سامانەکەی ئیلۆن مەسک 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

3 كاتژمێر لەمەوپێش



گۆڤاری فۆربس ئاشکرایکرد، ئیلیۆن مەسک بووە یەکەم کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی سنوری 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بازاڕی بۆرسەدا.

ئەم پێشهاتە نوێیە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکانی مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هۆشمەندی دەستکرد.

بەپێی راپۆرتەکەی فۆربس، پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانیدا بگاتە 800 ملیار دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ سامانەکەی مەسک بە بڕی 168 ملیار دۆلار زیاد دەکات، بەو پێیەی ناوبراو خاوەنی نزیکەی لەسەدا 42ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کۆی سامانەکەی بگاتە 677 ملیار دۆلار.

مەسک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بۆ یەکەمجار سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی.

هاوکات کۆمپانیای تێسلا رۆڵێکی کاریگەری لەم هەڵکشانەدا هەبووە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێل، بەڵام پشکەکانی تێسلا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا 13 بەرزبوونەتەوە. مەسک خاوەنی لەسەدا 12ی پشکەکانی تێسلاینە و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری (بەبێ شاشەی چاودێری) راگەیاند، پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا 4ی دیکەش بەرزبوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (xAI)ـی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیار دۆلار، کە دەکرێت بەهای کۆمپانیاکە بگەیەنێتە 230 ملیار دۆلار و پێگەی مەسک لە کێبڕکێی جیهانیی زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار