لەهەفتەیەکدا مۆسکۆ بە 1200 درۆن و 50 موشەک هێرشیکردووە
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئامارێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی ڕووسیاوە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا مۆسکۆ بە هەزاران پارچە چەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی. هاوکات، داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە چڕبکەنەوە.
لە گوتاری ڕۆژانەیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها لە دوایین هێرشی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، سێ کەس کوژراون و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە حەوتیان منداڵن.
زێلێنسکی پەیامێکی ئاراستەی هاوپەیمانەکانی کرد و وتی: "پاراستن لە مەترسییەکی لەو شێوەیە تەنیا بە چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان دەبێت، نابێت هیچ نەتەوەیەکی جیهان لەبەردەم ئەم مەترسییانەدا بەتەنیا جێبهێڵرێت."
"تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا ڕووسیا بە نزیکەی هەزار و 200 درۆنی هێرشبەر و 50 موشەکی جۆراوجۆر، کە زۆربەیان بالیستیکن، هێرشیکردووەتەسەر ئۆکرانیا."
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بە چڕی کیێڤی پایتەختیشی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
تیمەکانی فریاگوزاری وێنەی ئاگرکوژێنەوەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەرکەوتن خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە گەورانە بوون لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆن و مووشەکەکان لە ناوچەکانی دێسنیانسکی و دارنیتسکیی پایتەخت کەوتبوونەوە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووسیا لە هێرشەکەدا 9 مووشەکی بالیستیی پێشکەوتووی جۆری ئیسکەندەر-M و 62 درۆنی هێرشبەریی جۆری شاهیدی بەکارهێناوە. هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا توانیویانە 4 مووشەکی بالیستی و 50 لەو درۆنانە بخەنە خوارەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی نوێی سزایان بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا راگەیاند کە ئامانج لێی پەکخستنی ئابووریی جەنگی مۆسکۆ و کەمکردنەوەی توانای داراییەتی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.
