گەورەترین هێرشی ئاسمانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند: روسیا گەورەترین هێرشی ئاسمانی شەوانە كردووەتە سەر وڵاتەكەیان و بۆ یەكەمجار، بارەگای حکومەتی ئۆکرانیا لە کیێڤ كراوەتە ئامانج و ئاگر لە بارەگەكە كەوتووەتەوە، هاوكات لە هێرشەكەدا سێ کەس كوژراون، لە نێویاندا منداڵێکی ساوا هەبووە کە تەرمەکەی لەژێر داروپەردودا دەرهێنراوەتەوە.
لاى خۆيەوە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ئاماژەی بەوەكردووە: سەوی رابردوو روسیا (٨٠٥) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و(١٣) موشەکی ئاڕاستەی وڵاتەکەیان کردووە و بەرگری ئاسمانی (٧٥١) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار مووشەکیان خستۆتە خوارەوە.
ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە دادەنرێت کە روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاری هێنابێت لە سەرەتای هێرشە سەربازیەكەیەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە مانگی شوباتی (٢٠٢٢) وە
دەسەڵاتی خۆجێی کیێڤ ڕایگەیاند، مووشەکێکی ڕووسیا بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمی لە ناوچەی سویاتۆشینسکی لە کیێڤ کەوتووە و لە ئەنجامدا منداڵێکی ساوا و ئافرەتێکی گەنج کوژراون.
ئیڤان فێدۆرۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی زاپۆریژیا ڕایگەیاند "ڕووسیا بە مووشەک و درۆن، چەندان باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باخچەیەکی ساوایانی لە شاری زاپۆریژیا پێکاوە و لەئەنجامدا 17 کەس بریندار بوونە."
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا هەروا ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ڕووسیا، شارۆچکەی کریڤی ڕی، زێدی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا، گرتووەتەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە ئایا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە یان نا.

