کۆشکی سپی: ئاگادارى هێرشەکەى ئیسرائیل بوین 

6 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژى کۆشکى سپى ڕایدەگەیەنێت، پنتاگۆن ئاگاداری کردینەوە کە ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە قەتەر، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هۆشدارییەکەی ترەمپ بۆ حەماس هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی ئیسرائیلەوە نەبووە.

هاوکات بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە نەکوژراون، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو لە هێرشەکەدا چەند کەسێک کوژراون کە ئاشکرای نەکردووە کێن.

ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.

دوابەدواى هێرشەکە وتەبێژى کۆشکی سپی بەڕۆژنامەنوسانى وت: قەتەرمان دڵنیا کرد کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە لەسەر خاکەکەی دووبارە نابێتەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەمیری قەتەر و بنیامین ناتانیاهۆ قسەیکردوەو جەختی لە خواستی خۆی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە نەکوژراون.
 
حەماس باس لەوە دەکات، لە هێرشەکەدا شەش کەس کوژراون. لەنێویاندا: جیهاد لەبەد، هومام خەلیل حەییە، عەبدوڵڵا عەبدولواحید، موئمین حەسون و ئەحمەد مەملووک.
 
بزووتنەوە فەلەستینییەکە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بە "تاوان و پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناودەبات و دەشڵێت، دەرخەری ئەوەیە ئیسرائیل هیچ رێککەوتنێکی ناوێ.
 
بەگوتەی حەماس، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لە دەوحە بۆ ئەوە بووە تاوتوێی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار