ئێران گروپەچەکدارەکانى عێراق ئامادە دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئیسرائیل
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دەزگاى پەخشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئێران پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق زیادکردووە و ئەو هەنگاوەی بە "ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل" وەسفکردوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تاران ناوەندی کێشکردنی نفوزی سەربازی خۆی لە لوبنان، سوریا و کەرتی غەززەوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق، ئەوەش دوای ئەو لێدانانەی کە "میحوەری لایەنگری ئێران" لەو بەرانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرکەوتووە.
میدیاکانى ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانیان عێراق بڵاویانکردەوە کە پشتیوانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ گروپەکان و ڕاهێنانی ئەندامەکانیان لە تاکتیکی نوێ لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "تاران بریکارەکانی خۆی لە عێراق ئامادە دەکات بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل لە ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکەدا"، ڕوونیشی دەکەنەوە کە ئەم کوتلانە "بۆتە هێزێکی کاریگەر کە لە هەندێک بواردا تواناکانی سوپای فەرمی عێراق تێدەپەڕێنێت، لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی نفوزی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا".
دەسەڵاتی پەخشەکە دەشڵێت "لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئێران، میلیشیاکان خۆیان لە بەشداری ڕاستەوخۆ بەدوور گرت بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەغدا".
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل و مۆساد خۆیان بۆ هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئامادە دەکەن و ڕوونیشیکردووەتەوە کە شێوازی سەرەکی هێرشەکە بریتییە لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
