تۆم باراک: خوێنی سەربازەکانمان لە سووریا بە فیڕۆ ناچێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی لە بۆسەیەکی داعشدا، نێردەی تایبەتی ترەمپ ڕایگەیاند کە مانەوەیان لە سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکایە و هەموو هێزی سەربازی و سیاسیی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەخەنەگەڕ.

یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانیان نووسیویەتی: ڕۆژێک دوای ئەو بۆسە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی لە سووریا، ئێمە لە خەم و لە ئیرادەماندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە نەگۆڕی دەمێنینەوە.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە جەخت لەسەر ئەو مەترسییە بەردەوامانە دەکاتەوە کە داعش نەک تەنیا بۆ سەر سووریا، بەڵکوو بۆ سەر جیهان و ئاسایشی نیشتمانیی و یەکپارچەیی خاکی ئەمەریکاش هەیەتی.

لەبارەی ستراتیژیی واشنتن لەو وڵاتە، باراک ڕوونی کردەوە، ستراتیژی ئێمە بریتییە لە بەهێزکردنی هاوبەشە سوورییەکان بە پشتیوانییەکی ئۆپەراسیۆنیی سنووردار بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەیان، بەمەش شەڕەکە لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و سنوورێک بۆ دەستوەردانی ئەمەریکا دادەنرێت و ڕێگری دەکات لە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی گەورەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تۆم باراک جەختی کردەوە هێرشەکەی ئەم دواییە پووچەڵکردنەوەی ستراتیژییەکەیان نییە، بەڵکوو پشتڕاستی دەکاتەوە و تیرۆریستان هێرش دەکەن، چونکە لەژێر فشارێکی بەردەوامی هێزە سوورییەکاندان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن، لەنێویاندا "سوپای سووریا بە فەرماندەیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریایە.

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەمەریکا، نێردەکەی ترەمپ دڵنیایی دا ئەم هێرشە بێ سزا تێناپەڕێت و نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوە و تەواوی ئامێری سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا ڕێگە نادەن ئەم هێرشە بۆ سەر سەربازە گەنجەکانمان بێ وەڵام بێت.

ئاماژەی بەوە داوە مانەوەی سنوورداری هێزەکانیان لە سووریا قەڵغانێکە بۆ پاراستنی ئەمەریکا لە مەترسییە گەورەکان و ڕێگریکردنە لە پەڕینەوەی تیرۆریستان بۆ ئەوروپا و گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئەمەریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار