویڵسن لە بڵاوکراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نویسیویەتی: "پێزانینم بۆ سەکردایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا هەیە کە دەیەوێت عێراق مەزن بکاتەوە و بە روونی ئەوەی راگەیاندووە چیتر پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران قبوڵ ناکرێت،" هەروەها نوسیویشیەتی: "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەستی ئێران ئازادبکرێت." جۆی ویڵسن داوا دەکات هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێت و نوسیویەتی: "عێراق دەبێت رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت و کۆتایی بە رێگەدان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان." ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق دەرفەتێکی هەیە بۆ گەشەسەندن ئەگەر رەفتارەکانی بگۆڕێت،" سەبارەت بە رۆڵی کۆنگرێس لە پشتیوانیکردنی ساڤایا و سنوردارکردنی ئێران نوسیویەتی: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە ترەمپ بکات بە زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ لە یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی، ئەگەر عێراق هەنگاوی پێویست نەگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق رابگیرێت، ئەوەش یەکەمجارە بڕگەیەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت." وەک ویڵسن ئاماژەی پێدەکات، ئەوەش لە پێناو راگرتنی پارەی ئەمەریکییەکانە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. سەبارەت بە رۆڵی مارک ساڤایا، کۆنگرێسمانەکە نوسیویەتی: "سوپاسگوزارم بۆ سەرکردایەتی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، کە دڵنیام ئەو یاسایانە جێبەجێدەکات، بە پێچەوانەی ئیدارەی شکستخواردووی جۆ بایدن کە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی وەک برێت مەکگۆرک وەک پارێزەری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کاری دەکرد." سەبارەت بە هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، جۆی وێڵسن نوسیویەتی: "وەک لە چەندین بۆنەی دیکەدا ئاماژەم پێکردووە، عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئاسایشی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە سیستمی دادوەرییەکەی لەلایەن دادوەری گەندەڵ فایەق زێدان-ەوە بەڕێوەدەبرێت، پۆلیسەکەی لەلایەن گرووپەکانی بەدر و سیستمە سیاسییەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بەڕێوەدەبرێن." "کاتێک ئەوە دۆخی عێراق بێت، گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان کێ حکومەت دروست دەکات، چونکە ئێران رۆچووەتە نێو هەموو جومگەکانی عێراقەوە،" هەروەها نوسیویەتی عێراق دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و رەفتارەکانی خۆی بگۆرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، دەبێت هەنگاوی راستەقینە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگیرێتەبەر" ویڵسن وای نوسیوە.
ڤلادمیر پوتین رێگری چی لێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی زیاتر لە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. هەرچەندە زانیارییەکان لەبارەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات کەمن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئێستا لە گەڕەکی روبلیڤکای مۆسکۆ دەژی کە گەڕەکێکی بەناوبانگ و گرانبەهایە لە رووسیا. بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، ئێستا ئەسەد سەرقاڵی فێربوونی زمانی رووسییە و گەڕاوەتەوە بۆ کاری پزیشکی لە بواری چاو و کێشەکانی بینین، ئەمەش وەک خولیایەکی لەمێژینەی خۆی نەوەک وەک پیشە و کارکردن. گاردیان دەڵێت، ئەسما ئەسەدی خێزانی ئەسەد نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە، ئێستا ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، منداڵەکانی بەشار ئەسەد هەر لە مۆسکۆ دەژین، بەڵام هەندێکجار سەردانی ئیمارات دەکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەی یەکجارین، چونکە کێشەی فێربوونی زمانی رووسییان هەیە. هەرچەندە ئەسەد ماوەی ساڵێکە بێدەنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان، کە لە سەرچاوەیەکی کۆشکی کریملنەوە وەریگرتووە، ئێستا پوتین زۆر حەز بە دیداری بەشار نەکات چونکە هیچ رۆڵ و پێگەیەکی لە سوریا نەماوە، بۆیە سەرۆکی روسیا لێدوان و چالاکی سیاسی لەنێو وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردووە. بەشار ئەسەد لە مانگی رابردوو ویستوویەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی و بەشداریی پۆدکاستێکی ئەمریکیدا بکات، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی لە کریملن کردووە، بەڵام بە زوویی داواکەیان رەتکردووەتەوە و رێگەیان نەداوە. سەرچاوەکەی کۆشکی کریملن دەڵێت: بەشار دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام دەبێت چالاکی سیاسی نەکات. سەبارەت بە خەرجییەکانیشی دەڵێت: ئەسەد بە ماوەیەک پێش جێهێشتنی سوریا بەشێکی زۆری سامانەکەی رەوانەی روسیا کردووە و ئێستاش هەندێک هاوڕێی پارەی بۆ دەنێرن. پێشتر لە راپۆرتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراکرا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی خاوەنی یەک بۆ دوو ملیار دۆلارن، بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن ئەوە بەشێکی کەمی سامانەکەیەتی و بڕە راستەقینەکە دەگاتە 22 ملیار دۆلار. رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی ساڵێک لەمەوبەر و لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد ئاشکرایکرد، بە تەنها لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 بەشار ئەسەد 250 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی ناعەقڵانی هەوڵ دەدات گەمارۆی دەریایی بەسەر ڤەنزوێلادا بسەپێنێت بە ئامانجی دزینی سامانی میللەتەکەیان. وەزارەتەکە ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وڵاتەکەیان جارێکی تر هەرگیز نابێتەوە بە داگیرکراوی هیچ ئیمپراتۆریەتێک یان دەسەڵاتێکی بیانی و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردنی بێ مەرجی سەربەخۆیی خۆی. داواش لە گەلی ئەمریکا و گەلانی جیهان دەکات، بەرانبەر بەم هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ بێدەنگ نەبن، کە بە ئاشکرا مەبەستی بردنی سامانی وڵاتەکەیانە. وەک وەڵامیک بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا جەختدەکاتەوە، گەلی ڤەنزوێلا، بە یەکگرتوویی جەماوەری سەربازی تەواوەوە، دەزانێت چۆن بەرگری لە مافە مێژووییەکانی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گەمارۆی تەواوی ئەو کەشتیانە دەدەن، کە دەچنە ڤەنزوێلا و ئەوانەشی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن، ترەمپ ڤەنزوێلای بە بردنی نەوتی ئەمریکا تۆمەتبار کردوە و رایگەیاندوە، گەمارۆکان بەردەوام دەبن تا ئەو نەوت و سامانەی ئەمریکایان بردوە نەیگەڕێننەوە.
هاندەرانی یانەی زاخۆ زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا و بوونە براوەی فیفا بۆ باشترین هاندەری ساڵی 2025. بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ راگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكە كەوتەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم خەڵاتە بباتەوە. بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 08:00 بە کاتی هەولێر، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی زەبێست بە ئامادەبوونی نزیکەی 800 کەس لە هۆڵی هۆڵی فایرمۆنت کاتارا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە بچێت، باشترینەكان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان خەڵات دەكرێن، بەڵام فیفا پێش ڕێورەسمەكە براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی ئاشكرا كرد كە تێیدا هاندەرانی زاخۆ بە زۆرترین دەنگ بوونە براوەی خەڵاتەكە. بڕیارە ئەمشەو نوێنەری زاخۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە رێورەسمەكەی فیفا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بكات و لە لایەن سەرۆكی فیفا پیرۆزبایی لێ دەكرێت. هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رۆژی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هەزاران بوکەڵەیان فرێدایە ناو یاریگا، هەر ئەمەش وایکرد فیفا ئەو هەڵوێستەی هاندەرانی یانەکە بەرز بنرخێنێت و بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر بکرێن.
گۆڤاری فۆربس ئاشکرایکرد، ئیلیۆن مەسک بووە یەکەم کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی سنوری 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بازاڕی بۆرسەدا. ئەم پێشهاتە نوێیە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکانی مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هۆشمەندی دەستکرد. بەپێی راپۆرتەکەی فۆربس، پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانیدا بگاتە 800 ملیار دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ سامانەکەی مەسک بە بڕی 168 ملیار دۆلار زیاد دەکات، بەو پێیەی ناوبراو خاوەنی نزیکەی لەسەدا 42ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کۆی سامانەکەی بگاتە 677 ملیار دۆلار. مەسک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بۆ یەکەمجار سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی. هاوکات کۆمپانیای تێسلا رۆڵێکی کاریگەری لەم هەڵکشانەدا هەبووە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێل، بەڵام پشکەکانی تێسلا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا 13 بەرزبوونەتەوە. مەسک خاوەنی لەسەدا 12ی پشکەکانی تێسلاینە و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری (بەبێ شاشەی چاودێری) راگەیاند، پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا 4ی دیکەش بەرزبوونەوە. لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (xAI)ـی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیار دۆلار، کە دەکرێت بەهای کۆمپانیاکە بگەیەنێتە 230 ملیار دۆلار و پێگەی مەسک لە کێبڕکێی جیهانیی زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆس، کۆشکی سپی بە ئاگاداری ترەمپ نامەیەکی بۆ ئیدارەی نەتانیاهۆ ناردووە و نیگەرانی تووندی خۆیان بە کوژرانی رەئد سەعد، جێگری فەرماندەی باڵی سەربازی ح،ە،م،ا،س دەربڕیوە بە پێشێلکاری ئاگربەست ناویان بردووە. لە نامەکەدا بە نەتانیاهۆ گوتراوە، ئەگەر تۆ خەمی ئابڕووی خۆتت نییە، ئێمە خەمی ئابڕووی سەرۆکی ترەمپمانە. هەروەها لەسەر دۆخی سوریاش دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەوڵی سەقامگیرکردنی حکومەتەکەی شەرع دەدات، بەڵام، نەتانیاهۆ بەردەوام پێشێلکاری دەکات و سنوور دەبەزنێت. رۆژی شەممە (13ـی كانوونی یەكەمی 2025)، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكدا رائید سەعد، جێگری پێشووی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماسی كوشت، ئەوەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكای نیگەران كردووە. بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئاكسیۆس کە لە دوو سەرچاوەی فەرمی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە، كۆشكی سپی پەیامێكی تایبەتیان بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناردووە و بە شكاندنی ئاگربەست تۆمەتباریان كردووە. بەپێی وتەی دوو سەرچاوە فەرمییەكەی كۆشكی سپی، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا و جارید كوشنەر، راوێژكاری ترەمپ زۆر نیگەرانن لە كوشتنی رائید سەعد لەلایەن ئیسرائیلەوە. سەبارەت بە هێرشەكە دوێنێ دووشەممە (15ـی كانوونی یەكەمی 2025)، ترەمپ رایگەیاند، ئەمەریكا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەوەی ئایا ئیسرائیل ئاگربەستی غەززە پێشێل كردووە یاخود نا، بەڵام جەختی كردەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ نەتەنیاهۆدا زۆر باشە. بەپێی راپۆرتەكەی ئاكسیۆس لە پەیامەكەی كۆشكی سپیدا بۆ نەتەنیاهۆ هاتووە: "ئازادیت لەوەی كە دەتەوێت ناوبانگی خۆت لەكەدار بكەیت و پیشانی بدەیت پابەندی رێككەوتنەكان نابیت، بەڵام ئێمە رێگەت پێنادەین ناوبانگی سەرۆك ترەمپ لەكەدار بكەیت دوای ئەوەی رێككەوتنی غەززەی ئەنجامداوە." وەك لە راپۆرتەكەی ئاكسیۆسدا هاتووە، بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی ئەمەریكا، لای كۆشكی سپی بە كوشتنی رائید سەعد، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل كردووە، بەڵام حكومەتی ئیسرائیل بە ئیدارەی ترەمپیان راگەیاندووە، حەماس بە هێرشكردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و بە قاچاغبردنی چەك رێككەوتنی پێشێل كردووە.
هەمووان ستایشی دەکەن و بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان ئامادەکردنی هاوڵاتی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کاتژمیر 6:47 خولەک بە کاتی ئوسترالیا و کاتژمێر 10:47ـی خولەکی بەیانی بە کاتی کوردستان، دوو چەکدار، کە باوک و کوڕن، هێرشیان کردەسەر فێستیڤاڵێکی ساڵانەی جووەکان لە کەناراوی بۆندی لە شاری سیدنی ئوسترالیا. لە رووداوەکەدا 15 کەس کوژران و چەندانی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی ساجید ئەکرەم کوژرا و کورەکەی بەناوی نەڤید ئەکرەم بریندارە. ئەمە رووداوەکە بوو، بەڵام ئەوەی چاوی میدیا جیهانییەکانی چووەتە سەر بوێری پیاوێکی سوری موسڵمانە، بەناوی ئەحمەد ئەلحمەد. لە کاتێکدا دوو چەکدارەکە چەند جووەیەکیان کوشتووە و بە تەقەوە هەوڵی دوورکەوتنەوە لە شوێنەکە دەدەن، بەڵام ئەحمەد لە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە خۆی شاردووەتەوە و لە پڕێکدا پەلاماری یەکێک لە تەقەرەکان دەدات کە پێدەچێت ساجد ئەکرەم بێت و چەکی دەکات. هەرچەندە ئەحمەد بریندار دەبێت و دەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو دیمەنە میدیاکانی ئوسترالیا و جیهانی تەنی، بەجۆرێک بەرپرسانی وڵات و تەنانەت بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپیش ستایشی رۆڵەکەیان کرد. کریس ماینس، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی نیو ساوز وەیڵز دەڵێت: هەتا ئێستا شتی وام نەدیوە، پیاوێک ژیانی خۆی بخاتەوە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی چەندەها کەسی دیکە رزگار بکات، بۆیە دەڵیم ئەحمەد پاڵەوانە. ترەمپیش لەسەر رووداوەکە قسەی کرد و گوتی: ئەوە کارێکی رەگەزپەرستییە دژی جووەکان و لەبارەی ئەحمەدیش گوتی: کەسێکی زۆر ئازایە و ژیانی چەندین کەسی لە مردن رزگارکرد، ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە بەڵام من رێزێکی زۆرم بۆی هەیە. نەتانیاهۆش لەبارەی ئەحمەدەوە دەڵێت: ئەو کارە ئازایانەیەمان لەو پیاوە موسڵمانە بینی و رێگریی لە کوشتنی چەندین جووی بێتاوان کرد، من سڵاوی بۆ دەنێرم. ئەحمەد تەمەنی 43 ساڵە، خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەیە لە سیدنی و دوو منداڵیشی هەیە. بەگوتەی ئامۆزایەکی، ئەحمەد فیشەک بەر قۆڵ و دەستی کەوتووە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و پێویستی بە دوو نەشتەرگەری دیکەیە. ئەحمەد لەگەڵ هاوڕێیەکەی خەریکی قاوە خواردنەوە بووە کاتێک گوێی لە تەقە بووە. باوک و دایکی دەڵێن، کوڕەکەیان پاڵەوانە و بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو کەسانەی رزگاری دەکات چ ئایینێکیان هەیە. دەشڵێن، کوڕەکەمان جیاکاری لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانیشدا ناکات.
ئەرکەکانی چی دەبێت و کەی دەستبەکاردەبێت؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێریی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە. پۆستەکە ماوەی 10 ساڵە لەلایەن فلیپۆ گراندی ئیتاڵییەوە بەڕێوەدەبرێت. نەتەوەیەگرتووەکان لە هەوڵی هێنانە پێشەوەی کەسێکی نوێ بوو، بۆیە دوای بەدواداچوونی ورد سکرتێری گشتیی بریاری لەسەر دکتۆر بەرهەم ساڵح داوە، بەڵام شێوازی دەستنیشانکردنی جیاواز بووە لە کاندیدەکانی پێشوو. پرۆسەی هەڵبژاردنەکە چۆن بوو؟ بەشێوەیەکی ئاسایی سەرەتا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەگرتووەکان ناوێک پێشنیاز دەکات، دواتر ناوەکە لە لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی رێکخراوەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. بەگوێرەی بەدواچوونەکانی هاوڵاتی و لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە د.بەرهەم، ئەو کۆبوونەوەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەنجامدراوە و بڕیار لەوە دراوە پۆستەکە بدرێتە د. بەرهەم ساڵح. بڕیارە لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو پۆستەکە وەربگرێت و دەستبەکاربێت، بەڵام بۆ ئەوەی پۆستەکەی بەفەرمی بکرێت مانگی سێی ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەکی دیکە دەکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بەربژێرکردنی. بۆچی بەرهەم ساڵح دەستیشانکرا؟ نەتەوەیەکگرتووەکان چەند مەرجێکی هەیە بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، ئەوانیش دەبێت کاندیدەکە ئەزموونی لە بواری پەنابەریدا هەبێت. د.بەرهەم ئەزموونێکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارەکان هەیە، بە تایبەتی ئاوارەکانی ئێزدی و موسڵ لەو کاتەی سەرۆککۆماری عێراق بوو. بەشێکی دیکەی هۆکاری دەستنیشانکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ماوەیەی لە دەرەوەی وڵات بووە و ئەزموونی پەنابەری وەک خوێندکارێک لە دەرەوەی وڵات کردووە. پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و کۆچبەرانە لە هەموو جیهاندا و ئەم ئەرکە سەرەکییانەی هەیە: پاراستنی مافی پەنابەران لەو وڵاتانەی تێیدا کۆچبەرن یان ئاوارەبوون، چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانیان، دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەسەریاندا، یارمەتییدانی مادی و جێگیرکردنی باری داراییان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە جیهانییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زەبەلاح بۆ کاری مرۆڤدۆستی و هاوکاریکردنی کەسانی پەنابەر، لەگەڵ چەندین ئەرکی دیکەدا.
دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی لە بۆسەیەکی داعشدا، نێردەی تایبەتی ترەمپ ڕایگەیاند کە مانەوەیان لە سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکایە و هەموو هێزی سەربازی و سیاسیی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەخەنەگەڕ. یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانیان نووسیویەتی: ڕۆژێک دوای ئەو بۆسە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی لە سووریا، ئێمە لە خەم و لە ئیرادەماندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە نەگۆڕی دەمێنینەوە. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە جەخت لەسەر ئەو مەترسییە بەردەوامانە دەکاتەوە کە داعش نەک تەنیا بۆ سەر سووریا، بەڵکوو بۆ سەر جیهان و ئاسایشی نیشتمانیی و یەکپارچەیی خاکی ئەمەریکاش هەیەتی. لەبارەی ستراتیژیی واشنتن لەو وڵاتە، باراک ڕوونی کردەوە، ستراتیژی ئێمە بریتییە لە بەهێزکردنی هاوبەشە سوورییەکان بە پشتیوانییەکی ئۆپەراسیۆنیی سنووردار بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەیان، بەمەش شەڕەکە لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و سنوورێک بۆ دەستوەردانی ئەمەریکا دادەنرێت و ڕێگری دەکات لە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی گەورەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تۆم باراک جەختی کردەوە هێرشەکەی ئەم دواییە پووچەڵکردنەوەی ستراتیژییەکەیان نییە، بەڵکوو پشتڕاستی دەکاتەوە و تیرۆریستان هێرش دەکەن، چونکە لەژێر فشارێکی بەردەوامی هێزە سوورییەکاندان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن، لەنێویاندا "سوپای سووریا بە فەرماندەیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریایە. سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەمەریکا، نێردەکەی ترەمپ دڵنیایی دا ئەم هێرشە بێ سزا تێناپەڕێت و نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوە و تەواوی ئامێری سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا ڕێگە نادەن ئەم هێرشە بۆ سەر سەربازە گەنجەکانمان بێ وەڵام بێت. ئاماژەی بەوە داوە مانەوەی سنوورداری هێزەکانیان لە سووریا قەڵغانێکە بۆ پاراستنی ئەمەریکا لە مەترسییە گەورەکان و ڕێگریکردنە لە پەڕینەوەی تیرۆریستان بۆ ئەوروپا و گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئەمەریکا.
هێرشەكە لە كەناراوی (بۆندی)ی لە ویلایەتی نیو ساوس ویڵز روویداوە، بەقسەی رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت)ی ئیسرائیلی نزیكەی 2 هەزار كەس بەشدار بوون لە ئاهەنگەكەدا. هێشتا دیار نییە چەند كەس لە هێرشەكەدا كوژراون، بەڵام رۆژنامە ئیسرائیلییەكە دەڵێ 10 كوژراو هەیە. پۆلیسی ئوسترالیا هۆشداری بە خەڵك داوە لە ناوچەكە دوربكەونەوە. پۆلیسی ئوسترالیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ئاهەنگێکی جووەکاندا لە ناوچەی بۆندی بیچی سیدنی، لانیکەم 10 کەس کوژراون. پۆلیس روونی نەکردووەتەوە ئایا هیچ هێرشکارێک لەنێو ئەو 10 کوژراوانەدا هەیە یان نا، بەڵام دامەزراوەی پەخشی نیشتمانیی ئوسترالیا - ABC بڵاویکردەوە، یەکێک لە تەقەکەرەکان کوژراوە و 12 کەسیش بریندار بوون. پۆلیسی ئوسترالیا پێشتر رایگەیاندبوو، 2 کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون و داوای لە خەڵکی شوێنەکەش کرد، خۆیان بشارنەوە. میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، گومانلێکراوێک لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیر کراوە. شایەتحاڵێک بەناوی تیمۆسی برانت کۆڵز، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دوو کەس بە جلی رەشەوە بە تفەنگ تەقەیان کردووە و ژمارەیەک کەسیان بریندار کردووە. ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان "بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە شوێنەکەن." بەگوێرەی میدیاکان، دەنگی نزیکەی 50 گولـلە لە شوێنی رووداوەکە بیستراوە. ئەندامێکی کۆمەڵگەی جووەکان بە میدیای ئیسرائیلی گوت، تەقەکردنەکە لە ئاهەنگێکی جەژنی هانۆکادا بووە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی جووەکانی ئوسترالیا گوتی، رووداوەکە "تراجیدییە، بەڵام شتێکی تەواو چاوەڕوانکراو بوو." رۆبەرت گریگۆری بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "حکومەتەکەی ئەلبانیز چەندین جار ئاگادار کرایەوە، بەڵام شکستی هێنا لەوەی هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی جووەکان بنێت." تاوەکو ئێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان و پاڵنەری هێرشەکەیان ئاشکرا نەکراوە.
ئیێتا شەڕەکەیان لەسەر فڕۆکە ترسناکەکەی ئەمریکایە ئامادەکردنی هاوڵاتی فڕۆکەی ئێف-35 ئیسرائیلی تووشی دوودڵییەکی گەورە کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی خەریکی لۆبیکردنە و دەیەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رازی بکات ئەو فڕۆکەیە هەرگیز نەدرێتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، نەتانیاهۆ لەگەڵ فرانک سەینت جۆن، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن کۆبووەتەوە، کە ئەو کۆمپانیایە بەرپرسە لە دروستکردنی فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا. نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە چۆن بتوانرێت باڵادەستی ئیسرائیل لە فڕۆکەکەدا بهێڵرێتەوە ئەگەر هاتوو ترەمپ فرۆکەی ئێف-35ـی دایە دەست سعودیە و تورکیا. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، نەتانیاهۆ ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بەڵام نایەوێت رووبەرووی ترەمپ بێتەوە و دژایەتی بکات. مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە دەفرۆشن. میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو فڕۆکەیەی دەدرێت بە سعودیە وەشانێکی ئاست نزمترە بەراورد بەوەی لەژێر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. بەڵام دوودڵی نەتانیاهۆ زیاتر لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکەیە بە تورکیا. ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە قسەیەکی ئەردۆغان نیگەرانن کە وادەریدەخات بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە. ئەو گوتارەی باسی دەکەن لە تەمووزی 2024 بوو کاتێک ئەردۆغان گوتی، دەبێت ئەوەندە بەهێزبین ئیسرائیل نەتوانێت کاری گەمژانە بەرامبەر فەڵەستین بکات، هەروەک چۆن چووینە قەرەباخ و لیبیاوە، رەنگە هەمان شت بەرامبەر ئەوان بکەین. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەمریکا تورکیای لە پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی بەرگری ئێس-400ـی لە روسیا کڕی و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند. بەڵام لەمدواییانە پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان باشبوون و جارێکی دیکە واشنتن خەریکە رازیدەبێت فڕۆکەکە بدات بە ئەنقەرە. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هەفتەی رابردوو گوتی واشنتن و ئەقەرە کار لەسەر کێشەکانیان دەکەن سەبارت بە ئێف-35 بەڵام چەند بەربەستێک ماون. تورکیا لە ساڵی 2019 بەنیازبوو 100 فڕۆکەی ئێف-35 لە ئەمریکا بکرێت، بەڵام دەرکردنی ئەنقەرە لە پرۆگرامەکە، ئەمریکا دەڵێت، هەتاوەکو خاوەنی سیستمی ئێس-400 بیت، ئێف-35 وەرناگریت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە واز لە سیستمی ئێس-400ـی رووسی بهێنن. بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، لەنێو سوپای ئیسرائیل باس لە مەترسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 دەکرێت بە وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تورکیا، هەروەها دزەکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی فڕۆکەکە بۆ چین. بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەڵێت: بابەتی سەرەکی ئیف-35 توانستە نهێنییەکانیەتی کە دەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە رادار و سیستمی بەرگری، ئەمەش لە هەموو مۆدێلەکانی فڕۆکەکە هەیە و دەدرێتە سعودی و تورکەکان، جگە لەوەی سیستمی کۆنتڕۆلکردنی هەیە کە دەتوانرێت سەربەخۆ کاری پێبکرێت و نەگەڕێتەوە بۆ تاوەڕی سەرپەرشتی. ئەو بەرپرسە سەربازییە باس لەوەش دەکات، "ئێف-35ـەکانی ئێمە توانییان ئێرانییەکان تووشی سەرسوڕمان بکەن و بە یەکجار سیستمی بەرگریمان تێکشکاندن بەبێ ئەوەی زیانمان بەربکەوێت. ئەم توانایە رەنگە لەدژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت کە وڵاتێکی بچووک و بەرتەسکە و پێویستی بە ئاگاداری پێشوەختە هەیە پێش ئەوەی چەکی دوژمن ئاسمانەکەی ببەزێنیت. بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لەپڕێکدا هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار هەموو ناوچە گرنگەکانی لەدەست بدات بۆیە دەڵێت، سەرجەم ئامانجە سەربازی و سڤیلییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی بچووکی چڕدا کۆبوونەتەوە، ئەگەر فڕۆکەی ئێف-35 لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبستێت و لەپرێکدا لە ئاسمانی ئیسرائیل دەربکەوێت دۆخێک دروست دەبێت ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی بگرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتە سەر توانای بەرگریکردن لە خۆی.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەفەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق" (یۆنامی)ـی ڕاگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وادەی کۆتایی مانەوەی تیمەکەیان دەبێت و سەرجەم ئەندامانی نێردەکە عێراق بەجێدەهێڵن. هەر ئەمڕؤ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کۆبوویەوە سەردانەکەی گوتێرس بەمەبەستی راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)یە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ سودانی لە بەغداد؛ بەبۆنەی تەواوبوونی ئەركی نێردەی نەتەوە یەكگرتووە لە عێراق. 🔹عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکی جیاوازە، ئەمن و ئاسایشە. 🔹پیرۆزبایی لە عێراق دەکەین بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی. 🔹شاهیدی بوێری و خۆڕاگری و ئیرادەی عێراق بووین لە زاڵبوون بەسەر تیرۆردا. 🔹لەگەڵ سەرۆک وەزیران باسمان لە بارودۆخی غەززە و ڕێزگرتن لە ئاگربەست کرد. 🔹ئامانجمان پشتیوانی عێراق و حکومەتەکەی بوو. نەتەوە یەکگرتووەکان شانازی دەکات کە ڕۆڵی لە عێراقدا هەبووە. 🔹ئێمە پابەندبوونی عێراق بەرز دەنرخێنین بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە کەمپی ئەلهول. 🔹عێراق ئێستا وڵاتێکی ئاساییە، پێویستە جیهان لەوە تێبگات. عێراق وڵاتێکی سەقامگیرە.
