ترەمپ لەسەر کوژرانى سەرکردەیەکى حەماس لە نەتانیاهۆ توڕەبووە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆس، کۆشکی سپی بە ئاگاداری ترەمپ نامەیەکی بۆ ئیدارەی نەتانیاهۆ ناردووە و نیگەرانی تووندی خۆیان بە کوژرانی رەئد سەعد، جێگری فەرماندەی باڵی سەربازی ح،ە،م،ا،س دەربڕیوە بە پێشێلکاری ئاگربەست ناویان بردووە.
لە نامەکەدا بە نەتانیاهۆ گوتراوە، ئەگەر تۆ خەمی ئابڕووی خۆتت نییە، ئێمە خەمی ئابڕووی سەرۆکی ترەمپمانە.
هەروەها لەسەر دۆخی سوریاش دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەوڵی سەقامگیرکردنی حکومەتەکەی شەرع دەدات، بەڵام، نەتانیاهۆ بەردەوام پێشێلکاری دەکات و سنوور دەبەزنێت.
رۆژی شەممە (13ـی كانوونی یەكەمی 2025)، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكدا رائید سەعد، جێگری پێشووی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماسی كوشت، ئەوەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكای نیگەران كردووە.
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئاكسیۆس کە لە دوو سەرچاوەی فەرمی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە، كۆشكی سپی پەیامێكی تایبەتیان بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناردووە و بە شكاندنی ئاگربەست تۆمەتباریان كردووە.
بەپێی وتەی دوو سەرچاوە فەرمییەكەی كۆشكی سپی، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا و جارید كوشنەر، راوێژكاری ترەمپ زۆر نیگەرانن لە كوشتنی رائید سەعد لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سەبارەت بە هێرشەكە دوێنێ دووشەممە (15ـی كانوونی یەكەمی 2025)، ترەمپ رایگەیاند، ئەمەریكا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەوەی ئایا ئیسرائیل ئاگربەستی غەززە پێشێل كردووە یاخود نا، بەڵام جەختی كردەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ نەتەنیاهۆدا زۆر باشە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاكسیۆس لە پەیامەكەی كۆشكی سپیدا بۆ نەتەنیاهۆ هاتووە: "ئازادیت لەوەی كە دەتەوێت ناوبانگی خۆت لەكەدار بكەیت و پیشانی بدەیت پابەندی رێككەوتنەكان نابیت، بەڵام ئێمە رێگەت پێنادەین ناوبانگی سەرۆك ترەمپ لەكەدار بكەیت دوای ئەوەی رێككەوتنی غەززەی ئەنجامداوە."
وەك لە راپۆرتەكەی ئاكسیۆسدا هاتووە، بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی ئەمەریكا، لای كۆشكی سپی بە كوشتنی رائید سەعد، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل كردووە، بەڵام حكومەتی ئیسرائیل بە ئیدارەی ترەمپیان راگەیاندووە، حەماس بە هێرشكردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و بە قاچاغبردنی چەك رێككەوتنی پێشێل كردووە.
