ئەمشەو دیاردەی مانگ گیران ڕوودەدات

9 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەم ئێوارەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیاردەی مانگ گیران ڕوودەدات.

ئەژی چەتۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی کوردستان ڕاگەیاند:  لە کاتژمێر 6:28 خوولەکی ئەمڕۆ ئێوارە، دیاردەی مانگ گیران لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات و ماوەی کاتژمێرێک و 20 خوولەک بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: کاتژمێر 9:11 خوولەکی شەو، لە هەرێمی کوردستان مانگ گیرانی تەواو ڕوودەدات، تاکوو نزیکەی کاتژمێر 12 شەو کە دیاردەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.

بەگوێرەی زانستی فەلەکناسی، دیاردەی مانگ گیران ئەوکاتە ڕوودەدات، کاتێک زەوی دەکەوێتە نێوان مانگ و خۆر.

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونەو، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە روویداوەو تازە نییە، دەشڵێت: دیاردەی مانگگیران و خۆرگیران، دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دیاردەی مانگگیرانی ئەمشەو بڵاوکردووەتە و تێیدا بە ئایەتێکی قورئانی پیۆر دەستی پێکردووە، کە تێیدا دەفەرمووێت:  (وَٱلۡقَمَرَ قَدَّرۡنَٰهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَٱلۡعُرۡجُونِ ٱلۡقَدِيمِ).

ئاماژە بەوەش دەکات،  مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونە، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە ڕوویداوەو تازە نییە.

دەڵێت: لە فەرهەنگی ئیسلامدا، مانگگیران وخۆرگیران دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ و زیکر و پاڕانەوە و ئیستغفارکردن ،سوننەت و پێویستە.

هەر لە بەیاننامەکەدا، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت:  ئەم دیاردە فەلەکی و گەردوونییە، جێی ڕامان و قوڵبوونەوەیە لە گەورەیی دەسەڵاتی خوای گەورە، کە چۆن و بە چ میکانیزم و رێسایەکی فیزیکی و هەندەسەیەکی ورد و سەرسوڕهێنەر، ئەم گەردوونە بەڕێوە دەبات و کارلێک و تەواوکاریان لە نێوان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار