هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی دوای ئەوەی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە داوای لێدەکرێت واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنێت. بایدن دەڵێت، "مەگەر تەنیا خوا بتوانێت وام لێبکات وازبهێنم". جۆ بایدن دەڵێت، "من جیهان بەڕێوەدەبەم" و کەسی دیکە لە خۆی بە شایانتر بۆ ئەو ئەرکە نابینێت. ئەمە لەکاتێکدایە، چوار ئەندامی کۆنگرێس کە سەر بە دیموکراتەکانن تاوەکو ئێستا داوایان لە بایدن کردووە واز بهێنێت. مارک وینەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، نیازی وایە گرووپێک لە ناو سیناتۆری دیموکراتەکان دروست بکات کە داوا لە جۆ بایدن بکەن واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بهێنێت. بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی لە وەڵامی ئەو گوشارانەدا دەڵێت، "سەیرکە، ئەگەر خودا بێتە خوارەوە و بڵێت، 'جۆ، لە رکابەرییەکە وەرە دەرەوە'، ئەوە دەهاتمە دەرەوە، بەڵام خودا نایەتە خوارەوە". جۆرج ستیفانۆپۆلۆس، کە لە پێشووتدا راوێژکاری باڵای بیڵ کڵینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا دەکات و لێی دەپرسێت، نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تواناتی خستووەتە ژێر گومانەوە. بایدن لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو دیبەیتە "تەنیا ئەڵقەیەکی خراپ بوو" لە زنجیرەیەک دیبەیتی دیکە. باس لەوەش دەکات، هیچ نەخۆشییەکی جیددی نییە و تەنیا ئەو شەوە هیلاک بووە. 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024ی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. جۆ بایدن لەو شەوەدا ئاستێکی کارەساتباری پێشکێشکرد و زۆرینەی وەڵامەکانی ناڕوون یان هەڵەبوون. لە دوای دیبەیتەکە راپرسی جۆراوجۆر لە ئەمریکا کرا و زۆربەی راپرسییەکان ئەوەیان نیشانداوە بایدن کەڵکی ئەوەی نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەس بەهۆی زۆری تەمەنی و تێکچوونی دۆخی هزر و بیرکردنەوەی. لە راپرسییەکدا ئەوە دەرکەوتووە، 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وابووە دۆناڵد ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و راپرسییەکی دیکەش کە لە ناو دیموکراتەکان کراوە دەڵێت، 1 لە هەر 3 دیموکراتێک لای وایە جۆ بایدن پێویستە وازبهێنێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بزوتنەوەی حەماس دوای 16 رۆژ پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ قسەکردن لەسەر ئازدکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان پەسەندکرد. ئەمە بەبێ رازیبوونی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی تاهەتایی. لە پێشتردا حەماس مەرجی وابوو، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت ئیسرائیل بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی بێت. بەرپرسێکی دەسەڵاتی فەڵەستینی کە لە نێوەندگیرانی قەتەری و میسری نزیکە بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەم وەڵامەی حەماس بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا، ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەند بکرێت، دەکرێت سەر بۆ ئاگربەستی تەواوەتی و کۆتاییهاتنی جەنگی 9 مانگەی غەززە بکێشێت. لە لای ئیسرائیلەوە، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لەم بارەیەوە قسەیان نەکردووە و رۆژی هەینی لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو گفتووگۆکان بەردەوام دەبن و هێشتا جیاوازی لە نێوان ئەو دوو لایەدا زۆرە. بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی حەماس کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، پێشنیازەکە ئاگربەستێکی کاتی، گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە چەند بەشێکی غەززە لەخۆدەگرێت. گفتووگۆ و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە لە چەند رۆژی رابردوودا زیادیکردووە و حەماس و ئیسرائیلیش لەلای خۆیانەوە باسیان لە گفتووگۆ و بەرەوپێشچوونەکان کردووە. یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئاگربەستێک بکات. جەنگی غەززە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا 1200 کەسی کوشت و 250 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 38 هەزار فەڵەستینی کوژراون.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە، بەرپرسێكی ئەمریكاش دەڵێت، پێشنیازەكەی حەماس دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات. میدیا جیهانییەکان لە بارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگر بەست لە غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ئاماژە بەوەشکراوە، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بایدن بە ناتانیاهۆی راگەیاندوە، کاتی رزگارکردنی ژیانی زیندانییەکان هاتووە، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرکراون. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بەرۆژنامەكەی وت: پێشنیازەكەی بزووتنەوەی حەماس كە بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردوە دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، دەتوانرێت لەوچوارچێوەی ئەو پێشنازە ئاڵوگۆڕی دیلەكان بكرێت. نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای دڵنیاكردووەتەوە کە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل شاندێکی دانوستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی مۆساد دەنێرێت بۆ دۆحە. بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و ئازادكردنی دیلەكان، چەند مانگێكە هەریەك لە میسر و قەتەر و ئەمریکا دەستپێشخەری دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتون بە رێككەوتن لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی حەماس داوا دەكات کۆتایی بە جەنگە بهێنێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە بكشێتەوە، هەروەها ئیسرائیل رەتی دەكاتەوە و كاتێك بەئاگر بەست رازی دەبێت، كە تەواوی بزووتنەوەی حەماسی لەناوبردبێت. ئەمڕۆش ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان لەگەڵ سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس کۆبویەوە و دوایین پێشهاتەكانی و دانووستانەكانی ئەو پێشنیازانەی خراوەتەڕوو بۆ وەستاندنی شەڕی كەرتی غەزە تاوتوێ كرد، هەردوولا جەختیان لە یەكڕیزیی هەڵوێست و بەردەوامی هەماهەنگی مەیدانیی و سیاسیی كردەوە. لە بەرەبەیانی 7ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە کیێر ستارمێر دەکەم، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، چاوم لە هاوبەشیی بەردەوامە لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی بەریتانیا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی بەریتانیا و پیرۆزبای لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا رایگەیاند، "بەناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پیرۆزبایی لەکیێر ستارمێر دەکەم، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا". دەشڵێت:" چاوم لە هاوبەشیی بەردەوامە لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی بەریتانیا". جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لەبەریتانیا، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن. بۆ پێکهێنانی حکومەت پارت و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە، پارتی کرێکار بە سەرکردایەتیی کیێر ستارمێر زۆر لەوە زیاتری هێنا.
هاوڵاتی سەرۆکی بەرەی گەل پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی کیێر ستارمێر سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەکات، بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا. نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە بارەی پیرۆزباییان لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، پیرۆزباییەکی گەرم بەتایبەتی ئاراستەی بەڕێز کیێر ستارمێر و بەگشتی پارتی کرێکاران دەکەین، بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی تۆماریان کرد لە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیادا. ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان و بەریتانیا مێژوویەکی هاوبەشی دوور و درێژیان هەیە و ئێمەش زۆر بە پەرۆشەوە لە توانای ئێوە وەک سەرۆک وەزیران دەڕوانین بۆ بەردەوامیدان بە دۆستایەتیی نێوانمان و بۆ باشتر خزمەتکردن بە خەڵکی هەردوو وڵاتەکەمان لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستە بە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانمان. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی كرێكارانی ئەو وڵاتە سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكە بەدەستهێنا و كۆتایی بە 14 ساڵ حكومڕانی پارتی پارێزگاران هێنان پارتەكە لە كۆی 650 كورسی پەرلەمان 326 كورسی بەدەستهێناوە.
هاوڵاتی بەلەمێک لە تورکیاوە بە 110 سەرنشینەوە بەڕێکەوتووە و ونبووە لە تا ئێستادا چارەنووسی سەرنشینەکانی نادیارە. ئەمڕۆ هەینی 5ی تەمووزی 2024، رەنج پشدەری رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری کۆچبەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، "بەلەمێک ونبووە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە کە ئاخۆ نقووم بووە یان رێگەیان لێ ونبووە". رەنج پشدەری ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەلەمەکە 110 کەسی هەڵگرتووە کە ژن و منداڵیشی تێدایە، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی بەلەمەکە و سەرنشینەکانی دیار نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو بەلەمە لە تورکیاوە بەڕێکەوتووە و بەشێک لە سەرنشینەکانی کوردن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، پیسبوونی هەوا لە 10 شاری گەورەی هیندستان هۆکاری 7٪ی تەواوی ژمارەی مردنە. رێکخراو و چالاکڤانانی ژینگە داوادەکەن بە زووترین کات کار بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بکرێت. لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تیمێک زانای بواری کەشوهەوای هیندی کراوە و لە گۆڤاری بەناوبانگیی زانستیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە. زاناکان بۆیان دەرکەوتووە لە هەریەک لە شارەکانی ئەحمەداباد، بەنگالورو، چینای، دەلهی، حەیدەراباد، کۆلکاتا، مۆمبای، پون، شیملا و ڤاراناسی، رێژەی دەنکۆڵەی زیانبەخش کە قەبارەکەی 2.5 مایکرۆ مەترە بەشێوەیەک زیادیکردووە کە خەڵک تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەکات. بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 2008 بۆ 2019، لە هیندستان 33 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە. هۆکاری سەرەکیشی زیادبوونی دەنکۆڵەی قەبارە گەورەیە کە مەزەندە دەکرێت لە هەر مەتر سێجایەک هەوادا 60 دەنکۆڵەی 2.5 مایکرۆ مەتریی تێدابێت. ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت دەبێت زۆرترین دەنکۆڵەی لەو قەبارەیە 15 دانە لە مەترێک سێجا تێپەڕ نەکات. ئەو ژمارەیە 7.2٪ی تەواوی مردنەکانە لەو 10 شارە گەورەیەی هیندستاندا. دەلهیی پایتەختی هیندستانیش خراپترین کواڵتی هەوای هەیە و بەهۆیەوە ساڵانە 12 هەزار کەس دەمرن، ئەوەش 11.5٪ی تەواوی مردنەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت. لەو شارانەشدا کە کواڵتی هەوا باشترە وەک مومبای، کۆلکاتا و چینای، رێژەی مردن بەهۆی خراپی هەواوە بەرزە. رێکخراوی دەبلیو ئێچ ئۆ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو دانیشتووانی زەوی ئێستا هەوای پیس هەڵدەمژن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، حەماس و سوپای ئیسرائیل لەسەر لێواری دروستکردنی چوارچێوەیەکی گفتووگۆن تاوەکو بگەنە ئاگربەست. قسەکانی سەرچاوە ئیسرائیلییەکە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە، وەڵامێکی "ئەرێنی"ی پێشنیازێکی ئیسرائیلییان داوەتەوە. لە شوێنێکی دیکەشدا ئاماژە بەوەدراوە، "هەندێک داواکاریمان بۆ ئاگربەست و چوونەدەرەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە پێشکێشکردووە". رێککەوتنەکە کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەم جۆرەیە، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەبێت سەرەتا گڵۆپی سەوز بۆ چوونە ناو قۆناخێکی نوێی گفتووگۆ لەگەڵ حەماس هەڵبکات. پاشان گفتووگۆ لەبارەی رێککەوتن لەسەر ئاشکراکردن پاشان ئازادکردنی دەستگیرکراوانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لەلای حەماس دەکرێت. بەرپرسانی ئیسرائیل پێویستە پێش چوونە ناو گفتووگۆکانەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و وەزیرەکانیان بە وردی تاووتوێی چوونە نێو گفتووگۆکان بکەن. پێشبینی دەکرێت گفتووگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بە نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا دەکرێت حەوت بۆ هەشت هەفتە بخایێنێت. بە گوێرەی حەماس، لەلای ئەوانیشەوە ئیسماعیل هەنیە، رابەری بزوتنەوەی حەماس بۆ زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ گفتووگۆکاران لە پەیوەندیدا بووە تاوەکو بەرەو "گەیشتن بە رێککەوتنێک" ئاڕاستەیان بکات. ئەم بەرەوپێشچوونانە لە هەوڵدان بۆ گفتووگۆی زیاتر لە کاتێکدایە، شەقامی ئیسرائیلی لە حکومەتەکەیان بۆ هەوڵنەدان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان توڕەن. هۆشدارییان داوەتە حکومەت ئەگەر تەواوی هەوڵی خۆی بۆ گەیشتنە رێککەوتن نەدات، خۆپێشاندانی چەند ملیۆنی دەکەن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی وردە وردە بە گوێرەی ئیسرائیل، حەماس بە تەواوەتی لەناودەچێت و لە توانا سەربازی و بەڕێوبەرییەکانی دادەماڵرێت. ئەمریکا، هاوپەیمانانی و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ حەماس لە غەززە دەدەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، پلانی سەرەکی ئەوەیە، بەشێک لە خێزانە باڵادەست و بەناوبانگەکانی غەززە حکومەتێکی خۆجێیی لە غەززە پێکبهێنن و بەڕێوەی ببەن و لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت. رۆیتەرز لە راپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا دەڵێت، سەرۆکی خێڵ و بنەماڵە بەناوبانگەکانی غەززە دەترسن لەوەی رۆڵی بەڕێوبەریی غەززە بگرنە دەست؛ ئەمە لەکاتێکدایە لە نیوەی جەنگەکەوە ئیسرائیل لە گفتووگۆدایە لەگەڵیاندا. تەحانی مستەفا، توێژەری دۆزی فەڵەستین دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو ترسە تۆڵەکردنەوەی حەماسە لەو بنەماڵانە، چونکە لەوە دەترسن ئەگەرچی حەماس بە شێوەیەکی فەرمی لە غەززەدا باڵادەستیی نەمێنێت، لەسەر شەقامی غەززە هەر جێ پێی دەمێنێت و دەتوانێت گورزیان لێ بووەشێنێت. رۆیتەرز گفتووگۆی لەگەڵ 5 لەو سەرۆک خێڵ و بنەماڵانەی غەززە کردووە و هەموو دەڵێن رەتیانکردووەتەوە غەززە بەڕێوەببەن. ئاژانسە بەریتانییەکە لەبارەی ئاستی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەی حەماس لەو بنەماڵانە ئەگەر بڕیاری بەڕێوەبردنی غەززە بدەن، گفتووگۆی لەگەڵ ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی میدیایی حکومەتی حەماس کردووە، ئەو بەرپرسە لە وەڵامدا دەڵێت، پێی وایە تۆڵەسەندنەوەکە زۆر سەخت دەبێت. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەو بارەیەوە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت، هەوڵی زۆریان داوە لەگەڵ بنەماڵەکانی غەززە لێک نزیکببنەوە، بەڵام حەماس هەوڵەکانیانی هەڵوەشاندووەتەوە. گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی دوای 17 ساڵ بۆ غەززە ئەمریکا خواستی وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی کە ئێستا کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بەڕێوەدەبات بگەڕێنێتەوە غەززە، بەڵام ناتانیاهو لەگەڵ ئەم بیروڕایەدا کۆک نییە. هۆکاری بە دڵ نەبوونی ئەو رێگەچارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، خەڵکی غەززە بە حوکمی دەسەڵاتی فەڵەستینی رازی نین؛ ئەمە بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی فەڵەستینی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و راپرسی کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە. ناتانیاهو دەیەوێت لە ناوخۆی غەززەدا حکومەتێکی خۆجێیی پێک بهێنێت کە قایل بن بەوەی بە ئاشتی و ئارامی لە پاڵ ئیسرائیلدا بژین بەبێ هێرشکردنە سەر یەکدی و کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل. هاوکات خواستی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری ئاسایشی غەززە بکەن و پلانی بنیاتنانەوەی غەززە جێبەجێ بکرێت. لەو بارەیەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان گوتووە، ناتانیاهو لەم کاتەدا هیچ بژاردەیەکی دیکەی بە دەستەوە نییە جگە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ ناوچەکە. ئەمریکا هەوڵی جیددی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ باشترکردنی سیستمی بەڕێوبەرییەکەی و نەهێشتنی گەندەڵی لە ژێر دەسەڵاتەکەدا داوە و ئامادەی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە. مانەوەی حەماس بە گوێرەی رۆیتەرز، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە بەشێکیان دڵیان لە حەماس بەرامبەر ئەو جەنگە نا بەرامبەرەی هەڵیگیرساند تۆراوە، بەشێکیان لە داخی ئەو توندوتیژییەی ئیسرائیل بەرامبەری کردوون بیرێکی پەڕگیریان بۆ دروستبووە و زیاتر لە حەماس نزیکبوونەتەوە. هەربۆیە حەماس ئەگەر دەسەڵاتیش لە غەززە نەگرێتەوە دەست، هێشتا توانای بۆ چالاکی جۆراوجۆر دەمێنێت لە ناو غەززەدا. حەماس تاوەکو ئێستاش هێزی سەرەکییە لە غەززە و هەژموونی بەسەر بازرگانان و خەڵکەکەشدا هەیە. بە گوێرەی گوتەی چوار دانیشتووانی غەززە کە رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا کردووە، حەماس دەستی بە هەڕەشەکردن لە بازرگان و سەرۆک خێڵەکان کردووە و ژمارەیەک ئەندامی ئەو خێڵانەشی کوشتووە. جگە لە ئەندامی سەرۆک خێڵەکان، بەرپرسانی حەماس ئەو کەسانەش دەستگیردەکەن کە سۆزیان بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی هەیە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حەماس ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی خۆی بە تۆمەتی هاوئاوازی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە. دەسەڵاتی فەڵەستینی رایگەیاند، سێ ئەفسەریان دەستگیرکراوە کە هاریکاریی مرۆییان گەیاندووەتە باکووری غەززە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززە رانەگەیێنرێت، پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناوەستێت. نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت، بێ قسە واز لە شەڕ دێنین. باس لەوەش دەکات، بەشداریکردنی ئەوان لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ هاریکاریکردنی حەماس بووە، ئەگەر شەڕیش نەمێنێت، ئیدی پێویست بە هاریکاری ناکات. ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵا دەڵێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێنەوە، ئەوا چارەنووسی پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناڕوون دەبێت. قاسم لە گفتووگۆیەکی 40 خولەکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەموو کاردانەوەیەکی ئەوان پەیوەستە بە بەردەوامی یان وەستانی جەنگ، دروستبوونی ئاگربەست یان پێچەوانەکەی؛ تاوەکو ئەو شتانەش دڵنیا نەبنەوە، ئەمان ناتوانن هەڵوێستی راستیی خۆیان دڵنیابکەنەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا کە گفتووگۆی ئاشتی و ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تێکچوو و لەلایەن هەردوولاوە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا رەتکرایەوە، پێکدادانی حیزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادیکردووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە. بەهۆی ئەو گرژیانەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەر سنووری هەردوو وڵات ئاوارەبوون.
هاوڵاتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کوردستان ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی، لەوانە حاڵەتە ترسناکەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و ئاگرتێبەردان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. رێکخراوەکە نیگەرانی خۆى دەربڕیوە بەهۆى بوونى ژمارەیەکی کەمی ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، راپۆرتەکە لەسەر بنەمای 57 چاوپێکەوتن لەگەڵ کرێکارانی مرۆیی و بەرپرسان و 15 کەسی رزگاربووە. رێکخراوەکە، لە راپۆرتەکەیدا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، بەربەستى سەرەکی بەردەم رزگاربووان ئەوەیە "دەبێت خۆیان سکاڵای تاوانکاری لەسەر هێرشبەرەکەیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم سکاڵایە پێویستە بۆ ئەوەى لەماڵى داڵدەدان بپارێزرێن. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، ساڵی 2023 لانی كەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ساڵی 2022 ژمارەی ئەو ژنانەی كە كوژراون 44 ژن بووە، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێ رەنگە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت. ڕاپۆرتەکە لە زاری توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە، ژنان نایانەوێت بچنە دادگا چونکە لێیان دەپرسن، ،چیتکردووە واى لە بەرامبەرەکەتکردوە بەمشێوەیە مامەڵەت لەگەڵبکات؟، و راپۆرتەکە دەڵێت، نابێت ئەو پرسیارەبکرێت. لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "لایەنگری"ی نێوان هەندێک لە دادوەرەکانی لە بەرژەوەندی پیاوان سەرکۆنە کردووە، کە سزاى هەندێک تاوانباریان وەکو پێویست و بەگوێرەى گەورەیی تاوانەکە نەداوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لە 1ی تەمووزی 2024 لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئاژانسەکە دەشڵێت، هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوو، توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە، دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە، بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان، بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی، ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە 670 هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. سەرۆک کۆماری تورکیا، هەینی رابردووش وتی، دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان، توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد، كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن. لەم بارەیەوە دوێنێ سێشەممە، 2ی تەمووزی 2024، عەلی یرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتێکدا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی 474 كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە، كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج، كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. وتیشی، موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان رووبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو، كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی، هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ، كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد، سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی، بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. هاوکات لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. جێگای ئاماژەیە، شاری عەفرینی سنوریی، بووە شانۆی توندترین پێكدادان، كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. ئەمەش لە کاتێکدایە، لەناوچەكانی تریش بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو، ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوەیی تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڵەیە رووداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە، بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەو
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەپێی ئامارێک کە ماڵپەڕی ترەید ماپ بڵاویبکردۆتەوە ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و بەڕازیل لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر بووە لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار. بەپێی ئاماری ماڵپەرەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ملیارێک و 257 ملیۆن و 56 هەزار دۆلار. دەشڵێت، ، بەڕازیل %98.3ی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە پێکدەهێنێت، لەناو ئەو رێژەیەشدا بە بەهای زیاتر لە 477 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار شەکر و شیرینی و بە بەهای 351 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ڕۆن و میوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەهای 313 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار گۆشتی هەناردەی عێراق کردووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا، عێراق بە بەهای دوو ملیۆن و 394 هەزار دۆلار سووتەمەنی و ڕۆنی ئۆتۆمبێلی هەناردەی بەڕازیل کردووە.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی تێچووی رێکارەکانی جیابوونەوەی خێزانی لە رووسیا لە پێشووتردا تەنیا بە 650 رۆبڵ واتە 7 دۆلار و 39 سەنت بوو، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە تێچووەکەی بۆ 5000 رۆبڵ، 56 دۆلار و 84 سەنت بەرزکردووەتەوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی رووسیا لەکاتێکدایە، کەمترین مووچە لە رووسیا تەنیا چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە بۆ رێکارەکانی جیابوونەوە خەرجدەکرێت. ئامانج لە بڕیارەکە دووانە، یەکەمیان کۆمەککردنی ئەو پارەیەی زیادکراوە بۆ سوپای رووسیا کە ئێستا وەک میدیاکانی رۆژئاوا باسی دەکەن دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە. ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی ژمارەی جیابوونەوەی خێزانە لە رووسیا کە لە 2023دا 683 هەزار و 700 جیابوونەوە تۆمارکراوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی جیابوونەوەی خێزانی، تێچووی گۆڕینی ناویش لەو وڵاتە سێ هێندە کراوە. هاندەری بڕیاری زیادکردنی تێچووی جیابوونەوەی خێزانی دەکرێت خواستی حکومەتی رووسیا بێت بۆ گەورەبوونی خێزان و خستنەوەی منداڵی زیاتر. رووسیا لە 2023دا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەمترین لەدایکبوونی منداڵی تێدا تۆمارکراوە. بلۆمبێرگ دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە رووسیا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە لە جەنگی ئۆکراینادا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە مەراسیمێکی ئاینیی هیندوودا لە هەرێمی ئوتار پرادیشی باکووری هیندستان، بەهۆی پاڵەپەستۆوە 87 کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 2-7-2024، قەرەباڵخییەکی گەورە لە پارێزگای هاتراس روویدا، ئەوەش بەبۆنەی کۆبوونەوەیەکی ئاینیی هیندوو. هاووڵاتیانی پەیڕەوکاری ئەو ئاینە سەردانی پەرستگایەکییان کردووە، ئەوەش چونکە پیاوێکی ئاینی بانگەشەی کۆبوونەوەیەکی دینی کردووە. ژمارەیەک ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی خەڵک لەسەر زەویی نەخۆشخانە و پەرستگاکە کەوتوون. ئاشیش کومار، قایمقامی پارێزگای هاتراس رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخی لە رادەبەدەر لەکاتی جێهێشتنی پەرستگاکە روویداوە". ئەوەشی باسکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان زیادبکات. بە گوێرەی شایەدحاڵێک، دەرگای دەرچوونی پەرستگاکە بچوکبووە و لەو کاتەدا کە خەڵکەکە ویستویانە بچنە دەرەوە لە پڕ قەرەباڵخییەکی زۆر چڕ دروستبووە و کەس نەیزانیوە چیبکات. ئوتار پرادیش پڕ دانیشتووانترین هەرێمی هیندستانە کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە.