ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وردەکارییەکانی پلانی ڕۆژانى دواتر لە کەرتی غەززە دوای کۆتایی هاتنی شەڕو ئاگربەستی ئاشکرا کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت. بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئیدارەی غەززە لە دوای جەنگەوە دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە بیانییەکان بەشێوەیەکى کاتى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بلینکن دووپاتی کردەوە کە حەماس پێشنیارەکانی جۆ بایدنی قبوڵکردووەو لەگەڵ ناوبژیوانان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و کردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی. بلینکن زیادی کرد: ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتی فەلەستین پێویستە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ یارمەتیدان لە دامەزراندنی و وەرگرتنی ئیدارەیەکی کاتی کە بەرپرسیارێتی کەرتە سەرەکییە مەدەنییەکان لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت. ڕوونیشیکردەوە، پلانەکە لەسەر بنەمای کشانەوەی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، بەجۆرێک دەسەڵاتی فەلەستین بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا بکات. لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکەدا، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی غەززەن لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بوژانەوەی کەرتی غەززە. ڕوونیشی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی کاتی لە هێزەکانی وڵاتانی هاوبەش و  فەلەستینییەکان پێکدەهێنرێت، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داوای لە دەسەڵاتی فەلەستین کرد چاکسازیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات، یەکڕیزی لە نێوان کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا هەبێت.  جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی چاکسازیکراوی فەلەستین یەکگرتوو قبوڵ بکات. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی خۆشکردنی ڕێگه بۆ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان کردەوه شان بەشانی یەکتر له ئازایدا بژین.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حزبوڵا هەوڵدەدات بە هاوکاری ئێران هێزی خۆی وەربگرێتەوەو خۆى پڕ چەک بکاتەوە، ڕاشیدەگەیەنێت ئەو حزبە هێشتا مەترسییەکی جددی لە سەر ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. دانۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ١٥ ئەندام، دەڵێت: هەرچەندە لە کاتی شەڕدا توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە، بەڵام ئێستا بە هاوکاری ئێران هەوڵ دەدات هێزی خۆی وەربگرێتەوە. دانۆن بە پێویستی زانی حکومەتی لوبنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی قاچاخچێتی چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتی دارایی لە سنووری سوریا و لوبنان و لە ڕێگەی ڕێگا ئاسمانی و دەریاییەکانەوە بێت. دانۆن لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا، ڕوونی کردەوە لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، چەندین هەوڵی گواستنەوەی چەک و پارە بۆ حزبوڵا دراوە. بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە ئیسرائیل و حزبوڵا ڕێککەوتنێک واژۆبکەن لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە بە نێوەندگیری ئەمریکاو لە 27ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، ئەمەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە ململانێ.  لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری لوبنان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا دیاریکراوە.

بەپێى راپۆرتێکى ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەنیازە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، محەمەد شیاع سودانی، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە داونینگ ستریت، تاوتوێی ڕێککەوتنی گەڕانەوەی کۆچبەران بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ستارمەر کەمکردنەوەی کۆچبەرانی بۆ بەریتانیا کردۆتە ئەولەویەت و ئامانجی ئەوەیە کە پرۆسێسکردنی هەزاران کۆچبەری عێراقی کە ساڵانە بە ڕێگای  "نایاسایی" دەگەنە ئەو وڵاتە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت: "رێککەوتنەکە یارمەتیدەردەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی بازرگانیی قاچاخچیییەکان و پەیامێکی روون دەبێت بەوەی ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێیتە ئێرە، ناتوانیت چاوەڕێی مانەوە بکەیت." ئەو هێماى بۆ ئەوەشکردوە زۆر خۆشحاڵە کە دەستیان بە دانوستانەکان کردووە بۆ ڕێککەوتنێکی گەڕانەوەی ئەوانە لە نێوان وڵاتەکانماندا. نزیکەی ١٦ هەزارو ٤٩٩ عێراقی لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ گەیشتوونەتە بەریتانیا، بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە، کە ١٢%ی سەرجەم کۆچبەران لەو ماوەیەدا پێکهێناوە. کۆچی نایاسایی و یاسایی بابەتێکی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنی گشتیی مانگی تەممووزی بەریتانیا، کە پارتی کاری سەرۆکوەزیرانی هێنایە سەر دەسەڵات. لە هەمان هەڵبژاردندا پارتی ریفۆرمی راستڕەوی تووندڕۆی دژە کۆچبەری نایجڵ فاراج سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکرد. دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممە لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە بنیات دەنرێت کە ئیڤێت کوپەر وەزیری دەرەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە مانگی نۆڤەمبەردا واژۆیان کردووە، کە بریتی بوون لە بەڵێنی پشتیوانی دارایی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و عێراق "رێککەوتنی هاوبەشی" واژۆ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و هەلی کار بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە کەرتی ئاو، وزە، پەیوەندییەکان و بەرگری عێراق، بەپێی ئۆفیسی میدیایی سودانی. ئەم ڕێککەوتنە بە بەهای 12.3 ملیار پاوەند (15 ملیار دۆلار)، بەشێکە لە پاکێجێکی هەناردەکردنی بەریتانیا و دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگه‌یاند: زۆر بەخێراییی چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی رووسیا دەكەوێت. لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "نیوزماكس"  تره‌مپ رایگه‌یاند: بەنیازە زۆر بەخێرایی چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین ، سەرۆكی روسیا بكەوێت، له‌ دوای دەستبەكاربونی  له‌هەفتەی داهاتوودا. لەباره‌ی ستراتیجی كۆتایهێنان به‌ جەنگی ئۆكرانیاش، ترەمپ وتی: تەنها یەك ستراتیج هەیەو بڕیاریش بەدەستی پۆتینە، پێموانیە ئەو زۆر دڵخۆش بێت بەو رێگایەی كارەكانی پێدا تێپەڕی، چونكە ئەوە بۆ ئەویش باش نەبوو. هاوكات وتەبێژی كۆشكی كریملین، ئامادەیی پۆتینی پیشاندا، بەبێ هیچ مەرجێك  دیداری له‌گه‌ڵ ترەمپ ئه‌نجامبدات، وتیشی: خوازیارین،به‌ بوونی ویستێكی هاوبەش و ئیرادەیەكی سیاسی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی دیالۆگەوە.

پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایدەگەیەنێت ئەوان هیواخوازن شەر لەنێوان هێزەکانى هەسەدەو تورکیا لە باکورى سوریا(بەنداوى تشرین) کۆتایی پێبهێنرێت. لەکۆنگرەیەکى رۆنامەوانیدا، لەوەڵامى پرسیارى رۆژنامەنوسان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەى داعش، پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) وتى:  ئێمە دەمانەوێت گرژى و ئاڵۆزیەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن، چونکە نامانەوێت سەرهەڵدانەوەی داعش یان ئەو هەلومەرجە ببینین کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا. وتەبێژەکەى پنتاگۆن وتیشى : شەڕێکى سەخت لە باکورى سوریا (بەنداوى تشرین) هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و تورکیا یان ئەوهێزانەی سەر بە تورکیان، ئەمانەوێت کۆتایی پێبێت و ئاگربەست رابگەیەنرێت. وتەبێژی پنتاگۆن ئەوەشى خستەروو ئەرکی ئەوان وەک هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا شکستپێهێنانی داعشە، وتى: من ئاگاداری ئەوەنیم هیچ گۆڕانکارییەک لەو ئەرکە رویدابێت. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.

دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان بە کۆبوونەوەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى رۆیتەرز. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە، سبەینێ سێشەممە لە دەوحە خولێکی نوێى دانوستانەکانی نێوان ئیسرایل و حەماس لەبارەى ئاگربەست لە غەززە ئەنجامبدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە "لە هەموو کاتێک نزیکترە". ئاشکراشی کرد کە بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک، نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکى ئێستاى ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئامادەبن. قەتەر شایەتحاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆی چڕوپڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکانی دەستبەسەرکراو لە غەززە و زیندانیانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرن. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشکەوتن بەدەست هاتووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە. سەرچاوەیەکی فەلەستینی ڕایگەیاند کە حەماس لەم دانوستانانەدا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە پێشکەش کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕگەکانی دەرببڕێت. بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی گرێبەستەکەدا، ژن و منداڵ و پیاوانی سەروو ٥٠ ساڵ یان نەخۆش ئازاد بکرێت، هەروەها سوپا وردە وردە لە زۆربەی ناوچەکانی ستریپ دەکشێتەوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراو لە ماوەی ٤٢ ڕۆژدا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دانوستانەکان بۆ قۆناغەکانی دواتر دوای ١٦ ڕۆژ لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی ئەمریکا دەست پێدەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە ڕاوێژکاری ئەمنی ئەنجام دەدات.

  ژمارەی ئەوانەى بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەرزبووەوە، بەپیێى ئامارەکان تائێستا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسی دیکە بێسەروشوێنن. بۆ حەوتەمین ڕۆژ لەسەریەک ئاگر لە ناوچەگەلێکی دیکەی شاری لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەسەر زەریای هێمن لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەردەوامە. بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ژمارەی کوژراوانی ئاگرەکە گەیشتووەتە 24 کەس و نزیکەی 300 هەزار کەسی دیکەش کە دامەزراوەکانیان سووتاون یان لە نزیک ئاگرەکانەوە بوون، چۆڵکراون. بەرپرسانى ئەو وڵاتە پێشبینی دەکەن ژمارەکە بەرزبێتەوە، چونکە  هێشتا دۆخەکە سەلامەت نییە بۆ هەڵسەنگاندنی ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هێشتا کارێکی زۆر دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە، هاوکات پسپۆڕانی کەشناسی هۆشدارییان داوە لە بەردەوامی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا بۆ کارەکانیان. دەزگای کەشناسیی نیشتمانی هۆشداریی بڵاوکردەوە لە بارەی بای بەهێز، بەجۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان پەستانی گەرما دەگاتە 50 میل لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ 113 کم لە کاتژمێرێکدا. فڕۆکەکان ئاو و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەیان خستە خوارەوە، لە کاتێکدا ئاگرکوژێنەوەکان لەسەر زەوی ئامێری دەستی و هۆزیان بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی پاسیفیک پالیسادز، کە دەستیکرد بە خۆخزاندنە ناو گەڕەکی برێنتوودی ئاست بەرز و ناوچە دانیشتووەکانی دیکەی لۆس ئەنجلۆس. ئاگرەکە کە لە لای ڕۆژئاوای شارەکە نزیکەی ٩٦ کیلۆمەتری چوارگۆشەی سووتاندووە،  تەنها لەسەدا ١١ی ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵکراوە، ئەمەش ڕێژەیەک نیشاندەری ڕێژەی سەدی دەوری ئاگرەکە دەبێت کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵیان کردووە. لە سەرانسەری لۆس ئەنجلۆس بەهۆی دوکەڵی زۆر و کوالێتی هەوای مەترسیدارەوە قوتابخانەکان ناچاربوون دابخرێن، هەروەها ناوچەی خوێندنگە یەکگرتووەکانی لۆس ئەنجلۆس (دووەم گەورەترین قوتابخانە لە وڵاتەکەدا) هەموو قوتابخانەکانی داخست. وەزارەتی پەروەردەی کالیفۆرنیا ڕایگەیاندووە، 335 قوتابخانە لە پێنج پارێزگادا داخراون، لەنێویاندا لۆس ئەنجلۆس، سان بێرناردینۆ و سان دیێگۆ، لەکاتێکدا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان تا ئێستا نادیارە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە جنێفی پایتەختی سویسرا دەستپێبکەنەوە، وەزیرى  گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەنێوان ئێران و ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و پرسی ئەتۆمی تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئامانجەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جنێف چییە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتى: پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، لە کاتێکدا فێربووین بە گرنگیدان و پشتبەستن بە خۆمان بەهێزتر بکەین و ئابووریمان بەهێز بکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان کەم بکەینەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، بۆیە ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. وتیشى: سەبارەت بەم وتووێژانەش وتم کە زنجیرەیەک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دووقۆڵی لەنێوان ئەم سێ وڵاتە و لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکرێن، جگە لە پرسی ئەتۆمی. کۆبوونەوەکە پاش ئەوە دێت، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەرامبەر هاوکارینەکردنیان لەلایەن تارانەوە، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە هاوکاریی ئەمریکا ئامادەکرد و لە ئاژانسى ئەتۆم خستیانە دەنگدانەوە، بە 19 دەنگی بەڵێ لە کۆی 35 دەنگ پەسەند کرا. بەوێرەى ئاژانسەکە، ئێران 170 کیلۆ یۆرانیۆمی کۆگاکراوی هەیە و نزیکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90%، تاران ئەمە رەتناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بۆ بواری ئاشتیی بەکاریدەهێنێت.

ــ کۆمپانیا بەریتانیایەکان گرێبەستی گەورەیان بەدەستهێناوە لەعێراق ــ بەردەوام دەبین لە هاندانی وەبەرهێنانی زیاتری بەریتانیا لە بواری نەوت و گاز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، باس لەئامانجى سەردانەکەی دەکات بۆ بەریتانیا، وتى: ئەم سەردانە باس لە بەردەوامبوون لە چاکسازی کەرتی بانکی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی بەریتانیا و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە گۆڕینی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و بەرزکردنەوەی کارایی کارگێڕی دەکەین. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاوکراوەتەوە باس لەوەدەکات سەردانەکەى بۆ لەندەن كاردانه‌وه‌ی پابەندبوونی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و بەریتانیا. وتیشى: ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو هاوبەشییە، لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە مێژوودا هەیەو ئاواتەخوازە ئاسۆکانی هاوکاری ئابووری، بازرگانی و کولتووری فراوانتر. سەرۆک وەزیران، لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەوەى خستوەتەڕوو، کۆمپانیا دیارەکانی بەریتانیا ساڵانێکە ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی وەک ڕومەیلە و کەرکوک. ئەو وتیشى: لەم دواییانەشدا ئەم هاوکارییە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ دامەزراندنی غازێکی گەورە بەهێزتر بووە پڕۆژەیەک کە نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوت لەخۆدەگرێت. محەمەد شیاع سودانى، جەختیشی لەوەکردەوە: بەردەوام دەبین لە هاندانی وەبەرهێنانی زیاتری بەریتانیا لە بواری نەوت و گاز، هەروەها لە پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، و ئامانجمان بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە". ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی بەریتانیا گرێبەستی گەورەیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە ژێرخانی ئابووری، وزە، تەکنەلۆژیا، پیشەسازی و بەرگری، کە بەهای کۆی گشتییان لە سێ ملیار دۆلار (2.46 ملیون پاوەند) تێپەڕیوە". وتارەکەى سودانى ئەوەشى ئاشکراکردوە، هەناردەی بەریتانیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 6.4% زیادیکردووە، بە ڕێژەی 36%ی هەناردەکردن لە کاڵا و 37% لە خزمەتگوزارییەکان پێکدێت. هەروەها دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ شارەزایی بەریتانیا دەڕەخسێنێت لە بەڕێوەبردن و داراییکردنی پڕۆژەی ژێرخانی گەورە، سەکۆیەکی هاوبەش دابین دەکات کە سوود بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت لە هەمان کاتدا سەقامگیری ئابووری فراوانتر لە ناوچەکەدا بەرز دەکاتەوە".

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، رایدەگەیەنێت لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێم گەڕانەوە بۆ وڵات خێرابووە، دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاوڵاتی سوری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە ٦١ ساڵ وڵاتی بەڕێوەبردوە، ئەو کەسانەی بە زۆرەمڵێ ئاوارە و دەربەدەر کرابوون و ناچاربوون ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن، گەڕانەوەیان بۆ وڵات دەستیپێکردووە. شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بە درێژایی ئەو پرۆسەی بەهۆی ڕووخانی ڕژێم هاتووەتە ئاراوە، ئەو کەسانەی لەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراون ئاوارە نەبوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵکی زیاتر هاتوونەتەوە بۆ ژیان لێرەدا، ئێستاش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ کێشە بەیەکەوە دەژین. ئەحمەد شەرع، باسى لەوەکرد ئاماژەی بە زیادبوونی گەڕانەوە ئاوارە و پەنابەرانی سووری کرد بۆ وڵاتەکەیان، ڕایگەیاند: دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاووڵاتی سووری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، تەنیا یەک بۆ ١،٥ ملیۆن کەس دەمێننەوە.

ئەمرۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕیاز میوانداری کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا. سەرچاوەکان بە شەرق ئەوسەتیان ڕاگەیاندوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانى، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات، جگە لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە. وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا، پێش ئەوەی گفتوگۆی فراوانتر لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانیان و نوێنەری ڕێکخراوە بەشداربووەکان بکەن، بەپێی هەمان سەرچاوە. لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جێگری وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەیەکی فرەقۆڵی دەکات کە سعوودیە بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ناوچەکەو هاوبەشە جیهانییەکان بۆ هەماهەنگی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گەلی سوریا رێکیدەخات. باڵیۆزی سوریا لە سعودیە، ئەیمەن سوسان، جەختی لەوە کردەوە کە “سعودیە کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە، و توانایەکی گەورەى هەیە دەتوانێت پاڵپشتی سوریا بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت”. چەند ڕۆژێکە سعودیە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە خۆراک و شوێنی حەوانەوە و پێداویستی پزیشکی دەگوازێتەوە، هاوکاری مرۆیی بۆ دیمەشق دەنێرێت. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ئێستا گەلی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەمرۆ شەممە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستی کردووە بە دەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون. کەناڵی 12 ئیسرائیل لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ دەستیکردووە بەدەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکاندا، و ئەویش "پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنەکە تەواو بکات پێش ئەوەی دەستبەکاربێت لە ٢٠ى ئەم مانگە". ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێشنیازەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی فیلادلفیا و دەروازەی نیتساریم لە دوا ڕۆژی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی بەشێکی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا خاڵەکانی چاودێری ئیسرائیل، لە کۆتا ڕۆژی قۆناغی سێیەمیشدا کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەبێت. بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە میدیاکانی ڕاگەیاند: دیدگای کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەواو بووە، ڕێککەوتن لەنێوان ناوبژیوانەکاندا هەیە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. بەپێی سەرچاوەکان، هەردوولا لەسەر هێڵکارییە گشتییەکانی قۆناغی دووەم ڕێککەوتوون، خاڵە ناکۆکییەکانیش لە کاتی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمدا دواخران بۆ گفتوگۆکردن. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری و ژمارەی بارهەڵگرەکان وردە وردە لە ڕێگەی دەروازەی سەڵاح الدین و دەروازەی کەرەم شالوم لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە زیاد دەکات. هەروەها دەروازەی ڕەفعەت وردە وردە دەکرێتەوە، سەرەتا لە حاڵەتە فریاگوزاریەکانی وەک نەخۆش و بریندارەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر ژمارە و پۆلەکانی زیاد دەکرێت. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، کە لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە ئیسرائیل.

ــ نرخى خانوەکە بایی ٩ ملیۆن دۆلارە،  ڕووبەرەکەی ٤٢٠٠ پێی چوارگۆشەیە ــ بە شێوەیەک دیزاین کراوە  بەرگەی بوومەلەرزە سەقفەکەى بەرگەى ئاگر دەگرێت ــ لە ئاگرەکەى لۆس ئەنجلۆس، تا ئێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە بەپێى ئەو وێنانەى لە ئاسمانەوە گیراون، ماڵێک لەگەڕەکێکى لۆس ئەنجلۆس نیشان دەدەن، سەرەڕای ئاگرکەوتنەوەکان کە هەموو ماڵەکانی نزیکیان بۆتە خۆڵەمێش، بەڵام تەنها ئەو خانوە سێ نهۆمیە هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە. خانوەکە هی بازرگانێکی ئەمریکیە بەناوى دەیڤید شتاینەر، نرخەکەى بایی ٩ ملیۆن دۆلارە،  ڕووبەرەکەی ٤٢٠٠ پێی چوارگۆشەیە و ٤ ژووری نوستنى تێدایە. لە کاتێکدا ئاگرى کێوەکانی لۆس ئەنجلۆس هەموو شتێکی لە ڕێگاکەیاندا سوتاندو کردنى بەخۆڵەمێش،  بەڵام ماڵە سێ نهۆمیەکەی ئەو بازرگانە بەپێوە ماوەتەوەو بە شێوەیەکی موعجیزە هیىچى لێنەهاتووە. ئەو خانووە  بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرێت و بیناسازییەکی زۆر تۆکمەی هەیە، لەوانە دیواری بەرد و سەقفەکەى بەرگەى ئاگر دەگرێت. نزیکەى هەفتەیەکە لە لۆس ئەنجلۆسی لە هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو شارە ئاگرێکى بەهێزو فراوان کەتوەتەوە، تا ئێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ هەزار بینای لەناوبردووە و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارانە بەرزببنەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو وتاری ماڵئاوایی تەلەفزیۆنی پێشکەش دەکات، ئەمەش پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، هاوکات سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەنیازە لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا 100 فەرمانی جێبەجێکردن دەربکات. کۆشکی سپی ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "رۆژی چوارشەممە 15ی 1، کاتژمێر 8ی ئێوارە، سەرۆک کۆمار لە ئۆفیسی هێلکەییەوە وتاری ماڵئاوایی پێشکەش بە میللەت دەکات". لە ڕاپرسییەکدا ئاشکراکراوە تێڕوانینی ئەمریکییەکان بۆ خولی بایدن تاریکترە لە تێڕوانینیان بۆ دوو خولی پێشووی سەرۆکایەتی باراک ئۆباماو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. بەپێی ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی کاروباری گشتی ئەسۆشێتد پرێس-NORC، نزیکەی چارەکێک لە گەورە ساڵانی ئەمریکی دەڵێن بایدن سەرۆکێکی "باشە. لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ خۆی ئامادە دەکات بۆ دەرکردنی زیاتر لە 100 فەرمانی جێبەجێکردن لە یەکەم ڕۆژی خۆی لە کۆشکی سپی دەستپێدەکات، ئەمەش بەگوێرەی ئاژانسەکانى هەواڵ. ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە کاپیتوڵ هیڵ، سیناتۆرەکانی کۆمارییەکانی لەو دەستپێکردنە بەهێزە ئاگادارکردەوە. ڕۆژی دووشەممەى رابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا سەرکەوتنی ترەمپی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ دا سەلماند و ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی کۆمارییەکان بۆ کۆشکی سپی. ترەمپ لە ٢٠ی ئەم مانگە، دوای مەراسیمی دەستبەکاربوونی فەرمی لە واشنتۆن دی سی بە فەرمی وەک سەرۆکى ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.

ــ  میقاتی هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتێکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرعەوە پێگەشت ــ سەرۆکی هەڵبژێردراوی لوبنان بەڵێنیداوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ سوریا هەبێت سەرچاوەیەک لە حکومەتى لوبنانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەردانى سوریا دەکات، لەگەڵ ئەحمەد ئەشەرع، سەرۆکى کاتى سوریا لە دیمەشق کۆدەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانى سەرۆک وەزیرانى وڵاتێک لەدوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی پایتەختی سوریا بکات، هەروەها ئەم سەردانەش یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ سوریایە لە ماوەی ١٥ ساڵدا. نەجیب میقاتی هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتێکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرعەوە پێگەشت و بەفەرمى بانگهێشتى ناوبراوى کرد بۆ ئەوەی سەردانی سوریا بکات. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو جۆزێف عەون، وەەک سەرۆکی نوێى لوبنان سوێندی دەستووری لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەى خوارد، دوای ئەوەی لە خولی دووەمی دەنگدان بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا. سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی لوبنان لە وتارەکەیدا لە سوێند خواردنەکەیدا بەڵێنیدا "پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتی سوریا" دابمەزرێنێت. عەون خوازیاری "دیالۆگی جددی لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو دەوڵەت" جەختی لەسەر پاراستنی سنوورەکانی نێوان سوریا و لوبنان کردەوە. لای خۆیەوە، شەرع، دوای سەرکردایەتیکردنی ئیدارەی نوێ، دوای داڕمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی دووەم لەسەر دەستی کوتلە چەکدارەکان، هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی بەهێز بکات. شەرع ڕایگەیاند بەدوای پەیوەندییەکی باشدا دەگەڕێت لەگەڵ هەموو دراوسێکانی دەوروبەری سوریا.