بارزانی: پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە

15 كاتژمێر لەمەوپێش



وا بڕیارە ئەمڕۆ شەقامێک لەنێو پارکی 'ئۆندرێ سیترۆی' شارى پاریسى فەرەنسا شەقامێک بەناوی پێشمەرگە ناوبنرێت.

پێش مەراسیمەکە مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندى هەرێم سەردانى شارەوانى پاریسیان کرد، بارزانى بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند: پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدەین.

هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە.

هاوکات  ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ساڵی 2015 بوو، لە کاتی شەڕی داعشدا. ئەو کات سەرۆک بارزانی ئاگاداری کردمەوە پێش ئەوەی سەردانی سنوور بکەم و پاشان گەیشتمە هەولێر. ئەمەش چەند مانگێک پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس بوو.

هیدالگۆ گوتی: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسم کردن، ناوی ئەم ڕێڕەوەمان نا 'ڕێڕەوی پێشمەرگە' لە پاریس. چیرۆکی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی گەلی کورددا هەیە."

لەمەراسیمەکەى ئەمڕۆدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا، بەتایبەت پاریسی پایتەخت لە ڕێوڕەسمەکە ئامادە دەبن، فەرەنسا مەبەستیەتی بە کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتەکە ڕێز لە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە کوردستان بنێت.

پێش مەراسیمەکە ئان هیدالگۆ سەرۆکى شارەوانی پاریس دیارییەکى پێشەکەشی مەسعود بارزانی کرد، هاوکات بارزانیش ھەنگوینی کوردستان پێشکەشی سەرۆکى شارەوانی پاریس دەکات و دەڵێت: ھەنگوینی کوردستان باشترین ھەنگوینە.

پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕۆی پێشمەرگە" وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەن و بەشداری لە کردنەوەی رێڕۆکەدا دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار