لەرووداوێکى تەقەکردندا لە ئوسترالیا 10 کەس کوژران
7 كاتژمێر لەمەوپێش
هێرشەكە لە كەناراوی (بۆندی)ی لە ویلایەتی نیو ساوس ویڵز روویداوە، بەقسەی رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت)ی ئیسرائیلی نزیكەی 2 هەزار كەس بەشدار بوون لە ئاهەنگەكەدا.
هێشتا دیار نییە چەند كەس لە هێرشەكەدا كوژراون، بەڵام رۆژنامە ئیسرائیلییەكە دەڵێ 10 كوژراو هەیە. پۆلیسی ئوسترالیا هۆشداری بە خەڵك داوە لە ناوچەكە
دوربكەونەوە.
پۆلیسی ئوسترالیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ئاهەنگێکی جووەکاندا لە ناوچەی بۆندی بیچی سیدنی، لانیکەم 10 کەس کوژراون. پۆلیس روونی نەکردووەتەوە ئایا هیچ هێرشکارێک لەنێو ئەو 10 کوژراوانەدا هەیە یان نا، بەڵام دامەزراوەی پەخشی نیشتمانیی ئوسترالیا - ABC بڵاویکردەوە، یەکێک لە تەقەکەرەکان کوژراوە و 12 کەسیش بریندار بوون.
پۆلیسی ئوسترالیا پێشتر رایگەیاندبوو، 2 کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون و داوای لە خەڵکی شوێنەکەش کرد، خۆیان بشارنەوە. میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، گومانلێکراوێک لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیر کراوە.
شایەتحاڵێک بەناوی تیمۆسی برانت کۆڵز، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دوو کەس بە جلی رەشەوە بە تفەنگ تەقەیان کردووە و ژمارەیەک کەسیان بریندار کردووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان "بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە شوێنەکەن."
بەگوێرەی میدیاکان، دەنگی نزیکەی 50 گولـلە لە شوێنی رووداوەکە بیستراوە. ئەندامێکی کۆمەڵگەی جووەکان بە میدیای ئیسرائیلی گوت، تەقەکردنەکە لە ئاهەنگێکی جەژنی هانۆکادا بووە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی جووەکانی ئوسترالیا گوتی، رووداوەکە "تراجیدییە، بەڵام شتێکی تەواو چاوەڕوانکراو بوو."
رۆبەرت گریگۆری بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "حکومەتەکەی ئەلبانیز چەندین جار ئاگادار کرایەوە، بەڵام شکستی هێنا لەوەی هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی جووەکان بنێت." تاوەکو ئێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان و پاڵنەری هێرشەکەیان ئاشکرا نەکراوە.
