ترەمپ: دەستور ڕێگەم پێنادات خۆم بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی كاندید بكەمەوە

17 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەگەری کاندیدکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا دروستبوو، ترەمپ کۆتایی بە هەموو گومانێک هێنا و دەرگای لەسەر خەونی خولی سێیەمی داخست، دوای ئەوەی خولی ئێستای لە مانگی یەکی ساڵی 2029 کۆتایی دێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: جێگەی داخە رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات.

ترەمپ لەناو فرۆكەكەی لە رێگای رۆیشتنی بەرەو کۆریای باشور بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بەپێی راپرسییەکان ئاستی جەماوەریم لە بەرزترین ئاستیدایە، بەڵام وەک دەزانن لەسەر بنەمای ئەوەی خوێندومەتەوە، پێموانییە رێگەم پێبدرێت خۆم كاندید بكەم، بۆیە بزانین چی روودەدات... چونكە ئەوە جێگەی داخە.

بەگوێرەی بیست و دووهەمین هەمواری دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٩٤٧ پەسەند کراوە، "نابێت هیچ کەسێک لە دوو جار زیاتر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت". 

ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ خولی یەکەمی خۆی بەڕێوەبردووە، لە ٢٠ی كانونی یەكەمی ئەمساڵیشەوە دەستی بە خولی دووەمی کردووە. 

ترەمپ لەم دواییانەدا بە ئاشکرا باسی لە داواكاری لایەنگرانی دەكرد بۆ ئەوەی خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات، بەبێ ئەوەی ئەگەری ئەوە رەتبکاتەوە، هاوكات چەندین جار کڵاوی سوری نمایش کردووە کە دروشمی "ترەمپ ٢٠٢٨"ی لەسەرە، کە ساڵی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتییە.
پێدەچێت ترەمپ بەم لێدوانە، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی هەوڵدانی  بۆ خۆكاندیدكردنەوە هێنابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار