ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی ئاشكرایكرد، هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران، پەیوەستە بەدوو مەرجەوە. ویتکۆف لەچاوپێکەوتنێکدا بەفۆکس نیوزی وتوه‌، مەرجەکان بەپلەی یەکەم لەسەر پشتڕاستکردنەوەی بەرنامەی پیتاندن دەبێت‌و دوەمیش پشتڕاستکردنەوەی چەککردنەکە دەبێت، ئەوەش موشەک دەگرێتەوە، هەروەها جۆری ئەو موشەکانەی لەوێ هەڵیانگرتوە. به‌گوێره‌ى ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه‌، گەڕی دوەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لەمسقەت بەڕێوەدەچێت نه‌ك ڕۆماى ئیتاڵیا. ئێرنا لەزاری ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانه‌وه‌ بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، دوای ڕاوێژکارییەکان بڕیاردرا لە 19ی نیسان گەڕی داهاتوی دانوستانەکان هه‌ر لەعومان بەڕێوەبچێت. کاسپار ڤێلدکامپ‌و ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەنداو ئیتاڵیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو، "دانیشتنی گەڕی دوەم لەڕۆما بەڕێوەدەچێت". ڕۆژی شەممە  12ی نیسانی 2025، وه‌فدى ئەمریکا بەسەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ وه‌فدى ئێران بەسەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بەنێوەندگیری عوممان، لەمەسقەتى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌ کۆبونەوە. هاوکات هەریەک لەئێران‌و ئەمریکا کۆبونەوەکەیان بەئەرێنی وەسفکردو ئاماژەیاندا به‌وه‌ى، شەممەی داهاتوو، قۆناغی دوەمی دانوستانەکە بەڕێوەدەچێت.

  بۆیەکەم جار و لەمساڵدا، بەرزترین ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ڕۆژانە بە بەلەم گەیشتونەتە بەریتانیا لە ساڵی 2025 دا تۆمارکرا و تەنها یەک رۆژ 650 کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچوکەوە ڕویان لە بەریتانیا کردوە. سەرەڕای ڕێگریکردن و گرتنی قاچاخچییەکان لەلایەن بەریتانیاوە، بەڵام ڕێژەی چونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی رابردو دوو هێندە زیادی کردوە و وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات. میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردوەتەوە، تەنها  (شەممە12ی نیسان)، 650 کۆچبەر لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە بە 11 بەلەمی بچوک، چونەتە بەریتانیا و ژمارەی پێوانەیی مانگی ڕابردویان تێپەڕاند. بە گوێرەی ئامارەکان،  لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گشتی زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە لە فەرەنساوە گەیشتونەتە بەریتانیا، ئەم ڕێژەیەش  نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە هەمان ڕێژەی چونی کۆچبەر لە ساڵی ڕابردودا. ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە  بە ڕیگریکردن  لە کۆچبەران و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ لە سەرانسەری کەناڵی ئینگلیزیدا کۆچبەر دەگوازنەوە. لای خۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندوە؛ دەیانەوێت کۆتایی بەو پەڕینەوە مەترسیدارانەی بەلەمی بچوک بهێنین کە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک و ئاسایشی سنورەکەیان دروست دەکەن. یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبونی ژمارەی کۆچبەران لەم مانگەدا کە بە بەلەم دەگەنە بەریتانیا، ڕەنگە بەهۆی لەباری کەشوهەواوە بێت، کە لە ئێستادا گونجاوە بۆ پەرینەوەی بەلەم وکەمتر مەترسی دروست دەبێت لەسەر کۆچبەران  لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیادا.

  لە پێشهاتێکی بێ وێنەدا، ئەمریکا بەخێرایی پەرەپێدانی بۆمبێکی ئەتۆمی نوێی B13-61 بەرەوپێش دەبات، کە پێشبینی دەکرێت هێزی وێرانکەری 24 هێندەی بۆمبی هیرۆشیما زیاتر بێت، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی و ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاویکردووەتەوە. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ مۆدێرنکردنی جبەخانەی ئەتۆمی، نیشانەکانی پێشکەوتنی بەرچاو نیشان دەدات کە دەتوانێت ببێتە هۆی تەواوکردنی یەکەم یەکەی بەرهەمهێنان پێش وادەی خۆی. وتەبێژی دەستەی سەلامەتی گواستنەوەی نیشتمانی ئەمریکا (NTSB) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕوونی کردەوە کە یەکەم یەکەی بۆمبە نوێیەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، واتە حەوت مانگ پێش وادەی دیاریکراو. بۆمبەکە وەشانێکی پێشکەوتووی بۆمبی ئەتۆمی B61 یە، هەروەها بەشێکە لە حەوت بەرنامەی مۆدێرنکردنی چەکی ئەتۆمی ئەمریکا. ئەم بۆمبە نوێیە بە یەکێک لە گرنگترین و بەربڵاوترین چەکی ئەتۆمی لە جبەخانەی ئەمریکا دادەنرێت لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە، بەو پێیەی دیزاین کراوە بۆ ئەوەی بە فڕۆکەی خێرا هەڵبدرێت بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییە ستراتیژییەکان. وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆمبی B13-61 توانای پێشکەوتوو بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییە بەهێزکراوەکان و ئامانجە دوورەکان دابین دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی لەسەر بنەمای ئەزموونی بەدەستهێنانی لە پەرەپێدانی بۆمبی B12-61ی پێشوو و وەرگرتنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بووە.

هێرش و بۆردومانەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە و تەندروستى کەرتەکەش دەڵێت، لە 24 کانژمێری رابردوودا 38 فەڵەستینى کوژراون. بەگوێرەى کەناڵی جەزیرەى قەتەری، شەش برا لەکاتی گەشتکردنیان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە دێربەلحی ناوەڕاستى غەزە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. ئەو برایانە لە رێکخراوێکی خێرخوازیدا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانى کەرتەکە لە دێربەلحەوە دەیانویست بچنە باشووری غەزە. هاوکات سوپای ئیسرائیل فەرمانێکی نوی بۆ چۆڵکردنى خان یونس دەردەکات و رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 90 هێرشی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە غەزە ئەنجامداوە و هێرشە ئاسمانى و زەمینییەکانیشی بەردەوام دەبێت. لە بیست و هەشتەمین ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕ بۆ سەر کەرتی غەززە، دەیان فەلەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران. نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی لە غەززە، کوژرانی ٣٨ فەلەستینی لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، داگیرکردنەکە زیاتر لە ٤ هەزار ماڵ و دامەزراوەی کردۆتە ئامانج کە بە سیستەمی وزەی خۆر تەیارکراون وەک بەشێک لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ لەناوبردنی سەرچاوە بەدیلەکانی کارەبا لە غەززە. هاوکات لیواکانی ئەلقەسام ڕایگەیاند، چەکدارەکانیان بە ئامادەبوونی هێزێکی ئیسرائیلی کە دزەیان کردبووە ناو ناوچەی ئەبو ئەلروس لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، خانوویەکی گیراوی بووبییان تەقاندەوە و ژمارەیەکیان کوژران و برینداربوون.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی لەگەڵ راوێژکارەکانی كردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران، پێشبینیشی كرد بەمزوانە بڕیارێکی خێرا بدات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات. لێدوانەكەی ئەمڕۆی ترەمپ، دوای دانوستانی واشنتۆن و تاران دێت لە سەڵتەنەی عومان، كە بە ئەرێنی وبونیادنەر وەسف کراو، رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستان لە رۆژی شەممەی داهاتوو. ترەمپ، لە فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێشهاتەکانی دۆسیەی ئێرانی لەگەڵ راوێژکارەکانی تاوتوێ کردووەو زۆر بە خێرایی بڕیار لەسەر ئێران دەدەن. هەر لەو چوارچێوەدا، ماڵپەری "ئەکسیۆس"ی ئەمریكی،  لەزاری  دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، رۆژی شەممەی داهاتوو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، خولی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ستیڤ ویتکۆف، عەباس عراقچی، رۆژی شەممە بۆ ماوەی نزیکەی (٤٥) خولەک قسەیان کردووە. رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.    هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.    ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی. 

‎كاوە ڕەش/ بەریتانیا  ‎تۆڕی هەواڵی بی،بی،سی، ڕاگەیاندوە: تەنها لەماوەی یەك مانگی ڕابردوودا ، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ٢٦٥ شوێنی بازرگانی، لەوانە سەرتاش و مینی ماركێت و دوکانی ڤایپ،كەزۆرینەیەن لەلایەن ڕەوەندی كوردییەوە خاوەنداریەتیان دەكرێت. ‎پۆلیس و ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێین، ئەوان فەرمانی پشکنین و گەڕانیان بۆ ئەو شوێنانە پێیە، كەلەڕێگای سەرچاوە هەواڵگریەكانیانەوە پێیان دەگات، كەگومانیان لێ دەكرێیت لەو شوێن كارو دوكانانە، ئیشی سپیکردنەوەی پارەو  فرۆشتنی جگەرە و ڤایپی نایاسایی و كاری قاچاغچییەتی و کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبێت. تەنها لەڕۆژی پێنج شەممە ١٠نیسان، ئەفسەرانی پۆلیس، بەڕۆژی ڕووناك  هەڵیانكوتاوەتە سەر شەش شوێنی كوردەكان، لەشارۆچکەی بازاڕی شرۆسبێری. بەگووتەی پۆلیس دووكەس، دەستبەسەر دەکەن كەوەك پەناخوازی کورد خۆیان ناساندووە، بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیس، لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر هەزاران پاوەندی کاش و ڤایپی نایاساییدا گیراوە. ‎دانیال فێن، پسپۆری پۆلیس، لەنۆیەمین هەڵمەتی خۆیدا لەم هەفتەیەدا، دەڵێت بەشێك لەسەرتاشخانەکانی ئیدیعای ئەوە دەكەن لەكاتی كڕین و فرۆشتندا كەداهاتی مانگانەیان  ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار پاوەندە، لەكاتێكدا ئەوان ئەو ژمارە خەڵكەیان ناچێێتە بەردەست بۆ سەرتاشین تاگەرەنتی ئەو بڕە پارەیە بکەن." ‎ بۆیە ئێمە دەستمان بەسەر (سی سی تی ڤی) كامێرای تۆماركردندا  گرتووە، لەبەشێك لەشوێنەكان، بۆیە ئێمە پشكنین بۆ گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو سەرتاشانەش دەکەین. ‎تادێت دەنگی ناڕەزایی شەقام و سیاسەتوانانی بەریتانیا توندتردەبێتەوە، لەبەرامبەر زۆربوونی ژمارەی دووكانەكانی سەرتاشیی و مینی ماركێت و شوێنی فرۆشتنی جگەرەو و ڤەیپی نایاسایی، هەربۆیە لەماوەی یەك مانگی ڕابردوودا، بەسەدان شوێنكاری بازرگانی كەوتونەتە بەرشاڵاوی دەزگاچاودێریی و ئەمنیەكانی بەریتانیا. ‎ بەشێكی زۆرینەیش لەوسەرتاش و شوێنانەخاوەنەكانیان كوردن، لەژێر ناونیشانی (سەرتاشخانەی توركی) پیشەی سەرتاشی دەكەن. ‎بەگوێرەی داتاكانی موڵک و ماڵی بازرگانی گرین ستریت، تێکڕای ژمارەی سەرتاش بۆ هەر کەسێک،  لەئینگلتەرا و وێڵز لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، دوو هێندە زیادی کردووە. ‎ هەربۆیە لەئێستادادەزگای تاوانی نیشتمانی دەڵێت; کە دەستیان كردوە بەهەڵمەتێك لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی ماشێنیزە، وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانە، کەباس لەوە دەکەن هەندێک لەو دوکانانە بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێنرێن، کەباندەکان بە درۆ داهاتی ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانیان دەخەنە ڕوو وەک ئەوەی داهاتی بازرگانییی،  تاشەرعیەت بدەن بەوەی ئەو داهاتەیان كەبئ باج و تاكس دەست كەوتووە سپی بكەنەوە، بۆیە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ بڕێکی زۆر لە پارەی کاشدا دەکەن و خۆیان لەباج دەدزنەوە. ‎ یەكێك لەو ئەفسەرە خانمانەی كەسەركردیەتی ئۆپەراسیۆنیێكی كردووە  لەگەورە شاری مانچستەر بەناوی، میلانیا جۆنسۆن دەڵێ، تەنها لەشەقامێكی گشتی ناوخۆیی،  10 سەرتاش و مینی مارتێکی تێدایە، کەئەمە ناچێتە عەقڵەوە كەچۆن دەتوانن بەردەوام بن و داهاتیان هەبێ، ئەگەر لەژێرەوە جۆرە كارێكی دیكە نەكەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وەک دایکی چەند منداڵێكی  بچووک ، دەیەوێت هەست بەسەلامەتی بكات كاتێك منداڵەكانی گەورە بوو بتوان بەسەلامەتی و بێ ترس بڕۆن دەرەوە. ناكرێت ئێمە لەناو شەقامەكاندا  هەست بەترس و تاوانکاری بكەین. هەرلەم هەفتەیەدا لەئۆپەراسیۆنێكدا : پۆلیس، ژمارەیەك مینی ماركێتی لەشاری مانچستەر و لەناوچەی، ڕۆچدەیڵ، کردە ئامانج، کەگومانیان هەبووە دەستەیەك بن بۆ چالاکیی و كاری نایاسایی، کەتێدا ژمارەیەك لەپەناخوازانی کوردی عێراقیی و ئێرانیی تێدا بەنایاسایی كاریان كردووە لەهەمان كاتیشدا لەشارۆچكەی  (لیی) کێڵگەیەکی حەشیش دۆزراوەتەوە كەزیاتر لە ١٥٠ بنە ڕووەکی حەشیش دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها لەکاتی هەڵمەتەکاندا لەسەرانسەری مانچستەری 35 کەس دەستگیرکران، هەروەها لێپرسینەوە لەگەڵ 55 گومانلێکراوی کۆچبەری نایاسایی کراوە كەزۆربەیان كوردی عێڕاقی و ئێرانی بوون وەك بی،بی،سی ئاماژەی پێداوە. وە سێ قوربانیی بەئەگەری کۆیلایەتی مۆدێرن  لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێ. دواتریش هەژمار و سەروەت و سامانی بانکی بەبەهای زیاتر لە یەک ملیۆن پاوەند سڕكراوە،  وەدەست بەسەر ٤٠ هەزار پاوەندی کاشدا گیراوە. ‎یەكێك لەئەفسەرەكان دان بەوەدا دەنێ كەگروپە تاوانکارییە ڕێکخراوەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا جیاوازن، بەڵام لێرەدا نەخشەیەیكی ڕوونی دوکانەکان دەبینێت کەستافەكان یان پەنابەرەكان پێیك دێن، لەکۆچبەری نایاساییی، وەپشكی هەرەزۆریش لەو کەسانەی لەسەرت تاشەكان، لەپاشخانی کوردن و لەژێر ناوی سەرتاشی تورك, پیشەی سەرتاشی دەكەن. ئاژانسی بەرەنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، پێی وایە هەندێک لەسەرتاشخانەکان یان مینی ماركێتەكان،  وەک پەنایەك بۆ بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی كردن بەخەڵكەوە بەكاردەهێندرێ یان وەكکۆیلایەتی مۆدێرن و ئیستغلالکردنی سێکسی منداڵان بەکاردەهێنرێن. هەروەها ئەم جۆرە دوکانانە دەستیان. تێكەڵە بەهاوردەکردنی تووتن و ڤایپی نایاسایی و چەکی ئاگرین. لەساڵی ٢٠٢٣یەکێک لەخاوەن سەرتاشخانە کوردییەکان  كەكوردێكی  ئێرانی بوو سزا درا (بەناوی  هێوا ڕەحیمپور)، کە دوکانەکەی لەلەندەن وەک بنکەیەکی كاری قاچاغچییەتی و تاوانی ڕێکخراوێکی بەکار دەهێنا،  کەبەبەلەمی بچوکەوە 10 هەزار کەسی بە قاچاخ گەیاندبووە بەریتانیا. ‎لەلایەكی دیكەوە فەرمانگەی باج دەڵێ، ئەم بازرگانیانە خۆیان لە بڕێکی زۆر باج دەدزنەوە. ئەوە پارەیە کەناچێتە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بۆ کۆمەڵگا ناوخۆییەکان بەکاربهێنرێت. ‎پۆلیس دەڵێ; ‎مەزەندە دەكرێت لەسەرانسەری ڕۆچدەیڵ، زیاتر لە ٢٠ شوێنی بازرگانی هەبن کەبنكەن بۆكاری ڕێکخراوە تاوانکارییەکان و دەڵێت; زۆرێک لەو كەسانەی لەوێ كاردەكەن، كوردانی ئێران و عێراق و کوردستان هەن.

  ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى له‌سه‌ر بانگهێشتى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ده‌گاته‌ پاريس. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وتی: به‌پێى كارنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ هه‌ردوو سه‌رۆک، نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن له‌ كۆشكى ئیليزێ، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان تاوتوێ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌. دوێنێ شەممە، 12ـی نیسان، کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئیلیزێ) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە پاریس پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە هەولێر، بەغدا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن.    لە راگەیێندراوەکەی ئیلیزێدا هاتووە: "رۆژی 14ـی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراق کۆدەبێتەوە."   ئەمە یەکەمین سەردانی ئەم ساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی وڵاتە ئەورووپییەکەی کرد.    کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا، "سەرۆککۆمار و سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەکەن."   ئیلیزێ هەروەها ئاماژە لەوە دەکات، "هەردوو سەرۆک دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپاتدەکەنەوە."   فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات لە سووریا و عێراق بەرەنگاری داعش دەبێتەوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا، فەرەنسا نزیکەی 600 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن.    لەوەتەی ماکرۆن لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانیکەم 7 جار لە پاریس، هەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە.    دوایین سەردانی فەرمی و دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لەسەر بانگهێشتی ماکرۆن و تێیدا باس لە پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا کرا.    هاوئاهەنگیی ئابووری، پێکهێنەرێکی دیاری پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریسە. ئەیلوولی پار، بۆ یەکەمین جار "کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و کوردستان" لە پاریس بەسترا.    کۆمپانیا فەرەنسییەکانی وەک تۆتاڵ ئینێرجی، ویستی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.    رەگی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە هەولێر و پاریس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە دانیێل میتران، چالاکوانی سیاسی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و هاوژینی فرانسوا میتران، سەرۆککۆماری پێشووتری فەرەنسا، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد، کاتێک لە لایەن حکومەتی بەعسەوە رووبەڕووی چەوسانەوە دەبووەوە.   لە هەولێر و سلێمانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی و رێگە و پرد بە ناوی میترانەوە کراون. فەرەنسا لە هەولێر کۆنسووڵخانەی گشتی و هەرێمی کوردستانیش لە پاریس نوێنەرایەتیی هەیە.

  ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ  هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی زیاتر لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ژمارەیەکی گەورەش بەردەوام لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا دێتە ئاراوە، بەپێی چوار بەرپرسی ئێستا و پێشووی فیدراڵی کە ئاشنان بەو پلانانە: یەک ملیۆن کۆچبەر دەنێردرێنەوە ئەمەش بەپێی واشنتۆن پۆست. دەرکردن و گواستنەوەی یەک ملیۆن کۆچبەر لە ماوەی یەک ساڵدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی پێوانەیی پێشووتر تێپەڕێنێت، چونکە زۆرترین ژمارەی کۆچبەران تا ئێستا ساڵانە ٤٠٠ هەزار کۆچبەر بووە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا. دوو بەرپرسی ئێستا و پێشوو بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندووە، ستیڤن میلەر ڕاوێژکاری کۆشکی سپی نزیکەی ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا فیدراڵیەکانی دیکە پلانی هەیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. بەرپرسان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی خەڵک بۆ ئەو وڵاتانەی کە هاوڵاتی نین، لەوانە مەکسیک، کۆستاریکا و پەنەما. لەم مانگەدا لانیکەم کۆچبەرێک ڕەوانەی ڕواندا کرا، ئەمەش دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارێزەرەکەی و ئیدارەی بایدن. هەرچەندە ئیدارەکانی ئەمریکا ساڵانێکە هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی خەڵکیان بۆ وڵاتانی سێیەم داوە، بەڵام ئەمە گەورەترین هەوڵ دەبێت تا ئێستا، چونکە ترەمپ هەوڵدەدات گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی ناوخۆیی لە مێژووی ئەمریکادا ئەنجام بدات. بەرپرسان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی خەڵک بۆ ئەو وڵاتانەی کە هاوڵاتی نین، لەوانە مەکسیک، کۆستاریکا و پەنەما. لەم مانگەدا لانیکەم کۆچبەرێک ڕەوانەی ڕواندا کرا، ئەمەش دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارێزەرەکەی و ئیدارەی بایدن. کوش دێسای وتەبێژی کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە ئامانجی ئیدارەکەی نەدایەوە، بەڵام لە ئیمەیڵێکدا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ئەرکی لەلایەن دەنگدەرانەوە هەیە بۆ چاکسازیکردن لە مامەڵەکردنی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئاسایشی سنوورەکان و جێبەجێکردنی کۆچبەری. وتیشی: "تەواوی ئیدارەی ترەمپ هاوتەریبە لەسەر گەیشتن بەم ئەرکە نەک لەسەر ئامانجی ئارەزوومەندانە، لەگەڵ ڕێبازێکی سەرتاسەری حکومەت بۆ دڵنیابوون لە دیپۆرتکردنەوەی کاریگەرانەی بەکۆمەڵ لە بیانییە 'تیرۆریستەکان' و کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە تاوانبارەکان".

  دوای کۆبوونەوەی نێوان هەریەک لە شاندی دانووستاندنکاری ئەمریکا و ئێران لە عومان، ژمارەیەک وڵات لە نێوانیاندا عێراق، هەڵوێستیان بەرامبەر کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دەربڕی و بە " ئەرێنی" وەسفی دەکەن. ڕۆژی شەممە 12ـی 4ـی 2025، گەڕی یەکەمی دانووستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری بەرپرسانی عومان سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە شانشینی عومان بەڕێوەچوو. هاوکات بڕیارە هەفتەی داهاتووش گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە. کاردانەوەی چەند وڵاتێک لەبارەی گفتوگۆکان: سعودیە: لە بەیاننامەیەکدا دانووستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و هیوای خواست کە نێوانی ئەمریکا و ئێران بە ئاشتی کۆتایی بێت. ئەم دانووستاندنە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاشتی لە ناوچەکە. هاوکات سوپاسی شانشینی عومانی کرد بۆ میوانداریی هەردوو وڵات بۆ دانووستاندن. عێراق: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گفتوگۆکانی گەڕی یەکەمی دانووستاندنەکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و گوتی: دانووستاندن باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هیوادارین ئەم دانووستاندنە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بونیادنانی متمانه لەنێوان هەردوولادا ڕەنگاندانەوەی هەبێت. قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ستایشی ڕۆڵی ناوبژیوانی و بونیادنەرانەی عومانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، هەروەها ڕاشیگەیاند کە پشتیووانی تەواوی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکات وەک ڕێگایەکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و ڕایگەیاند: تا کۆتایی گەڕی دووەم هیچ لەبارەیەوە ناڵێم. 

  دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران "باش دەڕوات" و "دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت."   لە کاتی رۆیشتنی بۆ شاری مەیامی بۆ تەماشاکردنی یارییەکی زۆرانبازیی (UFC)، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.    ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی عومان گوتی: "ناتوانم پێتان بڵێم، چونکە هیچ شتێک گرنگ نییە تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجام دەگات، بۆیە حەزناکەم قسەی لەسەر بکەم، بەڵام باش دەڕوات. دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت، من وای دەبینم."   رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.    هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.    ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.    کۆشکی سپی رۆژی شەممە رایگەیاند، گفتوگۆکە "زۆر ئەرێنی و بونیاتنەرانە بوو" و هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.    بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەت، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.   لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و بە دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."   کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە "گفتوگۆی ئەمڕۆی راستەوخۆی ویتکۆف هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامێک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت."   ئێران: ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات بگاتە رێککەوتن   پێش راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت "بە زووترین کات" بگاتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی.     عێراقچی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لایەنی ئەمریکی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی بە جۆرێک دەبێت کە بە زووترین کات بەدەستبهێندرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا دەبێت"؛ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە دانانی بناخەیەک بۆ دانوستاندن زۆر نزیک بووینەوە. نە ئێمە و نە لایەنەکەی دیکە، دانوستاندنی بێ بەرهەممان ناوێت. نامانەوێت دانوستاندن لە پێناو دانوستاندن بکەین."   بە گوێرەی کۆشکی سپی، سەعید بەدر، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو. ئێران دەڵێت، وەزیرەکە لە "گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا" وەک نێوەندگیر رۆڵی بینیوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی پێدادەنێت کە دانوستاندنکارەکان "بۆ ماوەی چەند خولەکێک" رووبەڕوو قسەیان لەگەڵ یەک کردووە.    وەزارەتەکە دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە کەشێکی بونیاتنەرانە و بە رێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوو." 

  ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دوای ئەوەی پشتیوانیی لە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین کرد لەلایەن کوڕەکەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توند دەکرێتە سەر . یائیر نەتانیاهۆ لە ئێکس بابەتێکی دژی ماکرۆن بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نیو کالیدۆنیا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پۆڵینیزیای فەڕەنسی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کۆرسیکا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی باسک، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی گینیای فەڕەنسی، بوەستن لە سەردەستیی نوێی فەڕەنسا لە رۆژئاوای ئەفریقا. ئەم قسانەی یائیر دوای ئەوەدێت، کە هەفتەی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر دۆسیەی غەزە و فەڵەستین گوتی، هەڵوێستی فەڕەنسا روونە و لەگەڵ ئاشتیدایە، بەڵێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵێ بۆ دەوڵەتی فەڵەستین بەبێ حەماس. یائیر دوای ئەم قسانەی ماکرۆن هێرشی توندیکردە سەر سەرۆکەکەی فەڕەنسا و داوای سەربەخۆیی ئەو شوێنانەی کرد کە لەژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەریی فەڕەنسادان.

  لە درێژەی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دژی پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن، فڕۆکە ئەمەریکییەکان پێگەکانی حووسییەکانی لە بەیزا، سەعدە، حودەیدە و مەئرەب بۆمباران کرد. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا جبەخانەکانی حووسییەکانیان لە بەیزا بۆمباران کردووە. هەروەها فڕۆکە ئەمەریکییەکان سێ هێرشی دیکەیان بۆ سەر جبەخانەکانی حووسییەکان لە شاری سالم لە سەعدە کرد. لەلایەکی دیکەشەوە دوو هێرشی ئاسمانی دیکەی کردە سەر پێگەی حووسییەکان لە شارۆچکەی مونەیرە لە باکووری حودەیدە. هەروەها سێ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا سەربازگەیەکی حووسییەکانیان پێکا لە ئیدارەی مەکەیراس لە بەیزا. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە، نۆ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا کۆگاکانی چەکی حووسییەکانیان کردۆتە ئامانج لە شاری سەرواح لە باکووری شاری مەئرەب.

  بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تا ئێستا سێ خولی دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە. هەرچەندە هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی ناوەڕۆکی نامەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران، رووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک سەرچاوەی راگەیاندن دەردەکەوێت کە نامەکە "سێ داواکاری تایبەت"ی ئەمریکای بۆ ئێران تێدابووە. ئەم داواکاریانە بریتین لە: داواکارییەکانی ئەمریکا لە ئێران 1- هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 2- وەستاندنی تەواو و پشتڕاستکردنەوەی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گروپە بە وەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان. 3- سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای چاودێریکردنی ئەو بەرنامانە. ئارگومێنتی ترەمپ بۆ کشانەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی و دژایەتیکردنی ئێران ئەوە بوو، کە مەحاڵە بگەینە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەوەی بابەتی مووشەکی لە رێککەوتنەکەدا نەخرێتە نێو رێککەوتنەکەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بۆ واژووکردنی رێکەوتنەکە فێڵی لێکراوە. ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ئەگەر ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکرێن، رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات و بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی دەبێت چاوەڕێی "بۆردومان" بکات. داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا ئێران بەردەوام باسی لەوە کردووە پەیوەندییەکی دوورودرێژیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە مێژووەکەی پڕه له رووداو و هەڵوێستی زۆر خراپ و نەرێنی، تا رادەی دوژمنایەتی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران له لایەن ئەمریکاوه، هەر بۆیە بێ متمانەییەکی زۆر دروستبووە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن. وەزیری دەرەوی ئێران باسی لەوە کردووە، "ئیدارەی پێشووی ئەمریکا نەک هەر هەڵوێستی باشی بەرامبەر ئێران نەبوو، بەڵکو هەڵوێستی زۆر دوژمنکارانەی هەبوو، سیاسەتی گوشار بۆ سەر ئێران و سزا توندەکانی دژی ئێران لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد" عەباس عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەن و بەو پێیە هەڵوێستەکانی خۆیان هەماهەنگ دەکەن. ئێران چەندین داواکاری گرنگی هەیە کە سوورە لەسەری و بەردەوام جەختی لەوە کردووتەوە کە دەبێت ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەم خاڵانە رەچاو بکات: 1-ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەتوانێت یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکانی ئەمریکا بێت 2- زیندووکردنەوەی ئەو رێکەوتنەی ترەمپ لێی کشایەوە 3-دانوستانەکان تەنها لە سەر پرسە ئەتۆمییەکان سنووردار بکرێت 4- لابردنی سزاکانی سەر ئێران بە تایبەتی ئەو سزایانەی لەسەر کەرتی وزە و نەوتی ئێران سەپێندراون

  نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرایکرد، تا ئێستا یەک ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی سوری، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان. کۆمسیاری باڵای پەنەبارانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لە (8)ـی کانونی دوەمی 2024 و لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە 400 هەزار هاوڵاتی سوری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی سوریا، گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداری داوە، رەنگە لەمساڵدا یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس نەتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها نەبونی بودجەی پێویست رەنگە سورییەکان ناچار بکات جارێکی دیکە وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. دەشڵێت: نزیکەی 16.7 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوریا کە دەکاتە (90٪)ـی دانیشتوان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، باسی لەوەشکردوە زیاتر لە 7.4 ملیۆن سوری لە ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارە. پێشتر نەتەوەیەکگرتوەکان، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لەماوەی ساڵی 2025 بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵیان دەستپێکردوە، بەڵام تا ئێستا تەنها 71 ملیۆن دۆلار لەو 575 ملیۆن دۆلارە بۆیان تەرخانکرابو خەرج کراوە.

  ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تارانی بەجێ هێشتووە و ئێستا گەیشتووەتە مەسقەتی پایتەتی عوممان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. ئاژانسەکانی هەواڵیش ئاشکرایان کردووە، شاندی ئەمەریکاش گەیشتوونەتە مەسقەت. ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ چەند هاوڕێییەکی شارەزامان، یاوەری وەزیری دەرەوەمان کرد بۆ مەسقەت، دەشڵێت: پێداگرین لەسەر بەکارهێنانی تەواوی تواناکانمان بۆ پارێزگاری لە توانا و بەرژەوەندییەکانی ئێران. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێران و ئەمەریکا لەنێوان عراقچی و ویتکۆف ڕاستەخۆ دەبێت. هەر سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، گەیشتووەتە مەسقەت بۆ ئەوەی لەگەڵ عراقچی و شاندەکەی لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی کۆ ببێتەوە.