لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا دەستیپێکرد، بڕیارە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکەن، چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنە ستراتیژییەکەی نێوان هەردوولایە. پێش کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو باسی لە چەند پرسێک کرد، گوتی، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان مامەڵە دەکەین، بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی هەردوولا پێوەی پابەندن، دەشیانەوێت پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد بەشێک بێت لە هاوکێشەی سەقامیگریی ناوچەکە. سودانی راشیگەیاند، بابەتی ئاو لای عێراق هەستیارە و بەگوێرەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، دەربارەی رێگەی گەشەپێدانیش گوتوویەتی، رێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ تورکیا، چونکە خۆبژێویی ئابووری لە ناوچەکە دروست دەکات، بە گرنگترین پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کردووە. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ڕێوشوێنەکانی کارپێکردنی ستاندارد بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاوڵاتیانی عێراقی لە تورکیا. - ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی دادوەری. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن تایبەت بە هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە ماددە هۆشبەرەکان. - پرۆتۆکۆلی هاوکاری سەبارەت کردنەوەی لقی زانکۆکانی تورکیا لە بەغداد و بەسرە. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڕێوەبردنی فریاگوزاری و کارەساتەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەیوەندییە گشتییە دیجیتاڵییەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چالاکیەکانی ستاندارد و پێوانەکردن. - دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری هاوکاری ڕاهێنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
سهرچاوهیهكی ئهمهریكی باس لهوه دهكات، سهرۆكی وڵاتهكهی له سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل بێئومێد بووه؛ دهشڵێت، بهبێ گهڕانهوه بۆ ئیسرائیل ههوڵی بهدیهێنانی ئامانجهكانی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهدات. پێنجشهممه، 8ـی ئایاری 2025، سهرچاوهیهكی نزیك له جۆو بایدن، سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا گوتی: دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا تا دێت ههست به بێئومێدی زیاتر دهكات بهرانبهر به بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل، بۆیه بڕیاری داوه بهبێ پرس و ههماههنگی و گهڕانهوه بۆ بۆچوونهكانی ناتانیاهۆ، جووڵه ستراتیژییهكان له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهست پێ بكات. به پێی ڕۆژنامهی "ئیسرائیل هیوم"، پهیوهندییهكانی نێوان ترهمپ و ناتانیاهۆ ئاڵۆزییان تێ كهوتووه. هاوكات سهرچاوهیهك به ڕۆژنامهكهی گوتووه، ترهمپ چیتر ئاماده نییه چاوهڕوانی ئیسرائیل بكات بۆ بهدیهێنانی ئامانجهكانی، بۆیه بڕیاری داوه تاكلایهنانه دهستهبهری بهرژهوهندییهكانی ئهمهریكا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكات. به پێی ڕۆژنامهكه، ئهمهریكا ههستی بهوه كردووه، ناتانیاهۆ سستی له بڕیاره یهكلاكهرهوهكان دهكات كه پێویسته دهروازهیهك بن بۆ دۆسیهی ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكانی ئیسرائیل لهگهڵ وڵاتانی ناوچهكه. پێشتریش بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانی خۆی لە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكیەكان و حوسییەكانی یەمەن دەربڕى، دەڵێت "یەك بنەما هەیە رێنماییمان دەكات، ئیسرائیل بە تەنها بەرگریی لەخۆی دەكات لە بەرامبەر هەڕەشەكان لەهەر شوێنێك بێت". بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بە راگرتنی هێرشی سەر حوسییەكانی یەمەن، كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمەریكا بەرزبووەتەوە سەبارەت بەوەی هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا نەبووە سەبارەت بەو هەنگاوە. میدیاكانی ئیسرائیل، نەبوونی هەماهەنگی پێشوەختەی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە پرسی حوسیەكان بەوە لێكدەدەنەوە كە ئەمەریكا دەستبەرداری ئیسرائیل بووە. پێشتر ترەمپ رایگەیاند "حوسییەكان لەبەرامبەر هێرشەكان چۆكیان داداوە و داوایان لە ئەمەریكا كردووە هێرشەكان دژیان بوەستێنێت". وتیشی "بەوهۆیەوە دەستبەجێ هێرشی ئەمەریكا وەستاوە". سەرۆكی ئەمەریكا وتی "هەواڵی باشمان پێگەیشتووە، حوسیەكان رایانگەیاندووە كە شەڕیان ناوێت، ئێمەش وەڵاممان دایەوە، هێرشەكان دەوەستێنین، ئەوان رادەست بوون، بەڵینیان داوە كە كەشتییەكان نەكەنە ئامانج، كە ئەوەش لە سەرەتاوە ئامانجی ئێمە بووە، پێموایە ئەو راگەیاندنە شتێكی ئەرێنییە". دەسەڵاتدارێتی میرنشینی عوممان رۆژی سێشەممە هەواڵی رێككەوتنی ئەمەریكا و حوسییەكانی یەمەنی راگەیاند، كە راگرتنی شەڕ و راگرتنی بە ئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سور و گەرووی بابولمەندەب دەگرێتەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەك لە چڕبوونەوەی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا بۆسەر یەمەن، كە بەمدواییە ئیسرائیلیش بەشداریی تێداكرد.
رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیل، بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەک ئاشکرایدەکات، مانگى ڕابردوو کەسایەتییەکی دیاری بەرگری سوریا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری لە ئیسرائیل کۆبونەتەوە. بەوتەى ڕۆژنامەکە کۆبوونەوەکە بە نهێنیی بووەو بەشێوەى ڕاستەوخۆ دانیشتنەکانى سوریا و ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەردەوام بووە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو شاندە سوورییەی کە سەردانی ئیسرائیلیان کرد، بەرپرسانی پارێزگای قنیترەی سوریایان لەگەڵدابووە. رۆژنامەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو بەرپرسانی سوریا لە مانگی نیساندا سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، بە کردنەوەی لینکێکى ڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری ئیمارات بووە، ئەمەش دوای ئەوەبووە دیمەشق هەڵوێستى گۆراوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ڕایگەیاند سوریا 'مەترسی نییە بۆ سەر ئیسرائیل'. ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت. رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد. ئەحمەد شەرع گوتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات." سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت." ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."
حەمید واحیدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکان بە تەقەمەنی و ئامێر و مووشەکی دوور مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی تەیارو ئامادەکراون. ئەو بەرپرسەى سوپاى ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یەکەمین فڕینی تاکەکەسی لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە، وتى: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە وڵات دەکەن. ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستی بە ئەفسەرێکە کە خاوەنی هەم پابەندبوون و هەم پسپۆڕی بێت. ئەو وتیشی: زانست لە جیهاندا بە خێرایی ڕووناکی دەجوڵێت و نابێت لە دواوە بین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە یسڕائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ئێران لە بەردەوامی پاڵپشتیکردن بۆ حوسییەکان لە رووی دارایی و چەکەوە و دەڵێت؛ “سەردەمی بریکارەکان” کۆتایی هاتووە و “بەرەی خراپەکاری”ش داڕماوە. کاتس دەشڵێت، “من سەرکردایەتی ئێران ئاگاداردەکەمەوە، کە كۆتایی بهێنن لە پشتیوانیی حوسییەکان و بە پارە و چەک و ئاڕاستەیان مەكەن”. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوەی ئێمە بەرامبەر حزبوڵا و حەماس و ئەسەد و حوسییەکان كردمان، بە تارانیشی دەیکەین، بۆیە دەبێت ئاگاداربن. هەروەها گوتی: گورزی توندتریش لە حوسییەكان دەدەین، بەتایبەت ئەگەر بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە، سوپای ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ هەر ئەرکێک. ماوەیەكە ئیسرائیل دەستی بەهێرش بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن كردووە، ئەوەش بەهۆی هێرشی ناوە ناوەی ئەو گرووپە بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەزەوە لە ئۆكتۆبەری 2023.
دوابەدوای دەستگیرکردنی ئێرانییەکان لە بەریتانیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایە وڵاتەکەی لە پیلانێک بۆ بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە وتی: ئێران بە توندی ڕەتیدەکاتەوە هەر جۆرە تێوەگلانێک لەم جۆرە کارانەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت لە بارەی پیلانی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکانەوە لە هیچ تۆمەتێک ئاگادارنەکراینەوە. عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەش دەخاتە ڕوو بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرت و دەنگۆیانە لەم كاتەدا گومانەکان دروست دەکات، هاوكاری هەر لێكۆڵینەوەیەك دەكەین كە بەریتانیا لەو بارەوە ئەنجامی بدات. رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، لە دوو ئۆپەراسیۆنی پۆلیس و دژەتیرۆری بەریتانیادا 8 کەس بەتۆمەتی "پیلانی هێرشی تیرۆریستی لەنێو بەریتانیا" دەستگیر کران. پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا پێنج گومانلێکراو دەستگیرکران کە چواریان ئێرانی بوون؛ لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا سێ ئێرانی دەستگیر کران. بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 55 ساڵە؛ ئۆپەراسیۆنەکانیش لە شارەکانی لەندەن، مانچستەر و سویندن بوون.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی لە حووسییەکانی یەمەن کرد و دەڵێت: ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا گورزی توندیان لە حووسییەکان دەدەین. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، هۆشداریدا لە پشتیوانی ئێران بۆ حووسییەکان لە بواری دارایی و پڕچەککردن. گوتی: من سەرکردایەتی ئێران ئاگادار دەکەمەوە کە پارە و چەک بۆحووسییەکان ئاڕاستە دەکەن، ئەوەی بەرامبەر حووسییەکان کردمان بەرامبەر ئێرانیش دەیکەین. دەشڵێت: سەردەمی بریکاری کۆتایی هاتووە، ئێستا بەرەی خراپەکاری داڕماوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر حووسییەکانی کردی، بە ئێرانیش دەیکات." بە ئاماژەدان بەو لێدانانەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە دژی شوێنەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەستی پێ کرد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئیسرائیل توانای بەرگریی لەخۆی هەیە، بە هێزەکانی خۆی بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەک و هەر دوژمنێک دەوەستێتەوە بەبێ دوودڵی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بەوەدا "ئەوەی ئێمە لە بەیروت بەرامبەر حزبوڵلا، حەماس لە غەززە، ئەسەد لە دیمەشق و حووسییەکان لە یەمەنمان کرد - لە تارانیش دەیکەین." لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە "وڵاتەکەی ئیسرائیل توانای بەرگریکردن لە خۆی هەیە." بە ئاماژەدان بەو ڕێککەوتنەی ئەمەریکا و حووسییەکان لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە. بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، سێشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حووسییەکان و ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر لایەنەکەی دیکە، لەنێویاندا کەشتییە ئەمەریکییەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب". بەڵام سەرکردەکانی حووسییەکان ئەو ڕێککەوتنەیان بە درۆ خستەوە و دەڵێن، هیچ ڕیککەوتنێک نەکراوە و دوورە لە ڕاستییەوە.
کەمێک لەمەوبەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا بەڕێ کەوت، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، سوودانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای عێراق و تورکیا بۆ هاوکاریی ستراتیجی بەڕێ کەوت." ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی ئایاری 2025، فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە هەشتی ئایار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە. فەخرەدین ئاڵتوون رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا پێشوازی لە سوودانی و شاندە یاوەرییەکەی دەکات. ڕۆژی دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، شاندێکی فەرمی عێراقی گەیشتنە تورکیا وەک ئامادەکاریی بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی دوو قۆڵی. باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت. ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی. ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی. عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات
وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایدەگەیەنێت لە هێرشی تۆڵەکردنەوەدا بۆ سەر هیندستان تەنها پێگەی سەربازیی بە ئامانج دەگرین نەک مەدەنی. لەشەوى ڕابردووەوە هیندستان و پاکستان لە لێواری ململانێیەکی فراوانتردان، دوای ئەوەی هیندستان هێرشەکانی بۆ سەر هەردوو پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت دەستیپێکرد. هیندستان ڕایگەیاند کە "ژێرخانی تیرۆریستی"ی کردووەتە ئامانج لە دوای کۆمەڵکوژییەکی گەشتیاری لە کشمیر کە لە ژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە لە مانگی ڕابردوودا. بەپێی نوێترین ئامار کە بەرپرسانی هیندستان و پاکستان بۆ میدیاکانیان ئاشکرا کردووە، نزیکەی 50 کوژراو لە هەردوولا بەهۆی پێکدادانەکانی شەوی رابردوو هەن و ژمارەی بریندارانیش نزیکەی 120 کەسن. ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایار عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆسەر وڵاتەکەی "26 هاووڵاتیی سڤیل" کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسلام ئاباد لە کات و شوێن و بە رێگەی تایبەتی خۆی وەڵامی نیودێلهی دەداتەوە. خواجە ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان وتی پاکستان تەنها ئامانجە سەربازییەکان لە هیندستان دەدات نەک ئامانجە مەدەنییەکان. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی هەواڵیی پاکستانی جیۆ نیوز کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدانی هیندستان وتی: ئێمە هەرگیز لەخەڵکی مەدەنی نادەین. "پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبین، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نێودەوڵەتییە تەنها بۆ ئامانجە سەربازییەکان لەخۆدەگرێت." ئەحمەد شەریف، وتەبێژی سەربازی پاکستان ڕایگەیاند، کاتێک هیندستان هێرشەکەی بۆ سەر پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەکاتی ناوخۆیی دەستپێکرد، 57 گەشت لە ئاسماندا هەبوون. وتیشی: "ئەو کاتە چەندین گەشتی ئاسمانی هەبوون کە لە ئاسماندا بوون و ژیانی هەزاران سەرنشینی سەرنشینەکان کەوتە مەترسییەوە". ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکان فڕۆکەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان لەخۆگرتووە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کردووە، واز لە شەڕ بهێنن و گوتی: "جیهان توانای رووبەڕووبوونەوەی شەڕێکی سەربازی لە نێوان پاکستان و هیندستان نییە." ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دووپاتی کردەوە، نابێت هاووڵاتیی سڤیل بکەونە نێوان هەردوولا و دەبێت ناکۆکییەکان کۆتاییان بێت و پێویستە ئەم ئاڵۆزییە لە رێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئۆکرانیاو چەند وڵاتێکی دیکە کردووە، ئەو کۆچبەرانە وەربگرێت کە لە ئەمریکا دیپۆرت دەکرێنەوە. ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ترەمپ دێت بۆ ڕاگرتنی قەیرانی کۆچبەران لە سنووری باشوور و ڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بە شکستی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەسفی کردووە، ئەوکەسانە دیپۆرت دەکرێنەوە پێشینەی تاوانکارییان هەیە. جگە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین بۆ وەرگرتنی دیپۆرتکراوی غەیرە هاوڵاتی، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی داوە ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجام بدات. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە سەرەتای ئەمساڵ داوایان لێکرا ژمارەیەکی دیارینەکراوی دیپۆرتکراوی ئەمریکا وەربگرێت. ئەو بەڵگەنامانەی ڕۆژنامەکە پێداچوونەوەی بۆ کردوون، نیشانیان نەداوە کە بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا چۆن وەڵامی ئەو پێشنیازەیان داوەتەوە، کە لە کۆتایی مانگی یەکدا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکاوە گەیاندراوە. ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی ئۆکرانیەوە ئاگادارکراوەتەوە کە وەڵامی فەرمی نایەتەوە تا هەڵوێستێک لەسەر ئەو پرسە نەگیرێتەبەر. دوو بەرپرسی ئۆکراینی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەو پرسە نەگەیشتووەتە ئاستە بەرزەکانی حکومەتەکەیان. یەکێک لە بەرپرسەکان ڕایگەیاند کە ئاگاداری هیچ "داواکارییەکی سیاسی" نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئۆکرانیا هەبێت بۆ ئەوەی دیپۆرتکراوان قبوڵ بکات. بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا پەیوەندی پێوەکردوون، ئۆکرانیا لەو کاتەوەی ڕووسیا هێرشێکی بێ وێنەى لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دەستپێکرد، لە دۆخێکی شەڕدا بووە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆکرانیا هیچ هاووڵاتییەکی وڵاتی سێیەمی لە ئەمریکاوە وەرنەگرتووە.
واشنتۆن بەنیازە حکومەتێکی کاتی لە غەززە بە سەرۆکایەتی بەرپرسێکی ئەمریکی پێکبهێنێت، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە. ڕۆیتەرز ئەوەشى زیادکردوە ئەمریکا لە چوارچێوەی ئیدارەی غەززە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکان دادەمەزرێنێت. پێنج کەسی ئاگادار لە غەززە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوای جەنگەوە تاوتوێی ئەگەری سەرکردایەتیکردنی ئیدارەیەکی کاتی واشنتۆنیان لە غەززە کردووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەند ڕاوێژکارێک لەسەر ئاستی باڵا کاربۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتقالی بە سەرۆکایەتیی بەرپرسێکی ئەمریکی دەکەن، ئەمەش بۆ سەرپەرشتیکردنی کەرتى غەززیە تا ئەو کاتەی ئەو کەرتە کارى چەک داماڵینی سەربازی بۆدەکرێت سەقامگیری ئارامى دروستدەکرێت. ئەو پێنج سەرچاوەیە ڕوونیان کردەوە کە گفتوگۆکان کە تا ئێستاش سەرەتایین، ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بۆ ماوەی مانەوەی ئیدارەیەکی لەو شێوەیە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دانەنرێت، چونکە ئەوە بەندە بە بارودۆخەکەوە کەچی ڕودەدات لەداهاتوودا. پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە، سەرچاوەکانی کەناڵى ئەلعەرەبییە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لەژێر فشاری ئەمریکادا پێشنیارێکی نوێ سەبارەت بە غەززە دادەڕێژرێت. ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە کە پێشنیازەکە بریتییە لە کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت و دامەزراندنی خاڵە تایبەتەکان بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە. سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە بڵاویانکردەوە کە ناوبژیوانان بە دوای کۆتایی هێنان بە پێشنیازێکی نوێ لە بارەی غەززە بەر لە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بۆ ناوچەکە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی ئەمریکا لە هاتنە ناوەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ئارادایە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناوبژیوانەکان ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل کە بەرپرسیارە لە دابەشکردنی هاوکارییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە میسر و قەتەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی چوارشەممە هەوڵەکانی نێوەندگیرییان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز.
ئەمڕۆ چوارشەممە پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان هیندستان و پاکستان بەردەوام بوو، هەردوولا لە تۆپبارانەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوانیان بەردەوام بوون زیانی گیانییان بە یەک گەیاند. بەشێکى زۆر لە وڵاتانى جیهان، هۆشدارییاندا بەوەى ئەم گرژى و پەرەسەندنانە ئەگەر بەردەوام بێت مەترسیی گەورە دروست دەکات، بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى هەردوو وڵات خاوەن چەکى ئەتۆمین. لێکۆڵینەوەیەکی پێشووتر، کە زانکۆی (Rutgers) لە ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕی ئەتۆمی نێوان هیندستان و پاکستان لەماوەی چەند خولەکێکدا 100 ملیۆن کەس دەکوژێت. زانکۆکە لە لێکۆڵینەوەکەى جەختیکردووەتەوە، کە جگە لە گیانلەدەستدانى ئەو سەرچاوە گەورە مرۆییە، لەناوچوونی بەرفراوان و گەورە لە ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات روودەدات، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی ئاگرێکى گەورەى شەڕ لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەبێت مەترسى گەورە بۆ سەر جیهان و گرانى روودەدات. لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردووە، هیندستان خاوەنی نزیکەی 160 کڵاوەى ئەتۆمی و توانایەکى گەورەى مووشەکییە، لەوانەش مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا، لە کاتێکدا پاکستان خاوەنی نزیکەی 165 کڵاوەى ئەتۆمییە، ئەمەش واتە هەر هێرشێک لە لایەکیانەوە، وەڵامدانەوە و شەڕى ئەتۆمی دەستبەجێ بە دواوە بێت. بە گوتەى شرۆڤەکاران مەترسیدارترین لایەن، ئەوەیە، هیچکام لە وڵاتان سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی مووشەکییان دڵنیاکەرەوەیان نییە و هەر ئاڵوگۆڕێکی هێرشی ئەتۆمی دەتوانێت کارەسات دروست بکات. شرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڵێت، ئەو گرژییانە تەنها پێویستی بە جوڵەیەکى هەڵە، یان پەرەسەندنێکی نەخوازراو هەیە بۆ ئەوەی ململانێی نێوان هەردوو دراوسێکە بگۆڕێت بۆ خراپترین کارەسات لە مێژووى مرۆڤایەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. پاکستان و هیندستان لە 22ـی نیسانەوە لە لێواری شەڕدان، ئەمەش دوای هێرشێک، کە لە شاری پەهالگام لەکشمیر ئەنجامدراو 26 کەس کوژران. هێرشەکە لەلایەن چەند گرووپێکى چەکدارییەوە ئەنجامدرا، هیندستان پاکستانى تۆمەتبارکرد بە پشتگیرى ئەو گرووپانە، بەڵام ئیسلام ئاباد رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکى بە هێرشەکە و گرووپەکانەوە هەبێت. لەو کاتەوە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانى نێوانیان زیادى کردووە و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هیندستان هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى پاکستان و ئەویش وەڵامى دایەوە، بەو هۆیەوە نزیکەى سەد کەس بوونە قوربانى، کە زۆرینەیان مەدەنى بوون. ئەم گرژییانە دەنگى ناڕەزایی و نیگەرانى لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئاستى باڵا دروست کرد و بەرپرسانى ئەو وڵاتانە داوایان کرد هەردوو وڵات دان بەخۆیاندا بگرن و گرژییەکان کەمبکەنەە. چین وەک یەکەم وڵاتى زلهێز “نیگەرانی” خۆی لە دووبارە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و روسیا داوای لە هیندستان و پاکستان کرد “دان بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن”، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هیوادارە “گرژییەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماسی چارەسەر بکەن”. لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست، شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان “زۆر بە خێرایی بوەستێت”. هەروەها مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا هیندی و پاکستانییەکانی قسەی کرد و داوای کرد گفتوگۆ بکرێت بۆ “کەمکردنەوەی” دۆخی سەربازیی و هێورکردنەوەى گرژییەکان. هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیهان بەرگەی یووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان ناگرێت و داوای لە “هەردوو وڵات کرد خۆیان لە پێکدادانى سەربازى بەدووربگرن”.
وەزیرى دەرەوەى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیداڕایگەیاند پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، ئەوان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە. ئەمرۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لە بەغدایە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە شاری ھەولێر بکاتەوە، ھەروەھا بە پێویستی زانی کە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە. دوای کۆبوونەوەکەش فوئاد حوسێن و جەیھون بایرامۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان باسیان لە پرسی گشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە و ڕایگەیاند کە پێویستە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی بنەمای دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانیی، ئابووریی و گەشتیاری نێوان ھەردوو وڵات. ھەروەھا فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ھەولێر بکاتەوە. باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختيان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن و گوتی: "ھیندستان و پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە و بۆیە پێویستە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاشتی چارەسەر بکرێن". وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە گرنگە گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان، بوەستێندرێن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجوومەنی کارەکانی نێوان ئازەربایجان و عێراق کارا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئازەربایجان و عێراق لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی خزمەتگوازری، تەندروستی و ئابووریی ھاوکاری یەکتر دەکەن. ھەروەھا جەیھون بایرامۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتە لەسەر گرنگی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە سووریا و گوتی: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسمان لە دۆخی مرییی لە غەززە کردووە و لەوبارەیەوە جەختمان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە". گوتیشی: "نابێت دۆخی کەرتی غەززە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە، بەدیھێنانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەریی دوو دەوڵەوتییە".
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیمارات لینکێکى دروستکردوە بۆ دانوستانی نێوان ئیسرائیل و سوریا، سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە دەڵێن، لە کاتێکدا بەرپرسانى نوێی سوریا داوای یارمەتی ناوچەیی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ لەگەڵ دراوسێی باشووریان. سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا و بەرپرسێکی هەواڵگریی ناوچەکە ڕایگەیاند، پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان کە پێشتر باس نەکراون، لەسەر بابەتی ئەمنی و هەواڵگری و دروستکردنی متمانەی نێوان دوو دەوڵەتە کە هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان نییە، کەسێک کە زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت. بەوتەى سەرچاوەیەکیان، هەوڵى نێوەندگیرى ئیمارات، لە١٣ى نیسانى ڕابردوو دەستیپێکردوە، دواى ئەوەى ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا سەردانى ئەو وڵاتەى کردووە. بەشێوەیەکى گشتى لە ئێستادا سەرنجى کۆبوونەوەکان لەسەر بابەتە تەکنیکیەکانە، هیچ ئەگەرێکیش نییە ئەو داونوستانانە سەربگرێت، سەرچاوە ئەمنییە باڵاکەی سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەو پرسەکانەى پەیوەستن بە ئەمنییەوە، تیشکی خراوەتەسەر لەگەڵ چەند فایلێکی تیرۆر. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی سەربازی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە چالاکییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە لە سوریا، هیچ گفتوگۆیەکى لەسەر نەکراوەو کەوتوونەتە دەرەوەی بازنەی کۆبونەوەکان لەئێستادا. سەرچاوە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی ئەمنی ئیمارات و بەرپرسانی هەواڵگری سوریا و بەرپرسانی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل بەشداربوون. ئەو کۆبوونەوەو نێوەندگیریانە پێش هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا لە هەفتەی ڕابردوودا بوو کە یەکێکیان تەنها 500 مەتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشقەوە دوورە، ڕۆیتەرز نەیتوانی ئەوە بسەلمێنێت کە ئایا هیچ هەماهەنگیەک هەبووە لە دوای ڕوودانی هێرشەکانەوە یان نا. ئیسرائیل هێرشەکانی وەک پەیامێک بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا لە چوارچێوەی کاردانەوە بە هەڕەشەکان لە دژی دروزەکانی سوریا، کە مەزهەبێکی کەمینەیە و لقێکی ئیسلامە و لایەنگرانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلدایە.
ڕۆژنامەیەکی تورکی لەزارى بەرپرسانی لوبنانەوە بڵاویاکردەوە، هەواڵگری تورکیا ساڵی ڕابردوو هێرشێکی لە دوورەوە بە کەڵک وەرگرتن لە پەیجەرەکان لە لوبنان پووچەڵ کردەوە. ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشە هاوشێوەکانی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی دەیان و برینداربوونی هەزاران کەس لە نێویاندا ئەندامانی گرووپی حزبوڵای لوبنانی. ڕۆژنامەی دەیلی سەباح ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ لە ڕێگەی هۆنگ کۆنگەوە بەرەو بەیروت دەست بەسەر 1300 پەیجەر و 710 شەحن کە تەقەمەنییان تێدابووە، لەناو بارێکدا گیراوە. بەرپرسێکی ئەمنی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕاپۆرتەکەی بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاست کردەوە بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو. لای خۆیەوە یوسف ئەلزین، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حبوڵا، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەوان، چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکانی پەیجەرەکانی ١٧ی ئەیلول لە لوبنان و سوریا، هەواڵگری تورکیای ئاگادارکردووەتەوە، کە بارێکی پەیجەر ڕەوانەی لوبنان دەکرێت. ئەلزین ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بەسەر ئەو ئامێرانەدا گرتووە و پێدەچێت لەناویانبردبێت. رۆژی 17 ئەیلولی ساڵى ڕابردوو هەزاران ئامێری پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە. رۆژێک دواتر سەدان ئامێری وۆکی تۆکی تەقینەوە؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو ئامێرانە 39 کەس کوژران و 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. حیزبوڵڵای لوبنانی لە 8 تشرینی یەکەمی 2023وە هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕی حیزبوڵا و ئیسرائیل بەردەوامە. لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.
وتەبێژی حوسییەکان لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان ئیسرائیل ناگرێتەوەو لەهێرشەکان بۆ سەر ئەوان بەردەوامدەبن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت. ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین. محەممەد عەبدولسەلام، سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: ڕێککەوتنى ئاگربەستى ئەمریکا، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک و شێوە و فۆرمێک ناگرێتەوە. سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان بووە و بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان ڕادەگیرێت. لە مانگی یەکەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە ناوچەی دەریای سوور نەبووە. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى، لەزاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران فشاریكردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشی حوسیەکان بۆ سەر کەشتیە ئەمریکیەکان. رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە ئەوەشى ئاشکراکردووە، تاران هەژمونی خۆی بەسەر حوسیەکان بەكارهێناوە، وەک بەشێک لە هەوڵەكان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست، هانیداون بۆ ئەوەی واز لە بەئامانجگرتنی کەشتیە ئەمریکیەکان بهێنن. حوسیەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدەن و کەشتیەکانی دەریای سور دەکەنە ئامانج، ئەوەش وەك نیشاندانی هاودەنگییان لەگەڵ فەلەستینیەکان.